رۆژی 5/4/1991 مه‌فره‌زه‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه ژماره‌یان 12 كه‌س بوو، ئازایانه به‌رپه‌رچی سوپای به‌عسیان دایه‌وه و نه‌یانهێشت چیتر پێشڕه‌وی بكات كه ئه‌وسا سوپای عیراق سه‌رگه‌رمی كپردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین و داگیركرنه‌وه‌ی كوردستان بوو، خه‌ڵكیش كۆڕه‌ی ملیۆنیان رێكخستبوو، به‌ڵام ئه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه بووه ده‌ستپێكێكی باش بۆ راگرتنی هێرشی دوژمن و ئیتر له ته‌واوی كوردستاندا سوپای دوژمن كه‌وته شكسته‌وه و نه‌یتوانی پێشڕه‌ویی زیاتر بكات.
له شه‌ڕه‌كه‌دا دوژمن زیانێكی زۆری گیانی و ماڵی هه‌بوو، چه‌ند ده‌بابه‌یه‌كیشی پێكرا، دوای شه‌ڕه‌كه‌ش، یه‌كێتی هێزه‌كه‌ی خۆی چه‌ندقات زیادكرد و به‌رپه‌رچی چه‌ند هێرشێكی دیكه‌ی دوژمنیان دایه‌وه، پاش هه‌فته‌یه‌كیش حزبه‌كانی دیكه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی هه‌ریه‌كه‌یان به هێزێك به‌شدارییان له درووستكردنی هێڵی به‌رگری له ئه‌زمڕدا كرد.
به‌تالیۆنی گۆیژه
سوهاد خانه‌قینی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی 7ی گۆیژه، باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی به‌تالیۆنه‌كه‌یان ناردووه بۆ ئه‌زمڕ، ئه‌و به ئه‌ركێك له كه‌ناروێ بووه، پاش شه‌ڕی یه‌كه‌م گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ ته‌واوی به‌تالیۆنه‌كه‌یدا چونه‌ته ئه‌زمڕو به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی دواتریان كردووه، وتیشی: دوای ئێمه‌ش هێزی دیكه‌ی یه‌كێتی به سه‌رپه‌رشتی چه‌ندین فه‌رمانده‌ی دێرین گه‌یشتن و پاشان حزبه‌كانی دیكه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیش هێزیان نارده ئه‌زمڕ.
باسی له‌وه‌شكرد هێزێكی زۆر رژێم له پردی عه‌لی ئاغا و خوارتر هه‌بووه كه نیازیان وابووه له داهاتوودا هێرشبكه‌نه سه‌ر پێشمه‌رگه، بۆیه ئه‌و پێشنیازی بۆ فه‌رمانده‌ی گشتی به‌ره‌ی شه‌ڕی ئه‌زمڕ (جه‌بار فه‌رمان) كردووه كه به‌ر له‌وه‌ی دوژمن هێرش بكات، با ئه‌مان ده‌ستپێشبخه‌ن و هێرشی پێچه‌وانه بكه‌ن، بۆیه وتی: پارتی هێزی نه‌بوو، براده‌رانی حزبی شیوعیش ره‌بایه‌یه‌كیان هه‌بوو، له‌گه‌ڵ به‌شێكی تری هێزی یه‌كێتی سه‌نگه‌ره‌كانی سه‌رشاخیان قایمكردو باقی هێزه‌ی تری یه‌كێتی هێرشمانكرده سه‌ر دوژمن و تا ناو سلێمانی راونران.
باسی له‌وه‌شكرد دوای شكانی دوژمن، هێزه‌كانی یه‌كێتی گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر شاخ و له‌سه‌ر داوای جه‌بار فه‌رمان كه وتوویه‌تی با پارتیش به‌شداری له هێڵی به‌رگریدا بكات، یه‌كێك له ره‌بایه‌كانیان داوه‌ته ئه‌وان، به‌پرسانی پارتیش وتویانه ئێوه ده‌مێكه لێره‌ن، بۆ شاره‌زایی دوو پێشمه‌رگه‌مان بده‌نێ و ئه‌وانیش دوو پێشمه‌رگه‌یان له لا داناون به‌ناوه‌كانی (ئیسماعیلی خوله‌كورده و عه‌لی به‌رزنجی)، به‌ڵام شه‌و كه حكومه‌ت هێرشی كردبووه سه‌ریان، براده‌رانی پارتی به‌خێرایی ره‌بایه‌كه‌یان چۆڵكردبوو به‌بێ ئه‌وه‌ی دوو پێشمه‌رگه‌یه ئاگاداربكه‌نه‌وه كه یه‌كێتی وه‌ك چاوساغ له‌لای دانبوون، بۆیه كاتێك عه‌لی و ئیسماعیل به‌خۆیان ده‌زانن، دوژمن گه‌یشتبووه سه‌ریان، ئه‌وانیش له‌سه‌ره‌تادا ئازایانه شه‌ڕیان كردووه، سه‌رئه‌نجام عه‌لی به برینداری كه‌وتۆته ده‌ستی دوژمن و تا ئێستاش شوێنبزره، ئیسماعیلیش شه‌هیدبووه.
وتیشی: دوژمن له هێرشه‌كه‌یدا ئه‌و ره‌بایه‌یه‌ی پارتی و دانه‌یه‌كی تریشی گرت، شه‌وه‌كه‌ی ئێمه هێرشمانكرد و یه‌كێك له ره‌بایه‌كانمان وه‌رگرته‌وه، به‌وجۆره زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕ روویدا تا سه‌رهه‌ڵدانی گفتوگۆی به‌ره‌ی كوردستانی و حكومه‌تی عیراق.
ده‌بابه‌كان پێكران
پێشمه‌رگه‌ی دێرین تالیب مۆریاسی كه فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌م شه‌ڕی ئه‌زمڕه، وتی: له قه‌ڵاچوالان كاك جه‌بار فه‌رمان هات بۆلامان پرسیاری سوهاد خانقینی-ی كرد، وتم به ئه‌ركێك رۆیشتووه، ئه‌ویش وتی: مام جه‌لال له سنووره‌كه‌یه، بڕیاره ئێره بكرێته سه‌ركردایه‌تی، بۆیه ده‌بێت تۆ‌و پۆلێك پێشمه‌رگه بچنه ئه‌زمڕو به‌رگری بكه‌ن. ئیتر جیهازێكی دامێ بۆ په‌یوه‌ندی و دانه‌یه‌كیش لای خۆی بوو.
وتیشی: 12 پێشمه‌رگه گه‌یشتینه سه‌ر شاخ و سه‌نگه‌رمان لێدا، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له جوڵه‌ی دوژمن ئاگاداری كردین، سه‌یرمانكرد جاده‌وجاده دێنه سه‌ره‌وه، ئێمه‌ش كتوپڕ لێیان هاتینه ده‌ست، دوو ئۆتۆمبێل و جیهازی راكاڵ و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆریان كه‌وتنه ده‌ستمان، كوژراویشیان زۆر بوو، ئه‌وه‌ی زۆر خۆش‌بوو ژماره‌یه‌كی زۆر پاكه‌تی خورمایان كه‌وتنه ده‌ست ئێمه، كه زۆر پێویستمان بوو.
باسی له‌وه‌شكرد دوژمن پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له شكسته‌كه‌ی، هێرشێكی به‌ر بڵاوی بۆكردوونه‌ته‌وه به پشتیوانی هێلیكۆپته‌ر و تۆپبارانی چڕ، ئه‌وانیش ئه‌گه‌رچی ژماره‌یان كه‌م بووه، به‌ڵام خێرا پێشمه‌رگه‌كانی به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانه‌وه دامه‌زراندووه‌و تا ئێواره شه‌ڕ درێژه‌ی كێشاوه، له ئه‌نجامدا دوژمن شكاوه و سێ ده‌بابه‌ش پێكراون.
دواتر زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕ رویدا‌و من له یه‌كێكیاندا برینداركرام.