.جەژنی قیامە لە گوندی هەرمۆتەی شاری کۆیه بەڕێوەچوو

10:32 - 2023-04-09
ڕاپۆرت
327 جار خوێندراوەتەوە

هاوژین عەبدولواحید

ئەمڕۆ یەکشەمە 9ی نیسان،  کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە بە چەندین رێوڕەسمی ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی جەژنیان بەڕێکرد، کە بە گرنگترین جەژن لە ئایینی مەسیحیدا دادەنرێت لە دوای 50 رۆژ بەڕۆژوبوون، بەشێوازیکی زۆر گەرموگوڕ لەگەڵ یەکتری دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و بەڵێنی تەبایی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانیان دوپات کردەوە.
هەر لەمبارەیەوە  د.هاوژین سلێوە نووسەر و مامۆستای زانکۆ وتی: دوو جەژنی سەرەکی هەیە لە ئاینی مەسیحیدا یەکێکیان لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحە کەدەکەوێتە 1/1 ئەوەی تریان جەژنی رابوون قیامە کە دەکەوێتە مانگی چوارەوە لەناو ئەو دوو جەژنەشدا کۆمەڵێ جەژنی ئامادەسازیمان هەیە پێش هاتنی جەژنەکان بۆ نموونە رۆژانی پێنج شەممە ـ جومعە ـ شەممە هەر یەکێ لەو رۆژانە کۆمەڵێ ئەرکی ئاینیمان جێبەجێ کرد کە بریتی بوون لەسروودە ئاینییەکان و شۆردنی قاچی 12 منداڵ کە قەشە ئەم کارە دەکات ئەوەش رەمزێکە بۆ ئەوەی کە حەزرەتی مەسیح 12 هاوکاری هەبوو کە ئاینی مەسیحییەتیان لە جیهاندا بڵاو کردۆتەوە هەروەها ئەوە نیشانەدات شۆرینی قاچ کاتی خۆی حەزرەتی مەسیح قاچی خوێندکارەکانی خۆی شوشتووە مانای سادەیی ئەو نیشان دەدات.
شێوازی بەڕۆژووبوونەکەشمان بەم شێوەیە
 50 رۆژە له 12 شەو تا 12 نیوەڕۆ، دوای ئەوەی کە رۆژوەکەت شکاند 12 نیوەڕۆ تەنها ئەو شتانە دەخورێت کە نەباتین واتا ئەوەی لەخوێن دروستبووبێ ناخورێ وەک گۆشت و بەرهەمەکانی،
هاوکات گرنگرین تایبەتمەندی ئەم جەژنەش ئەوەیە کە تێیدا هێلکە رەنگ دەکرێت و دادەنرێت ئەوەش بەو مانایەی کە هێلکە رەمزی جوانی و بەردەوامی و خۆشەویستییە وەک ئەوەی ئەو هێلکەیە سەرەتا بێگیانە بەڵام دوای 21 رۆژ دەبێتە شتێکی زیندوو جوجکی لێ دروست دەبێت  بەو مانایەی کە حەزرەتی مەسیح هەمیشە زیندووە و مانای زیندووێتی دەبەخشێ، هەروەها برا ئێزیدییەکانیش ئەم هێلکە رەنگاوڕەنگەیان هەیەو وەک نەریتێک لەلای ئەوانیش ماوەتەوە.
 بە گوتنەوەی کۆمەڵێ گۆرانی و پیرۆزباییەکانی جەژن رازاوەتر بوو 
〞پشتیوان کاکل“ وەک هونەرمەندێکی موسڵمان کە بەشداربوو لەم جەژنە وتی:  پیرۆزبایی جەژن لەبرا مەسیحییەکانم دەکەم هیوادارم هەمیشە لەخۆشیدابن و  من بەردەوام لە خۆشی و ناخۆشییەکان لەگەڵیان بووم و ئەمڕۆکەش به ئامێری دەف بەشداریم کرد لە جەژنەکەیان هیوادارم توانیبێتم بۆ کەمێکیش بێت دڵخۆشیان بکەم ئێمە لەباب و باپیرانەوە پێکەوەژیانمان سەلماندووە و هەرواش دەبین.

هەست بە دڵخۆشییەکی تەواو دەکرێت لەم گوندە لە ماڵەکانی خۆیانەوە بە نوقڵ و شیرینییەوە پێشوازی دەکەن له میوان هەرلەم بارەیەشەوە ئەنجومەنی گوندی هەرمۆتە
مامۆستا ریاز وتی: جەژنی قیام لەخاچدانی حەزرەتی مەسیح پێغەمبەر خەڵکەکە بە گوڕوتینێکی جیاوازتر جموجوڵ دەکەن وەک لایەنێکی رۆحی هەست بەخۆشی دەکەن.
قەشە زەیا قەشەی کەنیسەی کۆیە وتی: پیرۆزبایی لەتەواوی مەسیحییەکانی جیهان دەکەم بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئەمڕۆ ئێمەش لە شاری کۆیە لەگوندی هەرمۆتەی زێدی باب و باپیرانمان ئەمڕۆژە پیرۆز دەکەین.
ئەوەی کە شاری کۆیە جیادەکاتەوە لە شوێنەکانی تر کۆمەڵێک تایبەتمەندییە یەکێک لەوانە پێکەوەژیانی نێوان ئێمەو برا موسڵمانەکانە لەڕووی زمان و کەلتور و داب و نەریت و هاوکاری و هەماهەنگی و هاوسۆزیمانە  لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکدا پێکەوەبووین 
هەربۆیه ئەمڕۆ برا موسڵمانەکان بەکۆمەڵ و دەستە دەستە هاتوون بۆ پیرۆزبایی خاڵێکی تر بەڕۆژووبوونی ئێمە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕۆژووبوونی ئەوان بەڵام بە دوو رێگاو ئاینی جیاواز، کە هەریەکەیان بە رێگە و ئاینی خۆیان بە ئامانجی رازیکردنی خودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان