لە ساڵیادی رۆژنامەنووسیی کوردیدا

09:06 - 2022-04-23
ڕاپۆرت
768 جار خوێندراوەتەوە

کاتی ئەوەیە ئیتر راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رۆژنامەنووسان و حکومەت و کۆمەڵگەی کوردەواریش پێکەوە رابچڵەکێنێت. 
دوا راپۆرتی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکەی (وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئۆفیسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کارکردن)ە کە بەشێکی زۆری راپۆرتەکە پەیوەستە بە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسییەوە لە عیراق و هەرێمی کوردستان و مامەڵەی دامودەزگا حکومیی و دادوەریی و ئەمنییەکان. 
لە کاتێکدا مایەی خۆشحاڵییە لە زۆرێک لە هەڵسەنگاندنەکاندا هەرێمی کوردستان لەڕووی دەرکردنی یاساکانەوە لە پێش ناوچەکانی دیکەی عیراقەوەیە، بەڵام دەرکردنی یاسای هاوچەرخ و بەرزکردنەوەی دروشمی جۆراوجۆر مانای ئەوە نییە کارەکە تەواوبووە، چونکە یاسا بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی وەک نەبوو وایە.
دوێنێ کە 124-ەمین ساڵیادی  رۆژنامەنووسیی کوردیمان کردەوە، هاوکاتیش بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، ئەو دوو رێکەوتە پێکەوە ناچارمان دەکات ئێمەش وەک رۆژنامەیەکی رۆژانە و کایەیەکی میدیایی جگە لە بەرزڕاگرتنی ئەو یادە، هەڵوێستەیەک بکەین لەسەر ئاستی میدیا و کاری رۆژنامەنووسی و پێشکەوتنەکانی لەڕووی تەکنیک و پاشەکشەکانی لەڕووی هەڵەی زمان و تایپ و راستگۆیی و ئیتیکەوە.
ئەگەرچی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 پێشڤەچوونێکی زۆرباشە لە بواری دەستەبەرکردنی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام ئەو ئاستەنگانەش کە دێنە پێش جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کەم نین. بەتایبەتی جێبەجێ نەکردنی یاسای پێدانی زانیاریی بە رۆژنامەنووسان. دەبوو چۆن دامەزراوە و کەسایەتییەکان لە کاتی تەشهیر یان هەواڵێکی ناڕاستدا سکاڵا لەسەر رۆژنامەنووسان تۆمار دەکەن بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەنووسی، لەبەرامبەردا دەبوو دادگا سکاڵای رۆژنامەنووسانیش لەسەر ئەو بەرپرسە کارگێڕییانە وەربگرێت کە ئامادەنین زانیاریی بە رۆژنامەنووسان بدەن.
بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتە تیشک دەخاتە سەر کەیسی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان، دیارە ئێمە هەموویان بە یەک چاو سەیر دەکەین وەک میدیا، بەڵام لەم یادەدا تایبەتمەندی زیاتر دەدەین بە رۆژنامەنووسەکان، کە لە جیاتی یاسای رۆژنامەنووسی، بە یاسای سیخوڕی یان خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دادگایی کراون و سزا دراون و هەندێکیان بە پاساوی جۆراوجۆر دادگایی کردنیان دواخراوە، رێگەیان پێ نەدراوە پارێزەر و کەسوکاریان بیانبینن و دوای دادگاییکردن پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن ئیفادەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا پێ ئیمزاکراوە، بەڵام لە دادگای تەمییزیشدا هەمان سزای سەپێندراو بەسەریاندا، پەسەندکراوە. 
لەم یادەدا مایەی نیگەرانیمانە پاش 31 ساڵ لە ئازادیی و ئەزموونی حوکمڕانیی خۆماڵی، هێشتا رۆژنامەنووس و کایەکانی میدیا نەک لە دەرەوەی یاسا و رێسا جیهانییەکانی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسیی جیهانی هاوچەرخەوە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەکرێت، بەڵکو لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسیی بەرکاری هەرێمیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان