بەهۆی سیاسەتەکانی مەسرور بارزانییەوە عیراقییەکان باجی دوا سەودا دەدەن

10:38 - 2023-04-12
ڕاپۆرت
220 جار خوێندراوەتەوە

مایكل رۆبین

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

مانگی پێشوو هەناردەی نەوتی كوردستان لە رێگەی بۆرییەكانی توركیاوە راگیرا، ئەویش دوای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی كەیسەكەی بەو جۆرە یەكلایی كردەوە كە توركیا پەیماننامەی 1973ی پێشێل كردووە، لەبەرئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە كردووە بێئەوەی پێشوەخت رەزامەندیی بەغدا وەربگرێت.
دادوەران بڕیاریان دا بەغدا بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەك قەرەبوو وەربگرێت لەگەڵ سوودەكانی، ئەویش تەنیا بۆ قەرەبووی 2014 تا 2018، لە رۆژانی داهاتوودا دادگا چەند بڕیارێكی دیكەش دەردەكات.
وەستاندنی هەناردەی نەوت كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر داهاتی كورد، كە بەهۆی گەندەڵی ئیدارەی خراپەوە كەوتۆتە ژێر باری قەرزەوە، داخرانی ئەو رێگایە بۆ داهات، رۆژانە 22 ملیۆن لەسەر حكومەتی كوردی كەوت، ئەمەش نیگەرانی ئەوەی لێكەوتەوە كە پێدەچێت سەقامگیریی هەرێمەكە تێك بچێت، چونكە كورد شوێنكەوتەی بارزانی نین، بەڵكو شوێنكەوتەی ئەو پارەیەن كە تەخشان و پەخشانی دەكات، هەر كاتێكیش بارزانییەكان پارەیان نەما تا دابەشی بكەن، ئەو كاتە دەبێتە چركەساتی دەستپێكی بەهاری كوردی.
بنەماڵەی بارزانی لەبری ئەوەی كار بۆ سەقامگیریی عیراق بكەن، هەوڵی لاوازكردنیان دا، چونكە باوەڕیان وابوو بە لاوازبوونی بەغدا خۆرئاوا گرنگی بەمان دەدات، پلانێكی پڕ سوكایەتی و پڕ قازانجیشە، ئەوەتا ئێستا پنتاگۆن ساڵانە چارەكە ملیارێك دۆلار دەدات بە بارزانی بۆ پشتیوانی لە چەكدارەكانی، كە لە دژی هاووڵاتیان بەكاریان دەهێنێت.
جگە لەوەش، هاووڵاتیی كوردی ئاسایی سوود لە بازرگانی نەوت نابینێت، چونكە بارزانی زۆربەی ئەو داهاتەی لە نەوت دەستی دەكەوێت، دەیخاتە سەر هەژماری بانكیی بنەماڵەكەی و كۆمپانیاكانی تایبەت بە خۆیان، لە كاتێكدا كارمەندانی كەرتی گشتی و رەنگە %70ی خەڵكی ناوچەكەش مووچەكانیان بەرێکی و لە کاتی خۆیدا وەرناگرن.
سەیر نییە كە مەسرور بارزانی سەودا لەگەڵ بەغدا بكات و لەگەڵی رێك بكەوێت، چونكە بە پێی ئەو مەرجانەی ئەو سەودایەی لە چواری نیساندا ئیمزای لەسەر كرا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رازی بووە دامەزراوەی بازاڕكاریی نەوتی عیراق واتە سۆمۆ سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتەكە بكات، بارزانیش جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ دادەنێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بارزانیش سەرپەرشتی ئەو هەژمارە بانكییە دەكات كە داهاتی نەوتی كوردی تێدەچێت.
هەریەكە لە سودانی و ئیدارەی بایدن-یش بەهەڵەدا چوون كە داوای رێكەوتنەكەیان كرد.
هەر سەرۆك وەزیرانێكی عیراق، دەستبەكار بووبێت، لەو بڕوایەدا بووە كە دەتوانێ ناكۆكییەكان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا چارەسەر بكات.
هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عیراق، وەك ئەمەیان نەیتوانیوە لە دانوستانەكاندا بەرەوپێشەوە بچێت.
هیچ كاتێكیش بارزانییەكان پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیانەوە.
ئێستاش كە سەرپەرشتی كردنی هەژمارە بانكییەكە دەدرێتە بارزانی، بۆ زیادكردن و فراوانكردنی گەندەڵییەكانییەتی لەسەر حسابی حزبە كوردییە ركابەرەكانی، ئەو حزبانەی كە زیاتر گرنگی بە سەرخستنی عیراق دەدەن.
تیمەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق سەرپەرشتی دزی سەدەیان كرد، كە دزینی 2.5 ملیار دۆلار بوو لە داهاتی عیراق، لە كاتێكدا پیشەسازی نەوتی كورد، دزییەكی لەوە گەورەترە، لەبەرئەوەی داهاتەکەی لەلایەن بنەماڵەیەكەوە دەستی بەسەردا دەگیرا.
وەزارەتی دەرەوە لەوەدا بەهەڵدا چووە كە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی توركیا هان دەدات، لەسەر حسابی چاكسازیی راستەقینە.
(HKN) كە بارەگاكەی لە تەكساسە، گوشاری دروستکردووە بۆ دەسپێكردنەوەی و دەڵێ: ئەگەر دەستپێ نەكاتەوە، دوژمنانی ئەمریكا بەهێز دەبن، بەڵام ئەو بڕگەیەیان لابردووە، كە بەرپرسە كوردەكان دەڵێن: دەستپێكردنەوەی هەوڵێكە بۆ فرۆشتنی بەرژەوەندییەكانیان بە هەندێك كۆمپانیا كە ئەو بابەتانەیان لا گرنگ نییە.
كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە شاری هەولێری ژێر دەستی بارزانی، ئەو بەشەی كۆمێنتەكانی سڕیوەتەوە كە تیشك دەخاتە سەر راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە لەمەڕ مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، ئەویش دوای سكاڵای بارزانی، ئەم هەنگاوەی كونسوڵی ئەمریكا بە خاڵێكی لاواز دادەنرێت، بە تایبەتی كە بارزانی وا لێكی دەداتەوە كە رێگەپێدانە بۆ ئەوەی بیرەنەوتی زیاتر لێ بدات، لە جیاتی چاكسازی و رێكەوتنی هەمیشەیی لەبارەی یاسای نەوتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە دواخراوە.
دوای 20 ساڵ لە جەنگی عیراق، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە دەست لە هەوڵە بێسوودەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەڵبگیرێت و چارەسەری كورت مەودا و بە پەلە بگیرێتەبەر بۆ چاكسازیی بنەڕەتی.
رێخۆشكردن بۆ بارزانییەكان، كاتێك كە دەیانەوێ هەر لایەنێكی ناڕازی كورد پشتگوێ بخەن، رێخۆشكردنە بۆ دیكتاتۆری.
لە پشت ئەو شتە سەیرو سەمەرانەی كە بارزانی بۆ دیپلۆماتكارە ئەمریكاییەكانی دەكات، زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان دەگوزەرێ، ئەوانەی قسەیان بۆ بەرپرسە ئەمریكاییەكان كردبوو، هەروەها كارێكی هەڵەی كرد، كاتێك یارمەیتی چەكداركردنی دەوڵەتی ئیسلامی دا لە دژی بەغدا، جگە لەوەش سەروەریی ناوخۆیی فرۆشت بە توركیا و ناوچەكەی بەرەو وێرانی برد.
هاووڵاتیانی كورد دەڵێن، ئەوان متمانەیان بە بەغدا و كۆمەڵێك حزبی كوردی دیكە هەیە تا سەرپەرشتی پێدانی مووچەكانیان بكەن، زیاتر لەوەی متمانەیان بە بارزانی هەبێت.
ئێستاش سەرجەم عیراقییەكان باجی دوا سەودای نەوت دەدەن، عیراقیش سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی لە دەسەڵاتێكی دادپەروەر نەكات و هاندەر بێت بۆ گەندەڵی و هاوبەشی لەگەڵ هەر حزبێك كە پێی وایە بۆ گەیشتنی بە دەسەڵات، پێویستە عیراق شكست بهێنێت، لەبری ئەوەی عیراق سەر بخات.

سەرچاوە: المرصد

بابەتە پەیوەندیدارەکان