بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە رۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونیان بۆ دەخوازم.
بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوە هێشتا هەندێک لە سزادراوانی بادینان ئازاد نەکراون کە بەهۆی ئازادی رادەربڕین و بە بیانووی یاساشکێنی و لێدان لە بەها نیشتمانییەکان، خراونەتە زیندانەوە. ئەمەش وێنەیەکی نەخوازراوی هەرێمەکەمانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخشیووە.
ئەرکی رۆژنامەنووسانە ئاوێنەی راستەقینەی کۆمەڵگە بن و هەواڵ و زانیارییەکان بەشێوەیەکی راست و دروست بڵاوبکەنەوە. چاودێرێکی وردبن و پردی پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بن. رەخنە لە گەندەڵی و نادادییەکان بگرن و سەنگەری راستەقینەی مافەکانی خەڵک بن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە بە پاڵپشت و پشتیوانی رۆژنامەنووسان دەمێنێتەوە و دەرگای بۆ هەموو رەخنە و پێشنیارێک کراوەیە. فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی بە ئەرکی خۆمان دەزانین و بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی رۆژنامەنووسان دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢