رێوشوێن بۆ فڕێنەدانی خۆڵ و خاشاك لە شوێنی گشتی دەگیرێتەبەر

09:44 - 2023-04-10
ڕاپۆرت
310 جار خوێندراوەتەوە
#زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


رۆژانە سەدان كرێكاری پاككەرەوە و دەیان ئۆتۆمبێل كاری كۆكردنەوە و پاككردنەوەی شاری هەولێر لەخۆڵ و خاشاك دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكێكی زۆر خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی خانووی روخاو لەسەر شەقام و شۆستەی ئەو شارە فرێدەدەن بەتایبەتی لەناو ئەو كەندەی بەدەوری شاردا بۆ رێڕەوی ئاوی باران لێدراوە و پێی دەڵێن (كۆڕنیش) ئەوەش سیمایەكی ناشیرینی بە شارەکە بەخشیوە جگە لەوەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەی بێزارکردووە.
سامی مەحمود دانیشتوی گەڕەكی فەرمانبەرانە لەنزیك كەندی كۆڕنیش و دەڵێت، شەوانە خەڵك زبڵ و خاشاك لەناو ئەو كەندە فڕێدەدەن و نازانین كێیە، جگە لەپاشماوەی ماڵان پاشماوەی خانووی روخاو و سەقفی سانەوی و تەپەدۆر دێنن لێرە فڕێیدەدەن بۆن و پیسی بڵاودەكاتەوە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا مێشولەیەکی زۆری هەیە.
وتیشی، دیاردەی سووتاندنی زبڵ لەو كەندەش هەیە زۆرجار دوای فرێدانی زبڵەكە دواتر دەیسوتێنن، هەندێکجار پێیان دەزانین ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دەدەین بە شارەوانی بۆ سزادانیان، بەڵام هەندێکجار بە شەو دەیهێنن و ئاگامان لێی نییە، چەندینجار بۆ ئەو کێشەیە سەردانی لایەنی بەرپرسمان کردووە، بەڵام چارەسەر نەکراوە.
محەمەد حەمید هاووڵاتییەکی ترەو دەڵێت، سووتاندنی ئەو زبڵە بۆنێکی ناخۆش بڵاودەکاتەوە لەناو ماڵەکانمان جگە لەوەی ژینگەش پیس دەکات.


رێکاری توند گیراوەتە بەر
ئەندازیار ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەو دیاردەیە زۆر بوو لە کۆڕنیش خۆڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێ دەدرا چونكە رێوشوێنەكانی حكومەت توند نەبوون، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی لافاوەكەی ساڵانی رابردوو چەند رێكارێكی زۆر توندمان گرتەبەر تاوەكو رێگری بكەین، چونكە خەڵك هەبووە زبڵی لەناو كەندەكە فرێدەداو كاتێك پڕ دەبوەوە بەهۆی بارانەوە لافاو دروست دەبوو.
وتیشی، رێگەگرتن لەفڕێدانی زبڵ لەلایەن ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیانەوە زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەگەر پێی بزانین دەستگیری دەکەین و سزا دەدرێت بە غەرامەکردنی لەنێوان 1 ملیۆن تا 5 ملیۆن دینار و جگە لەوەش 100 بار زبڵی پێ فڕێدەدەین بەئۆتۆمبێلەكەی خۆی، ئەگەر خاوەن خانوویەكیش ئەو كارە بكات، ئەوكات مامەڵەكەی دەوەستێت و سزای پێبژاردنی پارەشی بۆ دەكەین.
سەبارەت بەزبڵخانەی هەولێر باسی لەوەکرد، زبڵخانەی كانی قڕژاڵە ئێستا لەسەر 300 دۆنم زەوی كاری لەسەر دەكرێت  و لەباشترین دۆخیدایە، چونكە ئێستا دوكەڵ و بۆنی نییەو زبڵەكەی ناسوتێنرێت، بەڵکو رۆژانە زبڵەكەی ژێر خاك دەكرێت 100 بیرمان لێداوە لەناو زبڵخانەكە بۆئەوەی گازی ژێرەوەی بێتە دەرەوە و نەبێتە هۆی دروستبوونی ئاگر و دوكەڵ پێشتر خەڵكی كانی قڕژاڵە گلەییان دەكرد، بەڵام ئێستا سكاڵایان زۆر كەمبۆتەوە بۆ پڕبوونەوەی زەویەكەشی هێشتا تا چەند ساڵێكی تر زەویەكەی ماوە پڕببێت.


هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوامە
دەربارەی رێگەگرتنی سووتاندنی خۆڵ و خاشاك لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەناو شاری هەولێر، ژیار جەلال وتی، لە رێگەی هەڵمەتی هۆشیارییەوە لە هەوڵداین ئاگادار بکەینەوە لە پیسبوونی ژینگە بەهۆی سووتاندنی خۆڵ و خاشاکەوە، هەروەها داوامان کردووە یاسایەکی توند دەربچێت لەسەر فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە شوێنی گشتی و سزادانی ئەو کەسانەی پابەند نابن.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر بەهۆی درەنگ هاتنی ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک حاویەی گەورە دانرابوون بۆ تێکردن و کۆکردنەوی خۆڵ و خاشاک، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان زۆرن و زوو دەچنە هەموو شوێنێک ئەو حاویانە لابراون.
لە شاری هەولێر تائێستا ریسایکیل نییە و رۆژانە تیمەكانی شارەوانی نزیكەی 2 هەزار تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە ئەو پڕۆسەیەش بەنزیكەی 600 ئۆتۆمبێلی تایبەت و هەزارو 297 كرێكار دەکرێت لەناو سەنتەر و دەوروبەری هەولێر كۆیدەكەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ زبڵخانەی كانی قڕژاڵەو لەوێ چارەسەری دەكەن 10 كۆمپانیا کارەکە دەکەن کە رێژەی 31,5 %  مادەی خۆراکییە و دواتر پلاستیكە کە رێژەکەی 27 % و پاشان مادەکانی 
دیکە دێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان