ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

09:59 - 2022-04-23
ڕاپۆرت
741 جار خوێندراوەتەوە
منیرە سەعید والی میران بەگ

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
منیرە سەعید والی میران بەگ
یەکێکی دیکە لەو ژنە خەباتگێڕانە مونیرە سەعید والی میران بەگە، لە ساڵی 1949 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گوڵاڵە لە شاری سلێمانی تەواو کردووە.
ئەو ژنە باسی خۆی دەکات و دەڵێت: لە 24/3/1967 چوومەتە دەرەوە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی ژیانی هاوسەرییم لەگەڵ شەهیدی نەمر ملازم تاهیر عەلی والی میران بەگ پێكهێنا لە گوندی دەربەندی ڕایەت و گەڵاڵە، چونکە ئەوکات ملازم تاهیری هاوسەرم لەو ناوچەیە سەرکردەیەک بوو لە ناو شۆڕشدا.
  دوای نەهامەتییەکی زۆر و بۆردومانی فڕۆکەکانی رژێم، بێ لانە بووین، هەتا مانگی 9/1968 گوازراینەوە بۆ ناوچەی قەرەداغ، لەوێ ملازم تاهیر بوو بە فەرماندەی هێزی قەرەداغ، لەوێش بە هەمانشێوە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای عیراقەوە زۆربەی کات لە دەرەوەی ماڵ و ئەشکەوتەکانی ئەو ناوچەیە خۆمان دەشاردەوە، هەتا 25/7/1969 دوای گرتنی قەرەداغ گەڕامەوە بۆ سلێمانی و لەڕێی شارباژێڕەوە بە وڵاخ گەیشتینە پێنجوێن هەتا بەرواری 1970 و دوای بەیانی 11 ئازار گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
لە ڕێکەوتنامەی نێوان حکومەتی عیراقیی و شۆڕش ملازم تاهیر کرا بە فەرماندەی فەوجی پاسەوانی سنوور لەسەر میلاکی شۆڕش بە پلەی رائد کە ئەوکات پێیان دەوت فەوجی حەوتی پاسەوانی سنوور لە پێنجوێن، بەڵام دوای هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە نێوان حکومەتی عیراق و ئێران خۆمان دەربازکرد.
لە گوندی باریکەو ساوجی گیرساینەوە دواتر چوینە قەڵای مەریوان لەناو خاکی ئێران هەتا هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول.
لەو کاتەدا ئێمە ئەوەمان پێ قبوڵ نەدەکرا لە خاکی ئێراندا بمێنینەوە، ئەوە بوو لەگەڵ کەسانێکی زۆردا گەڕاینەوە بۆ کوردستانی عیراق و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
دوای گەڕانەوەمان ملازم تاهیر ڕەوانەی خوارووی عیراق کرا بۆ شاری عەمارە لەوێ کرا بە کارمەند لە شارەوانی عەمارە، هەر لەوێ لە لایەن سەرانی رژێمەوە چەند جارێک هەوڵی شەهیدکردنی دەدرێت بەڵام خۆشبەختانە سەرناگرێت.
هەڵگیرسانەوەی شۆڕش
دوای ماوەیەکی کەم کۆبوونەوە نهێنییەکان بۆ دووبارە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش بەڕێوەدەچێت و ملازم تاهیر رۆڵی سەرەکی دەبینێت لەو کۆبوونەوانەدا، کە دەگەڕانەوە سلێمانی زۆربەی کۆبونەوەکان لە ماڵی خۆمان لە سابونکەران بەڕێوەدەچوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ چوونەوە شاخ و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ، ئێمەش بە نهێنی چاودێریمان دەکرد بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە لەهەر هەڵکوتانە سەرێکی سەرانی رژێم.
لە مانگی 6/1976 ملازم تاهیر و چوار براکەم و هەندێک لە برادەرانی خۆیان چوونەوە شاخ و هەر لەوێوە نەهامەتی من دەستیپێکرد و هەرچەندڕۆژ جارێک لەگەڵ منداڵەکانمدا دەبوایە لە ماڵێک بۆ ماڵێکی تر بڕۆین و خۆمان حەشار بدەین، نەوەک پیاوانی ئەمن دەستگیرمان بکەن، چونکە ئەوکات پیاوانی ئەمن فەرمانی دەستگیرکردنی ژن و ماڵ و منداڵی ئەو شۆڕشگێڕانەیان پێبوو کە دژایەتی حکومەتی عیراقیان دەکرد.
مونیرە سەعید دەڵێت: دوای ئەوە کە چارم نەماو نەمتوانی لەناو سلێمانی بمێنمەوە، بە ناچاری روومکردە دەرەوەی شار بۆ دۆڵی گەڵاڵە و گوندی پەرخ، دوو مانگ لەوێ ماینەوە، هەواڵمان بۆ هات کە لە دوو لاوە سوپای عیراق بە هاوکاریی خۆفرۆشان و بە بەردەوامی گەڕانی هەلیکۆپتەر بە نیازە هێرش بهێنێت بۆ لای ئێمە، ئێمەش تەنها 17 پێشمەرگەمان لەگەڵدا بوو، بە ناچاری بەشێکمان بە نهێنی چووینەوە سلێمانی و بەشێکی ترمان بەرەو شارەزوور خۆی قوتار کرد، لەو دابڕانەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ لەگەڵ ملازم تاهیر یەکمان نەبینیەوە، من لە سلێمانی بە نهێنی لە ماڵی خزم و هاوڕێکانم دەمامەوە و جار جار دەچوومە گوندەکان و دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی.
لە ساڵی 1977 هەواڵی شەهید بوونی کاک بەختیاری برام بۆ هات کە لە ناوپارێز لە پێنجوێن شەهید كراوە.
پاشان لە ساڵی 1981 و دوای چەندین کارەسات روومکردە گوندی بلەکێ لە ناوچەی بانەی ئێران لەگەڵ ماڵی شەهید رۆستەم مستەفای میران بەگی ئامۆزام دوای سێ مانگ مانەوەمان لەوێ روومانکردە ناوچەی دۆڵەتوو کە سەرکردایەتی حزبی سۆشیالیست لەوێ بوو.
ئەوکات من چوار منداڵم هەبوو، بەڵام لەبەر سەختی ژیانی شاخ تەنها دوو منداڵم لەگەڵ خۆم بردبوو دووانەکەی ترم لە سلێمانی لای دایکم دامنابوون.
ژیانێکی سەخت
ئەو شوێنەی ئێمە لێی دەژیاین زۆر شوێنێکی سەخت بوو بۆ ژیان، لەناو خێمەدا لە وەرزی زستاندا سەختی ژیان زیاتر دەبوو، لەوە سەختتر ئەوە بوو کە من دوو منداڵم پێ بوو کوڕێک و کچێک بوون بەناوی میران و هەناو لەوێ سەرەتایی ترین پێداویستی منداڵ بەخێوکردنی لێ نەبوو.
ئەو جێگایانەی کە گوزەرانمان تیادەکرد بۆ ژیانی دڕندەکانیش ئاستەم بوو لە زستاندا، نەوەک بۆ مرۆڤ، کە لە سەرکردایەتی بووین من باری تەندروستیم زۆر تێکچوو بەجۆرێك رەوانەی ئێران کرام، لەوێ نەشتەرگەریم بۆ کراو ماوەی چەند رۆژ لەژێر چاودێریی پزیشکدا بووم تا چارەسەر کرام.
لە کاتی گەڕانەوەدا من و ملازم تاهیری هاوسەرم و ئەنوەر بەگی برام و چەند پێشمەرگەیەک بە پێ لە ماوەی 15 رۆژدا گەشتینەوە سەرکردایەتی لە دۆڵەتوو.
دوای ساڵێک لەوێ و لەبەهاری 1982 رۆشتین بەرەو قەندیل بە دوو رۆژ بە وڵاخ تا گەیشتینە شوێنی مەبەست، لەو کۆچ کردنەدا من لە هاوڕێکانم دابڕام، چونکە ملازم تاهیرم لەگەڵ نەبوو، ئەو شەوە لە رێگە کەوتمە ناو چەم و چڕیی دارودرەختەوە، كە تەنها خۆم بووم بە سواری ئەسپەکەمەوە و بڕنەوێکی کورتم پێ بوو، هاوڕێکانم بۆ ئەوەی من بدۆزنەوە تەقەیان دەکرد، منیش کە گوێم لە تەقەی هاوڕێکانم بوو منیش تەقەم دەکرد و بەم جۆرە هاوڕێکانم دۆزییەوە.
کاتێک گەشتینە قەڕناقە و پشتئاشان، وتیان دەبێت بەرەو ئاش قوڵکە بڕۆیت، چونکە لەوێ جێگیر دەبین، پاش ماوەیەک ئینجا ملازم تاهیر و ملازم عوسمان و مامۆستا کامەرانی برام هاتن بۆ لامان، ئەو شوێنەش بە هەمان شێوەی شوێنەکانی تر زۆر سەخت و دژوار بوو بۆ ژیان بردنە سەر، خواردن و خواردنەوە و ئاگرمان زۆر بە زەحمەت دەست دەکەوت.
 لە مانگی 7/1982 ناخۆشترین هەواڵم پێگەیشت ئەویش شەهیدبوونی ملازم تاهیری هاوسەرم و ملازم عوسمان و مامۆستا کامەرانی برام بوو، بەم جۆرە کۆتایی هات بە هەموو خۆشەویستانم، چونکە من چوار برام هەبوو، هەر چواریان شەهید بوون.
من لەگەڵ هاوسەر و چوار برام بۆ خەبات چووینە شاخ، بەڵام تەنها من گەڕامەوە، ئەوانیش:
* شەهید عوسمان سەعید والی میران بەگی برام ناسراو بە ملازم عوسمان لە 25/12/1982 لە قەندیل شەهید بوو.
* شەهید کامەران سەعید والی میران بەگی برام، کە ناسراوە بە مامۆستا کامەران لە 25/12/1982 لە قەندیل شەهید بووە.
* شەهید ئەنوەر سەعید والی میران بەگی برام کە ناسراو بوو بە ئەنوەر بەگ لە مانگی 7/1982 لە داری قەڵان لە شارەزوور شەهید بووە.
* شەهید بەختیار سەعید والی میران بەگی برام ناسراو بە حاکم بەختیار لە بەهاری 1977 لە ناوپارێز لە پێنجوێن شەهید بووە.
دوای شەهید بوونی هاوسەر و چوار براکەم تەواو بارو گوزەرانی ژیان و سەرشانم زۆر قورس و خراپبوو، چونکە من بەرپرس بووم لە بەخێوکردنی پێنج منداڵی بێ باوک و بێ خاڵ و بێ مام، هەر خۆم بە تەنها و بە بەخێوکردنی دایکێکی دڵسووتاو کە چوار رۆڵەی شەهید بووە، ئەویش خاتوو نەزیفە ئەحمەد کەریم بەگی دایکم بوو.
سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتییە جار جار بانگ دەکرام بۆ ئەمنی بەلدە بۆ لێکۆڵینەوە، کە گوایە من پەیوەندیم بە شاخەوە ماوە یان نا؟!
منیش زۆر بە هێزەوە وەڵامم دەدانەوە و خۆم قوتار دەکرد.
بەم شێوەیە من لە شاخ گەورە بووم هەر لە شاخیش پیر بووم.
لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991، من هەستم بەوە دەکرد کە شەهیدەکانم زیندوو بوونەتەوە و ئێستا نا ئێستا خۆیان دەکەن بە ژووردا و هەستم دەکرد سەر لەنوێ لە دایک بوومەتەوە.
لە کاتی راپەڕیندا زۆر بە خۆشحاڵییەوە هاوکاری برا پێشمەرگەکانمان دەکردو رێنوێنیمان دەکردن و خوانمان بۆ ئامادە دەکردن، زۆربەی برادەرانی شاخ بەبێ جیاوازی هەموو حزبەکان سەردانیان دەکردین و لە هەواڵیان دەپرسین.
کاری حزبی بکەم
هەڤاڵانی حزب دەهاتن و داوایان لێدەکردم کە بەشداریی کاری حزبی بکەم، منیش قبووڵم کرد و بە مافی خۆم دەزانی، بەشداری کۆنگرەی هەرسێ حزب سۆشیالیست  و پاسۆک و پارتی گەلم  کرد، کە ئەوکات پێیاندەوت (یەکگرتن) دواتر بەشداریی کۆنگرەی 11 پارتی دیموکراتی کوردستانم کرد، کە هەرسێ حزبی ناوبراو بەشداربوون لەو کۆنگرەیە.
هەروەها بەشداریم لە کۆنگرە 2 دا بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرکردایەتی هەڵبژێردرام و بەرپرسیارێتی مەکتەبی شەهیدان، زۆر بە دڵسۆزانە و ئەمانەتەوە کارم بۆ کەسوکاری شەهیدان دەکرد، چونکە من خۆم بە سەرقافڵەی کەسوکاری شەهیدان دەزانی بەوەی خاوەن 7 شەهید بووم، جگە لە هاوسەرو چوار براکەم، دوو ئامۆزای زۆر خۆسەویستم شەهید ببوون کە ئەوانیش رۆستەم مستەفا میران بەگ و رەئووف مستەفا میران بەگ بوون.
لە کۆنگرەی سێیەمی سۆشیالستدا بۆ جاری دووەم خۆم هەڵبژاردەوە بوومەوە بە ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی شەهیدان.
دواتر بووم بە بەرپرسی ئافرەتان و ماوەیەکیش بە کاتی بووم بە بەرپرسی مەکتەبی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان.
لە کۆنگرەی 4ەمی سۆشیالستدا خۆم نە پاڵاوت بەڵام هەڤاڵانی کۆنگرە بە سەرکردایەتی فەخری قبوڵیان کردم.
لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی 1991 هەتا ساڵی 2009 و تا دوای تێکچوونی باری تەندروستی مام جەلال، لە ساڵێکدا چەندجارێک بانگێهشتی دەکردین یان هەواڵی دەپرسین یان دەعوەتی خوانی دەکردین و هەمیشە هەڤاڵ مام جەلال دەیوت: من شەهید ملازم تاهیرم زۆر خۆشویستووە و ئێوەش بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و قوربانی دەرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان