پێگەی ژنان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

10:38 - 2023-04-05
ڕاپۆرت
380 جار خوێندراوەتەوە
#خۆپیشاندانێکی ژنان لە مەغریب

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەوڵەمەندە بە مێژوو و کەلتور و شارستانییەکان، لانکەی یەکەمین شارستانییەکانی‌ مرۆڤایەتی بووە لە میزۆپۆتامیاوە بۆ دۆڵی نیل و قرتاج، باکووری ئەفریقا، فینیقییەکان، ئاشوورییەکان، مادەکان، هیتییەکان و ساسانییەکان، هەروەها لانکەی سێ ئایینی یەکتاپەرستی (جوولەکە، کریستیانی و ئیسلام) بووە لەگەڵ زۆرێک لە ئایینە کۆنەکانی وەک زەردەشتی و مانەوی و ئێزیدی و چەندین بیروباوەڕ و مەزهەبی دیکە.
لەڕووی مێژووییەوە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشدارییەکی زۆری لە دەوڵەمەندکردن و بەرەوپێشبردنی شارستانیی مرۆڤایەتیدا کردووە، ئەو چوار پایەیەشی ئەو شارستانیەتانەی لەسەری بنیاتنراوە، عەرەب و فارس و تورک و کورد بوون، جگە لە چەندین نەتەوەی کۆنی دیکە وەک ئاشوورییەکان و ئەرمەنییەکان، ژنانیش بە درێژایی مێژوو لەم ناوچەیەدا رۆڵێکی دیاریان گێڕاوە و بەشداریی زۆریان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا کردووە، ئەم سەریەککەوتنەش زیاتر پەیوەندیی بەو کێشمەکێش و رێگرییانەوە هەیە کە پەیوەستن بە دۆخی جیۆسیاسی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە دوو دەیە بەسەر پەسەندکردنیدا تێپەڕیووە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 400 ملیۆن کەس دەبێت و نزیکەی 5٪ ی کۆی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ناوچەیە لەپشت زیاتر 50٪ ی رووداوە توندوتیژەکانی جیهانەوەیە.
بەداخەوە ئەمڕۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەدەست کورتهێنانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای مێژووی دەوڵەمەندی بە سامانەکانی (نەوت، گاز، کانزا...هتد) و هاوکات دەوڵەمەندە بەوەی دانیشتوانی زیاتر لە توێژی گەنجانن و 70٪ ی کۆی گشتی دانیشتوان  پێکدەهێنن، بەڵام لە زۆربەی بوارەکاندا زیاتر ژنان و منداڵان دەناڵێنن و زۆرترین قورسایی لەسەر ئەوانە نەک پیاوان.
ئەو ناوچانە بەدەست دۆخی ئابووری خراپەوە دەناڵێنن، ئەوەتا زیاتر لە 100 ملیۆن کەسی بێکاریان هەیە و نزیکەی 90 ملیۆن کەس بەدەست نەخوێندەوارییەوە دەناڵێنن، هاوکات 30% ی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، جگەلەوەی 24 ملیۆنیان ئاوارەن.
دەسەڵات و سەرچاوەکانیش لەلایەن کەمینەیەکەوە قۆرخ کراوە و زۆرجار بە میراتگری بۆیان دەمێنێتەوە و دەگمەنە بە ئارەزووی خۆیان یان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەستبەرداری ببن، دەبینین نزیکەی 70٪ ی دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەمەنیان لە خوار 35 ساڵەوەیە، 50٪ یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، ئەگەر ئەوان تەنها بتوانن وەبەرهێنانێکی دروست لە کەرتی گەنجاندا بکەن، ئەوا هەر ئەوە دەبێتە سەرمایەیەکی باش و دەرفەتێک بۆ ئەوەی پەرە بەخۆیان بدەن.
سوود وەرگرتن لە گەنجان
وا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تا ساڵی 2050 بۆ 700 ملیۆن کەس زیاد بکات، ئەگەر ئەوانەی سەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین ئامادەبن بۆ وەبەرهێنان لەم بەشەی دنیادا کە دانیشتووانەکەی بە خێرایی گەشە دەکات زیاتر سوودی دەبێت، لەبری وەبەرهێنان لە بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیرییدا، چونکە رەنگە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرەو ناسەقامگیری زیاتر بچێت و ببێتە بارگرانی و هەڕەشەی زیاتر بۆ ئاشتی و ئاسایشی ئەو ناوچەیە و جیهان بەگشتی، بەتایبەتی لەسایەی تەحەداکانی ئاسایشی خۆراک و کەمیی ئاو و زیادبوونی پێویستییەکان بۆ نەوت لە ئایندەدا.
وەکو دەزانرێت توندڕەوی لەم ناوچەیەدا، هانی توندڕەوی دەدات لە خۆرئاوا و بە پێچەوانەشەوە، بەو پێیە هەریەکەیان مشەخۆرێکە خۆراک لەوی دیکە وەردەگرێت و پەرەسەندنی ئەم دواییانەی توندڕەوی و توندوتیژی و هێزە تاریکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە خۆرئاوا تاکە رەنگدانەوەی ئەم واقیعەن.
ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاوی ئاژاوەگێڕییەکی بێوێنەدا دەژی، ئەوەش کاریگەریی و کاردانەوەکانی شەڕ و ململانێ یەک لەدوای یەکەکانی ئەو ناوچانەیەیە لەگەڵ دۆخی مرۆیی و ئەو هەلومەرجە کارەساتبارانەی ئاوارە و پەنابەران پێیەوە دەناڵێنن، هاوکات چالاکییەکانی داعش و ئەو گروپانەی کاریان بۆ دەکەن، هەڕەشەیەکی دیکەی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا. 
کۆیلایەتی سێکس
کۆیلایەتی سێکس پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، کە ژنان و کچانی کەمینە نەتەوەکانی عیراق و سوریا بە پاساوی ئایینی تاوانی بەکۆمەڵیان بەرامبەر کرا، هەروەها بەڵگە بوو بۆ لاوازیی چوارچێوە سیاسی و یاساییەکانی ئەو وڵاتانە، ئەنجامەکەشی نەبوونی رێسای دادپەروەرانەیە بۆ ئەوانەی رزگاریان بووە هەروەها نەبوونی رێوشوێنی یاسایی و ستانداردەکانی مافی مرۆڤ بۆ قوربانیان و تاوانبارانیش.
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر کاریگەرییەکانی توندڕەوی و توندوتیژی رەگەزیی کراوە بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 2242 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا تیشک دەخاتە سەر کاردانەوەی وڵاتە ئەندامەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ و ژن و منداڵ کراوە، لەگەڵ پێویستی بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن و گەشەپێدان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی یاسایی و سیاسی لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەی نوێ و کۆنەکان تاوەکو یەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە ناوچەکەدا بێتەدی.

بۆشایی نێوان هەژار و دەوڵەمەند
ئێستا خاڵی هاوبەش لەنێوان ناوچەی خۆرهەڵاتی  ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا بریتییە لەوەی بەردەوام بۆشایی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا فراوانتر دەبێت، بەو پێیەی هەژارەکان هەژارتر دەبن و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن، ئەمە جگە لە سیاسەتەکانی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە کە دژی گەنجان و ژنان دەکرێت لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی شکستخواردوو بۆ فرەچەشنی و نەبوونی پرەنسیپەکانی حوکمڕانییەکی باش و دیموکراسی و مافی ژنان و مرۆڤ، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، لێبوردەیی ئایینی، دۆگماتیزمی خێڵەکی، نایەکسانی جێندەری، دۆخی نەزانیی لە نێو گەنجاندا، هەروەها وەدەرنانی کەمینەکان و هەڕەشە بۆ سەر قەوارە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەفریقا لەلایەن گروپە توندوتیژەکانەوە و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگەکان بەسەر جیاکاریی نەتەوەیی و تائیفی و سیاسیدا، تا ئێستا لە مێژووی هاوچەرخدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا نەبووە ئەم شتانە هەمووی بەیەکەوە لە یەک کاتدا رووبدەن.
بێگومان کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەی یەکسانیی نییە، بەتایبەتی لە روانگەی یەکسانی نێوان رەگەزەکانەوە ئەوەش پەیوەستە بە فاکتەری جۆراوجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و ئایینی. لەگەڵ لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە ئاینییەکان و خراپ بەکارهێنانی سروشتی راستەقینەی ئایین لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانەوە هەیە کە چەوساندنەوە و توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن، ئەوانە هەمووی بۆتە هۆی دواکەوتوویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، زۆرجاریش کێشەکە ئەوەیە بەشێک لە ژنان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان نییە سەبارەت بە مافەکانیان یان متمانە بەخۆبوونیان نییە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی خۆیاندا بکەن، بۆ ئەوەی بەڕاستی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت چاکسازی لە کەلتوری یەکسانی و هەلومەرجی مافی جێندەر و باشترکردنی بارودۆخی ژناندا بکەین و هانیان بدەین بۆ گۆڕینی شێوازی رووبەڕوبوونەوەیان لەپێناو گۆڕینی هەلومەرجی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا و وەرگرتنی پێگە لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا تاوەکو ژنان تەنیا لەجێی خۆیانەوە چاوەڕێی گۆڕانکاری لە کەلتوری زاڵدا نەکەن، کە بریتییە لە کەلتوری پیاوسالاریی ئەوەی بە شێوەیەکی گشتگیر لە وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، هەروەها هەموارکردنەوەی دەستوور و یاسا و بەشداریکردنی ژنان لە بوارەکانی پەروەردە و سیاسەتدا بە تەنیا بەس نییە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان بۆ ئەوەی گۆڕانکاری رووبدات، بەڵکو پێویستە بەدواداچوون بکرێت بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
هێزی کاری گەنجان
لەگەڵ زۆریی نادادپەروەری و کەموکوڕی و بێدەسەڵاتی کە لە زۆرێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، بەڵام گەشەی بەرچاوی ئابووری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە هاتەدی و بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بوو، هەرچەندە ئەو نرخانە دیسانەوە دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی و کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو هەرێمانە دروستکرد، پاشان گەشەی خێرای هەلی کار، کە بزوێنەری کەرتی تایبەت بوو پاشەکشەی کرد، بۆیە ناوچەکە رووبەڕووی دوو تەحەدای گرنگ بۆوە یەکەمیان تەحەدای رەخساندنی هەلی کاری باشتر بۆ هێزی کاری گەنجان و خوێندەوار کە لە گەشەکردندایە و (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ساڵانە پێویستی بە 8 ملیۆن هەلی کاری نوێیە) سەبارەت بە تەحەدای دووەم، بریتییە لە هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکانیان و دوورکەوتنەوە لە کەرتە تەقلیدییەکان، وەکو کشتوکاڵ، سەرچاوە سروشتییەکان، بیناسازی و کارە گشتییەکان و گواستنەوە بۆ ئەو کەرتانەی توانای دابینکردنی هەلی کاری زیاتر و باشتریان هەیە بۆ گەنجان، ئەوەش تەنها لەڕێگەی ئەو وەبەرهێنەرانەوە دەکرێت کە توانای داهێنانی زیاتریان هەیە.
لەمڕووەوە دەبێت کەرتی تایبەت رۆڵێکی گەورەتر ببینێت و پێویستە بابەتی جێندەری وەک پرسێکی ناوەندی لە داڕشتنی سیاسەت و جێبەجێکردنیدا تەماشابکرێت، یەکسانی جێندەریش تەنیا بۆ ژن نییە، بەڵکو هاندەری گەشەکردنە و یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە، دۆخی ژنان لە ناوچەکەدا دەریدەخات دەیان ساڵە وەبەرهێنانی بەرفراوان لە کەرتە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە هۆی باشتربوونی بارودۆخیان لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردە لە هەمووشی گرنگتر کەمکردنەوەی ئاستی نەخوێندەواری و رێژەی منداڵبوون، سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانە نەبوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دامەزراندن و بەهێزکردنی پێگەی ژنان، دەبینین کەمتر لە یەک لەسەر سێی ژنان بەشداری هێزی کار دەکەن و ئەم رێژەیەش لە جیهاندا کەمترینە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی گەیشتنی ژنان بە دەرفەتە ئابوورییەکان سنووردار دەکەن.
لە ئابووریی جیهانیدا گرنگییەکی زۆر بە توانای فیکریی دەدرێت، بۆیە دەکرێت لە ناوچەکەدا سوود لە هێزی کاری ژنە خوێندەوار و بەتواناکان ببینرێت، چونکە گەشەی ئابووری تادێت زیاتر وابەستەی کوالیتی جۆرایەتی مرۆیی دەبێت و ژنانیش تاڕادەیەک وەک سەرچاوەیەکی بەکەڵک سوودیان لێ وەرنەگیراوە، بۆیە پێویستە پاڵپشتی کارگێڕی ژنان بکرێت و هاوکاری ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە لەلایەن ژنانەوە خاوەندارێتی دەکرێن و ئاستەنگەکان لەسەر رێی ئەو کۆمپانیایانە لاببرێت.
هاوکات پێویستە وەبەرهێنان لە کچانی هەرزەکاردا بکرێت، لە رێگەی بەستنەوەی ئەو خوێندنەی کچانی ئەمڕۆ وەریدەگرن بەو جۆرە کارەی لە دوارۆژدا دەیکەن، قۆناغی هەرزەکاری کاتێکی گرنگە بۆ دەستێوەردان و شکاندنی بازنەی هەژاری نێوان نەوەکان لە رێگەی هاوکاریکردنی کچان بۆ خوێندن و بوون بە خاوەن کار و وەستانەوە لە دژی زوو بەشوودان و زوو منداڵبوون، لەگەڵ وەبەرهێنان لەو هەلە ئابوورییانەی بۆ کچانی هەرزەکار دەڕەخسێنرێت کە کاریگەری گەورەی دەبێت بۆ گەشەی ئابووری.

سەرچاوە: جریده‌ الصباح

بابەتە پەیوەندیدارەکان