وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بۆ تێپەڕاندنی بودجە

12:53 - 2023-04-10
ڕاپۆرت
301 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەفتەیەك لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە، چاوەڕێ دەكرێت هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە بكرێت و لە مانگی ئایاریشدا پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.
لیژنەی دارایی ھەنگاوە کردارییەکانی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێکرد، ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و لە دوای جەژنی رەمەزانیش ئەنجومەنی نوێنەران یاسای بودجە پەسەند دەکات.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و چاوەڕێش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر نرخی نەوتی خەمڵێنراوی نەوت و زۆریی کورتھێنان ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە لە زووترین کاتدا تێپەڕێنرێت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان و لە مانگی ئایاردا پەسەند دەکرێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عیراق بڕەکەی نزیکەی 200 ترلیۆن دینارە و بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لە مێژووی وڵاتدا دادەنرێت، لەو رێژەیەش نزیکەی 65 ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، بۆیە پێدەچێت گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە لە پەرلەمان دروست بکات.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، زۆرینەی فراکسیۆنەکان جدین لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی بودجە بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، بۆیەش پێشبینی دەکات لەکۆتایی مانگی ئایاردا یاسای بودجە پەسەند بکرێت.
ئەندامانی لیژنەی دارایی باوەڕیان وایە دانانی نرخی نەوت بە 70 دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخێکی باشە و دەکرێت پشتی پێببەسترێت، لە پڕۆژەی بودجەشدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دینار دیاریکراوە.
موحسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوایکرد کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەزووترین کات راپۆرتی لیژنە لەسەر پڕۆژەی بودجە ئامادە بکرێت.
وتیشی، لە ماوەی کەمی داھاتوودا پڕۆژەی بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان