مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسیی كوردستان و مه‌شخه‌ڵێكی داگیرساوی بیری نوێ و پێشكه‌وتنخواز.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د فه‌تاحزاده مسته‌فا، به چه‌ند ناوێكی تریش (بله - برایم ئه‌حمه‌د- بله‌ی ئه‌حه‌ڕه‌ش) ناسراوه. 6/3/1914 له سلێمانی له‌دایكبووه، باوكی دۆستێكی نزیكی شێخ مه‌حمود بووه، ره‌مزی مامی ئه‌فسه‌ری سوپای عوسمانی بووه و كاتی دامه‌زراندنی حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی رووناكبیر و به‌ئه‌زموون به‌شداری ئه‌و خه‌باته‌ی كردووه.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، خراوه‌ته حوجره و پاشان قوتابخانه و تا پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیی له سلێمانی و پۆله‌كانی سێیه‌می ناوه‌ندی و دوو پۆلی لقی ئه‌ده‌بیی ئاماده‌یی و كۆلێجی حقووقی (1937) له به‌غدا ته‌واو كردووه، مامه ره‌مزیی زۆر كاری تێكردووه و له خوێندنیشدا هاوكاری سه‌ره‌كیی بووه.
له زانكۆی به‌غدا (هه‌مزه عه‌بدوڵڵا)ی ناسیوه و ساڵی 1937 به هاوكاریی ئه‌و، نامیلكه‌ی (العرب والاكراد) یان به‌عه‌ره‌بی بڵاوكردۆ‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك باسی مافی نه‌ته‌وه‌كانی عیراقی كردووه، شایه‌نی وه‌رگرتن و تێگه‌یشتن بێت، چه‌ند بابه‌تێكیشی وروژاندووه، كه له سه‌رده‌مه‌كه‌یدا سه‌ركێشی بوون و باسی مافی چاره‌ی خۆنووسینی كوردیشی تێدا كراوه، ئه‌مه‌ش هه‌رایه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه و قه‌ده‌غه كراوه و هه‌ردووكیان دراونه‌ته دادگا.
له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا، سه‌ره‌تای ساڵانی سی، كۆمه‌ڵی (لاوانی كورد)یان له به‌غدا پێك هێناوه و دوو گۆڤاری (یادگاری لاوان) و (دیاریی لاوان)یان ده‌ركردووه. ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵ بووه، كه له رۆژنامه‌ی (ژیان)دا كاری كردووه و هاوڕێی نزیكی فایه‌ق بێكه‌س و گۆران بووه.
ساڵی 1939 به پشتیوانیی كوردێكی فه‌یلی (محه‌مه‌د باشقه 1890-1980) مۆڵه‌تی گۆڤاری (گه‌لاوێژ)ی وه‌رگرتووه، سه‌ره‌تا زۆربه‌ی كاروباری گۆڤاره‌كه‌ی به ته‌نها راپه‌ڕاندووه. 1942 ناچار كراوه وه‌ك حاكم له شاری هه‌ولێر دابمه‌زرێت و ئه‌وه‌نده‌ی پێ‌نه‌چووه گوازراوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه، په‌یوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ رووناكبیرانی ئه‌و دوو شاره‌دا هه‌بووه. كاتێك میری ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیووه، ناچار لە ئابی 1944دا وازی له حاكمی هێناوه و هاتۆ‌ته‌وه بۆ سلێمانی و كاری پارێزه‌ری كردووه.
عه‌لائه‌دین سه‌جادی 1915-1984 هاوكاری سه‌ره‌كیی گۆڤاره‌كه بووه و تا 1949 به‌رده‌وام بووه و 118 ژماره‌ی به 105 به‌رگ بڵاوبۆ‌ته‌وه. 1947 وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری پارتی ده‌ركه‌وتووه و له 1949ـه‌وه، نزیكی دوو ساڵ زیندانی كراوه، به بیانووی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی گۆڤاره‌كه (زیندانی)یه، ئیتر راگیراوه.
له 1944ـه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند تێكۆشه‌رێكی تردا كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك)یان دامه‌زراندووه و ئه‌میش وه‌ك لێپرسراوی لقه‌كه هه‌ڵبژێراوه. توانیویانه له زۆربه‌ی كوردستاندا، لقی به‌هێز بۆ (ژ.ك) و پاشان بۆ (حدك) دروست بكه‌ن.
كاتێك بۆ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی پارتی بانگ كراوه، حه‌زی نه‌كردووه بچێته ریزه‌كانی پارتی و لقی (ژ.ك) هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كه (حزبی دیموكراتی كوردستان) له‌سه‌ر بنه‌ماكانی (ژ.ك) دامه‌زراوه، ئه‌وانیش لقه‌كه‌ی خۆیان كردۆ‌ته قوربانی ئه‌و پارته سیاسییه و دواتر چوونه‌ته‌وه ریزی (پارتی دیموكراتی كورد- عیراق) و هه‌ندێكیشیان چوونه‌ته ناو (حشع) و ئه‌م، كراوه‌ته‌وه به لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی.
ساڵی 1947 كاتێك گه‌لاوێژخان ده‌بێته 17 ساڵ، مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د له ته‌مه‌نی 33ساڵیدا هه‌ڵیده‌بژێرێت تا ببێته هاوژینی، ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ی نێوان گه‌لاوێژخان و مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د زیاتر له نیوسه‌ده‌ی خایاند (1947-2000) هیچ پێشینه‌یه‌كی ئه‌وینداریی و دڵداریی نه‌بووه كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك له هاوسه‌رگیریی دڵداران و ئه‌ویندارانه‌وه كه به‌جیابوونه‌وه یان ژیانێكی دوور له به‌خته‌وه‌ریی و پڕ له ناسۆر و ناخۆشیی كۆتاییان دێت، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی ئه‌وان پڕ ده‌بێت له خۆشه‌ویستیی سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ناڕه‌حه‌تیی و ناخۆشییانه‌ی له ژیانیاندا به‌رۆكیان ده‌گرێت.
له‌م بواره‌دا گه‌لاوێژخان، مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د به"شاسواری خه‌ونه‌كان" ناوده‌بات، نازناوێك كه به‌رزترین ئاسته‌كانی ره‌زامه‌ندیی له پیاو-هاوسه‌ر و خۆشویستنی له‌دڵی خێزانه‌كه‌یدا ده‌خاته‌ڕوو. له‌م رووه‌وه باسی چوونه نێوكه‌ژاوه‌ی زێڕین ده‌كات وده‌ڵێت، "له ساڵی 1947 دا بوو ژیانی هاوسه‌ریم له‌گه‌ڵ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د پێكه‌وه‌نا، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی رۆشنبیری كوردپه‌روه‌ر، خۆنه‌ویست و فیداكار، باوكی هێرۆ، ئه‌سپ سواره‌كه‌ی خه‌ون وخه‌یاڵم بوو".
دوای ئازادبوونی و سه‌ره‌تای مارتی 1951، به‌شداریی دووه‌م كۆنگره‌ی پارتی كردووه له به‌غدا، بۆچوونی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی یه‌كخستووه، به كۆی ده‌نگ وه‌ك سكرتێری گشتیی پارتی هه‌ڵبژێرراوه. به‌پێشنیازی ئه‌م، كۆنگره ناوی پارتی گۆڕیوه و به‌رنامه‌ی پێشووی به‌لاوه ناوه و بڕیاریداوه پڕۆگرامێكی نوێ و پێشكه‌وتووخوازی چه‌پتری هه‌بێت. له‌م كاته‌دا، به خه‌رجی خۆی رۆنیۆیه‌ك و تایپێكی بۆ پارتی كڕیوه.
ئه‌و رێبازه نوێیه‌ی پارتی، بووه‌ته هۆی نزیكبوونه‌وه له (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)، له عیراقیشدا له‌گه‌ڵ (حزب وحده الشیوعیین) و (حزبی نیشتمانیی دیموكراتی) و (حیزبی شیوعیی عیراق)دا، په‌یوه‌ندیی هاوخه‌باتی به‌ستووه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی (حشع) دان به‌مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كورد دا ناوه، كه ئامانجێكی سه‌ره‌كیی ئه‌م بووه و پاشان له پڕۆگرامی پارتیشدا جێی كردووه‌ته‌وه.
نێوانی له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د دا هه‌بووه و پێشه‌وا به (بیله- بیلبیله‌ی چاو) ناوی بردووه، ئه‌میش به (شینی پێشه‌وا) سۆزی بۆ له‌سێداره‌دانی ده‌ربڕیوه. خه‌مخۆری كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان بووه، ئه‌و كاته‌ی سكرتێری گشتیی پارتی بووه، هه‌ندێک ئه‌ندامی پارتی بۆ توركیا ناردووه، له پێناوی خوێندن و دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانی كوردپه‌روه‌ر و چه‌پڕه‌ودا، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا پێشوازی له د.قاسملو كردووه و هاوكاریی نێوانی پارتی و (حدكا)ی خۆشتر كردووه.
له كۆنگره‌ی سێیه‌مدا، كه به رێبه‌ریی خۆی له كه‌ركوك (26-27ی كانوونی دووه‌می 1953) به‌ستراوه، پەیڕه‌و و پڕۆگرامی نوێی بۆ پارتی داڕشتووه و به‌ره‌و خه‌باتی هه‌موو چین و توێژه‌كانی بردووه، هه‌روه‌ها پێشنیازی دامه‌زراندنی (یه‌كێتی)ی قوتابیان و لاوان و ژنانی كوردستانی كردووه و به رێنوێنیی ئه‌م هه‌رسێكیان دامه‌زراون. نووسینگه‌ی داكۆكیكردنیان له پێناوی خه‌باتی چیانیه‌تیدا كردووه‌ته‌وه، به‌كرده‌وه‌ش به‌رگرییان له جووتیاران كردووه، له‌م خه‌باته‌دا، م.برایم ساڵی 1954 كراوه‌ته ئامانجی ئاغایه‌ك و به خه‌ستی بریندار كراوه.
ساڵی 1954 رۆڵی سه‌ركه‌وتووی له یه‌كخستنی (حشع)دا هه‌بووه، هه‌مان ساڵ و دوای هاتنه سه‌ركاری نووری سه‌عید، ماوه‌یه‌ك خۆی شاردۆ‌ته‌وه و به نهێنی خه‌باتی كردوه. ساڵی 1955 به پێشنیازی ئه‌م و بۆ یه‌كه‌مجار، چه‌ند خوێندكارێكی كورد (كه سه‌رۆكی وه‌فده‌كه مام جه‌لال بووه)، نێردراونه‌ته فێستیڤاڵی لاوان و خوێندكارانی جیهان له وارشۆ، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانیان په‌یوه‌ندیكردن بووه به (مه‌لا مسته‌فای بارزان) له سۆڤێت و سه‌ركه‌وتوو بوون.
ساڵی 1956، به هه‌وڵی ئه‌م، باڵه‌كانی پارتی یه‌كخراونه‌ته‌وه و (پ.د.ی.ك) دروست بووه. ساڵی 1957 ویستوویه‌تی سه‌ر له جه‌مال عه‌بدولناسر بدات. 16ی ته‌مووزی 1958 كۆمیته‌ی ناوه‌ندی (پ.د.ك) كۆبوونه‌ته‌وه و له‌سه‌ر پێشنیازی ئه‌م، بڵاوكراوه‌یه‌كیان ده‌ركردووه و پشتگیری‌یان بۆ شۆڕشه‌كه نواندووه.
له‌پێناوی چه‌سپاندنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له ده‌ستووری كاتیدا، 27ی ته‌موز به‌سه‌رۆكایه‌تیی م.برایم و نوێنه‌ری شاره‌كانی كوردستان، سه‌ریان له به‌غدا داوه. هه‌وڵی زۆریانداوه ئۆتۆنۆمی بخه‌نه ده‌ستووری كاتییه‌وه، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و توانراوه بڕگه‌ی (كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له نیشتماندا) بخرێته ده‌ستووره‌كه‌وه. دیداری بارزانیی له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسردا رێكخستووه، كه سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری بۆ م.برایم دروستكردووه به تایبه‌ت لای عه‌بدولكه‌ریم قاسم.
ره‌زامه‌ندیی رۆژنامه‌ی (خه‌بات) وه‌رگرتووه و یه‌كه‌م ژماره‌ی له 4/4/1959 ده‌رچووه، كه بڵاوكراوه‌یه‌كی رۆژانه‌ی پڕ تیراژی پێشكه‌وتووخواز بووه. زۆربه‌ی سه‌روتاره‌كان خۆی نووسیونی و سه‌رپه‌رشتی هه‌موو به‌شه‌كانی كردووه، په‌یداكردنی چاپخانه‌كه‌ش، هه‌ر به ده‌ستپێشكه‌ری و كۆششی ئه‌م بووه. دواتر ئیمتیازی (خه‌بات)ی داوه به‌پارتی و مۆڵه‌تی رۆژنامه‌ی (كوردستان)ی وه‌رگرتووه و (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) كردۆ‌ته سه‌رنووسه‌ری، كه ته‌نها پێنج ژماره‌ی لێ ده‌رچووه.
وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتی شاخ به‌شداری له شۆڕشی ئه‌یلوولی 1961دا كردووه، تا 1964 كه به ناوی (باڵی مه‌كته‌بی سیاسی) له پارتی جیابوونه‌ته‌وه، ناكۆكییه‌كه تا 1971 به‌رده‌وام بووه و ئه‌وسا بوونه‌ته‌وه به پشتگیری شۆڕش.
پاش 1975 له له‌نده‌ن نیشته‌جێ بووه. چالاكییه‌كانی ده ساڵی دوایی ته‌مه‌نی، له پێناوی چالاكیی كوردستانی گه‌وره‌دا ته‌رخان كردووه و گۆڤاری (چریكه‌ی كوردستان) یان ده‌ركردووه. ئێواره‌ی 8/4/2000 له له‌نده‌ن كۆچی دوایی كردووه و له (گردی سه‌لیم به‌گ) له سلێمانی نێژراوه.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به دیارترین كه‌سایه‌تیی سیاسیی قۆناغی دوای شێخ مه‌حمودی حه‌فید داده‌نرێت، به تایبه‌ت له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستدا له بواری نووسیندا، سه‌ره‌تا وه‌ك رۆمانتیكێكی شۆڕشگێر ده‌ركه‌وتووه، دواتر چووه‌ته سه‌ر رێبازی ریالیزم، ئه‌وسا وه‌ك په‌خشاننووسێكی كارامه ده‌ركه‌وتووه. شاعیر و كوردیزانێكی باش بووه و چه‌ندین داهێنانی له وشه‌سازیی كوردیدا كردووه.
له رۆمان و چیرۆكنووسیندا پێشه‌نگی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بووه، كوێره‌وه‌ری و ژانی گه‌ل و دوا تیری كه‌وان، به شاكاری ئه‌و قۆناغه داه‌نرێن. تا ساڵی 2010 نزیك به 26 كتێب و سیپاره‌ی چاپكراوی هه‌یه (رۆمان، كورته چیرۆك، وه‌رگێڕان، شیعر و په‌خشان، مێژوو، زمانه‌وانی و رۆژنامه‌گه‌ری... هه‌ندێكیان چه‌ند جارێك چاپ كراونه‌ته‌وه)، 17 كتێب له‌باره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی و له 26 كتێبیشدا، بابه‌تی له‌باره‌وه نووسراوه.
ساڵی 2001 رێكخراوی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) دامه‌زراوه، كه ساڵانه (خه‌ڵاتی بله) پێشكه‌ش به كه‌سایه‌تییه دیار و سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌كات. ساڵی 2007 (جه‌میل رۆسته‌می) كاری ده‌رهێنانی بۆ ڕۆمانی (ژانی گه‌ل) كردووه و له لایه‌ن (كۆمپانیای سولی فیلم)ـه‌وه به‌رهه‌مهێنراوه.
بۆیه مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسیی كوردستان بووه، له بواره‌كانی ئه‌ده‌بی و رووناكبیریشدا قه‌ڵه‌مێكی دیار و مه‌شخه‌ڵێكی داگیرساوی بیری نوێ و پێشكه‌وتنخواز بووه و له هه‌موو قۆناغه تاریكه‌كاندا به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك چرایه‌كی رۆشن‌و پرشنگدار كوردستانیان روناك كردۆته‌وه.
سه‌رچاوه:
1. بوارنوره دین:- كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، په‌یجی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د ،سوودی ته‌واو له بابه‌ته‌كه وه‌رگیراوه به‌سوپاسه‌وه
2. رۆژنامه‌ی ژیان، چواره‌م به‌رگ- به‌شی یه‌كه‌م، ڕه‌فیق ساڵح و سدیق ساڵح، بڵاوكراوه‌ی بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2005، ل22.
3. مه‌لا به‌ختیار: بیره‌وه‌ری ئه‌مڕۆ. 1963 لامه‌ركه‌زیه‌ت و یاداشتی پارتی بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی،2000: كۆچی دوایی برایم ئه‌حمه‌د و گه‌لاوێژی دره‌وشاوه
4- پوخته‌ی ژیاننامه‌ی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌دی نه‌مر، مام جه‌لال تاڵه‌بانی، بڵاوكراوه‌ی مه‌كته‌ب رێكخستنی (ی.ن.ك)، سلێمانی، ئۆفسێتی رووناكبیری، 2001.
5. ژانی گه‌ل، برایم ئه‌حمه‌د، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ (ئاراس)، هه‌ولێر، 2010، پێشه‌كی: كه‌مال فوئاد، كورته‌یه‌ك له ژیاننامه‌ی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: جووتیار.
6. خه‌لیل عه‌بدوڵڵا: گه‌لاوێژ ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كه‌ی ئاسمانی كورده‌واری، 11/12/2015
7. فه‌خره‌دین تاهیر: چه‌ند په‌یڤێك بۆ (16)مین ساڵوه‌گه‌ڕیی كۆچی دوایی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د..!
8-مه‌لا به‌ختیار: بیره‌وه‌ری ئه‌مڕۆ.. ژماره (200)... (1/12/2015) سێشه‌م، *1914: له سێداره‌دانی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی
9.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- بیبلیۆگرافیا و پێڕستی له كتێبی كوردیدا 1959-2010، ئا: بوار نووره‌دین، بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و ڕاگه‌یاندنی خاك، چاپی یه‌كه‌م، چ(جه‌نگه‌ڵ)، تاران، 2016
10- په‌یجی ژێكاف :-مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د
لاواندنه‌وه‌یه‌ك بۆ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د (١٩٠٠ - ١٩٤٧ز)،
11- بارزان شێخ عوسمان: برایم ئه‌حمه‌د، ئه‌و رابه‌ره‌ی نه‌وه‌كانی فێری خه‌باتی كوردایه‌تیی و كوردستانیی كرد. كوردستانی نوێ
12- Galawezh.comسوود وه‌رگیراوه له چه‌ندین بیره‌وه‌ری و نووسینی گه‌لاوێژخان، هاوسه‌ری مامۆستا برایم ئه حمه د
13- خه‌لیل عه‌بدوڵڵا: برایم ئه‌حمه‌د مه‌شخه‌ڵی بیری نوێ
14- ژینۆ عه‌بدوڵڵا: خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی برایم ئه‌حمه‌د و شیعرییه‌ت له لایه‌ن پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم-ه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، سایتی خاك تیفی ،2016/4،6، كه كۆی بابه‌ته كه به‌سوپاسه‌وه وه‌رگیراوه.
15- بارزان شێخ عوسمان: گۆڤاری گه‌لاوێژ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رێبازی كوردایه‌تی و فكری سه‌ربه‌خۆی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كوردستانی نوێ 2016-4-8، كوردستانی نوێ
16- پاشكۆی به‌ره‌و روناكی كوردستانی نوێ كه تایبه‌ت بووه به‌مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، 2016-4/8
17-مامۆستا محه‌مه‌د: هه‌ندێك له هه‌ڵوێسته‌كانی مامۆستا برایم ،په‌یجی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ئا/ دێكان بهادین ته‌ها - كاوان ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح هه‌ڵه‌بجه‌یی
PUKmedia