دوای رێکەوتنەکە هاووڵاتیان چاوەڕوانی خۆشگوزەرانی دەکەن

10:22 - 2023-04-06
ڕاپۆرت
256 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

دوای 10 ساڵ لە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا، خەونی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاتەدی و خۆشحاڵن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی حکومەتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆکردنەوەی داهاتەکەی لە هەژمارێکدا.
خواستی خەڵک و یەکێتی سەرکەوت، لە ماوەی رابردوودا سیاسیەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونبووە و داوایکردووە نەوت و داهاتەكەی لە پێناوی خەڵك و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیدا بێت، بەڵام پێچەوانەكەی كرا.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە زۆربەی دیدارە سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیاییەكانیشیدا پێداگری لەسەر ئەوە كردووە: «خەڵكی كوردستان لە خێر و بێری نەوت و غاز و داهاتەكانی دیكە سوودمەند بن و بكرێنە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی».
هەروەك لە پڕۆژەی یەكێتیی بۆ بەشداری لەكابینەی سودانیدا یەكێك لە خاڵەكانی ئەوەبووە: «نابێت قووتی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ناكۆكییە سیاسییەكان بكرێت و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغداش چارەسەر بكرێن بە بنەمای دەستووری».
ماڵ وێرانی ئابووری سەربەخۆ
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هاووڵاتیانی هەرێم نەهامەتی زۆریان بینی لە ئەنجامی بڕیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆ، هەر لە گرانی نەوت، غاز و بەنزین، دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا و چەندین ساڵ بڕین و بەناو پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچە بەبیانووی قەیرانی دارایی، دواکەوتنی گەشەی ئابووری و بوژاندنەوە، قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و دەیان قەیرانی دیکە کە بەرۆکی هاووڵاتیانی هەرێمی گرتبوو.
سۆران کەریم دەڵێت، بۆ رزگاربوون لە نەهامەتییەکانی ئەو نەوتەی 10 ساڵە بە سەربەخۆیی  دەیفرۆشن، خەونە دروستەکە هاتەدی و بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم، ئێستا باشترین کاتە بۆئەوەی خەڵکی هەرێم لەم دۆخە خراپە دارایی و ئابوورییە رزگاری بێت.
هاووڵاتی سەرتیپ عەزیز وتی، ئەوەی گرنگە ئەو رێکەوتنەی کراوە  سەربگرێت، هەموومان چاک دەزانین ئابووری سەربەخۆ ماڵ وێرانی بوو بۆ خەڵک، ئێستاش راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە گرنگە و داوای خەڵک بوو.
ئاڵا ئەحمەد کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەڵێت، دڵخۆش بووم بە رادەستکردنی نەوت بە بەغدا، بەهیواین ژیانمان باش ببێت و خۆشگوزەرانی روومان تێ بکات، چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی پاشەکەوتی مووچەکانمانین.
بیانووی قەیرانی دارایی نەما 
ساڵی 2011 نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو رێکەوتنی 50 ساڵەی کرد و بڕیاری دروستکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کورستان بۆ تورکیا درا، تەنها دوای دوو ساڵ و لە 15/10/2013 بۆ یەکەمجار نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بەشێوەی سەربەخۆ هەناردەی تورکیا کراو فرۆشرا، لە سەرەتای ساڵی 2014 دا بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و نەهامەتی رووی لە هاووڵاتیانی هەرێم کرد.
هاووڵاتی رەوەند تاریق دەڵێت، لای پارتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و حساب نەکردن بۆ بەغدا دەسکەوتە، رێکەوتن لەگەڵ بەغداو تەسلیم کردنی نەوتیش هەر دەسکەوتە ئەرێ تێمان گەیەنن ئەی شکست کامەیە؟
سەنا شاخەوان کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەت دەڵێت، بەئومێدی ئەوەی ئیتر نەگبەتی بەرمان بدات و مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرین، بیانووی قەیرانی دارایی نەما چاوەڕوانی پلە بەرزکردنەوە و زیادبوونی مووچەین کە چەند ساڵێکە راگیراوە.
هاووڵاتی ساکار زانا دەڵێت، ئەوەی گرنگە لەمەودوا شەفافیەت دروست دەبێت ئەوانەی بیانەوێت دەزانن رۆژانە چەند نەوت دەڕوات و چۆن و بە چەند دەفرۆشرێت، نەک ئەوەی 10 ساڵە بەرپرسانی حکومەت ژمارەی ناڕاستیان پێ دەوتین لە بەرهەم و بڕی فرۆشتن و داهاتی نەوتدا
سمکۆ عەزیز شۆفێری تەکسی وتی، دوای رێکەوتنەکە چاوەڕوانی هەرزان بوونی نرخی بەنزین و نەوت و غازین هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق، زۆر ناڕەوابوو لە کەرکوک لیترێک بەنزین بە 450 دینار بێت و لە هەرێم لیترێک لە خراپترین جۆری بەنزین بە 800 دینار بێت.
10 ساڵە هەرێم لە قەیراندایە
10 ساڵە هەرێم و خەڵكەكەی لە قەیراندان، گرنگە سیاسەتی نەوت و داهاتەكەی بخرێتە سەر رێڕەوە راستەكەی سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان داوای دەكەن و هەوڵیان بۆدەدا نەوت و داهات بۆ ژیانی شایستەی خەڵكی كوردستان بێت و ئەمە رێگە راستەكەیە.
هاووڵاتی سەڵاح سەیفەدین دەڵێت، ھاتنی بودجە بە بەردەوامی لە بەغداوە دەبێتە ھۆی دووبارە بوژانەوەی ئابووری و زۆربوونی ئیشوکار وەک پێش ساڵی 2014، لەم ماوەیەی رابردوودا ئەوە بۆ هاووڵاتیان سەلمێنرا هەرکات قوت و بودجەی خەڵک بەدەست بەغدا بووە ژیان و بژێوی خەڵکی هەژار مسۆگەرتر بووە.
لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسای دەستووری دەڵێت، ئەم رێکەوتنە ئەوەی باشە لەمەودوا نەوتی هەرێم بەنرخی جیهانی دەفرۆشرێت و شەفاف دەبێت، هەروەها هەرێم بەشدار دەبێت لە بەشداریکردن و زیادکردنی بودجەی عیراقدا بۆیە پێگەی لە بەغدا بەهێزتر دەبێت بۆ داواکردنی مافەکانی وەک لەوەی وەک مشەخۆرێک هەر پارە داوا بکات و ھیچ نەدات.
بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت دەتوانرا زۆر زووتر و سەربەرزانە تر، بە رەزامەندی خۆتان و دەستکەوتی زۆرەوە نەوتەکە رادەست بکەن، هەرچەندە ئەم قۆناغە تێ دەپەڕێت، بەڵام جێ برینی ئەم 10 ساڵە بە جەستەی خەڵکەوە دەمێنێت.
وتیشی، وشەی رێکەوتن بەکارمەهێنن، ئەمە بڕیارێکی دادگا بووە، ئەوکاتەی یەکێتی داوای دەکرد پێی دەوترا رێکەوتن ئەمەی ئێستا تەنها جێبەجێ کردنی بڕیارێکی دادگایە، دوای ئەوەی هەموو رێگەیەکتان لێداخرا نەتانتوانی دڵۆپێکیش بفرۆشن ئینجا دروشمی بەرژەوەندی گشتی و گوزەرانی خەڵک بەرزدەکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان