لە پشدەر دوایین شەپۆلی سەرما زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندووە

10:13 - 2023-04-05
ڕاپۆرت
304 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

کۆتا شەپۆلی سەرمای ئەمساڵ کە کۆتایی هەفتەی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وێڕای زیادکردنی رێژەی ئاوی ژێرزەوی و ژیاندنەوەی چەندین کانیاو و زیاترکردنی ئاستی ئاوی بەنداوەکان، هاوکات کاریگەریی نەرێنی کردۆتە سەر چەند بەروبوومێکی کشتوکاڵی کە ئێستا وەرزی گوڵ دەرکردن و چرۆ کردنیانە.
ترێ و بادەم و قەیسی زەرەرمەنيی ئەمجارەن
هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی راپەڕین، چەند رۆژی رابردوو شەپۆلێکی سەرما بەوێنەی سەرمای چلەی زستان رووی تێکرد، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دابەزین، ناوچە کوێستانییەکان زیاتر و سەنتەری ئیدارە و قەزا و ناحیەکانیش بەفری لێباری، لەکاتێکدا پێش ئەم شەپۆلی بەفر و بارانە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پشدەر رایگەیاندبوو، خاکی کشتوکاڵی پشدەر تێرئاو نەبووە و پێویستی بە زیاتر لە 600 میلیمەتر بارینی بارانە، بەڵام ئەم هەفتەیە بەفر و باران ئەو رێژەیەی تێپەڕاند و ئێستا 605 میلیمەتر باران لە قەڵادزێ باریوە.
حاجی رەسوڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پشدەر وێڕای دڵخۆشی بە زیادبوونی رێژەی ئاوی ژێر زەوی و ئاستی ئاوی زێی بچووک و دەریاچەی دوکان و ژیانەوەی چەندین کانیاو و کارێز، هاوکات باسی لەوەشکرد، سەرمای سەختی ئەمجارە و لەم وەرزی بەهارەدا، زیانی بۆ بەرهەمەکانی رەزی ترێ و بادەم و قەیسی و هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بووە کە ئێستا وەرزی گوڵ دەرکردن و چرۆکردنیانە، بە تایبەت لە ناوچە کوێستانییەکانی بناری قەندیل و ناحیەی هەڵشۆ، لەبەرئەوەی لەو ناوچانە پلەکانی گەرما بۆ خوارووی سفر دابەزین و ئەو کاریگەرییە تائێستاش بەردەوامە، ئەوەش زیانێکی زۆر بە جوتیارانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت.
هێشتا بەفر لەسەر رەز و باخەکان ماوە
جگە لە پشدەر، بەشێک لە گوندەکانی بناری ئاسۆس دوا شەپۆلی بەفربارین زیانی بەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان گەیاندووە. کەریم عەلی نیشتەجێی گوندی کانی تووە، رەزی ترێ و لەلایەکی دیکەشەوە بادەمی هەیە، ئەو دەڵێت: ئێستا وەرزی گوڵ دەرکرنی ترێ دێمەکارییەکەمانە، بەداخەوە ئەم شەپۆلی بەفرە کاریگەری زۆر خراپی بۆ سەری دەبێت و بێگومان بۆ سەر بادەمەکانیشمی دەبێت، بەزۆری پشت بەو دوو بەرهەمەم دەبەستم، بەفر و سەرمای زۆری ئەم جارە و لەم وەرزی بەهار و نەشونمایەدا رێگە بە چنینەوەی بەرهەمی باشی ترێ و بادەمی باش و زۆری هاوشێوەی ساڵانی پێشووم نادات. لە گوندەکەی کەریم تا نووسینی ئەم راپۆرتەش هێشتا بەفری سەرەتای ئەم هەفتەیە بەسەر رەز و باخەکاندا ماوە.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین جەخت لەوەدەکاتەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بۆ کشتوکاڵی ئەمساڵ بگونجێت و وشکەساڵی تێپەڕیوە، هاوکاتیش ئاماژە بەوە دەکات لە ناوچە کوێستانییەکانی سنوورەکە، لە پشدەر و بناری قەندیل و دۆڵی شاورێ زیان بە بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیشتووە کە جووتیاران لە چاوەڕوانی پێگەیشتنیدا بوون لە وەرزی هاویندا.
رێژەی بارانی ئەمساڵ بێ گرفتە
ئەمساڵ تائێستا لە رانیە 548 و لە قەڵادزێ 605 و حاجیاوا 312 و چوارقوڕنە 506 و سەرکەپکان 562 و گردجان 516 میلیمەتر باران باریوە، بەکۆی گشتی رێژەی ئاو لەمساڵدا بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە بێ گرفتە، هەروەها رێژەی ئاوی زێی بچووک و دەریاچەی دوکانیش کە کاریگەییەکی زۆری لەسەر پانتاییەکی فراوانی کشتوکاڵی ناوچەکە هەیە بەرزبووەتەوە، بەشێکی زۆر لە کانیاوەکانیش ژیاونەتەوە، لە سەنتەری رانیە سەرچاوەی ئاوی قولە کە لە سەرەتادا مەترسی وشکبوونی لەسەر بوو و سەرچاوەی دابینکەری ئاوی خواردنەوەی %60ی دانیشتوانی شاری رانیەیە، ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەرپرسانی پڕۆژەکەش ئاماژە بەوەدەکەن هیچ گرفتێکی ئاوی سازگار و خواردنەوە دوچاری دانیشتوان نابێت.

ناحیەی هەڵشۆ لە دواین شەپۆلی سەرمادا

بابەتە پەیوەندیدارەکان