تابلۆ گڵینەكانی عەشق و نۆستالژیا

11:20 - 2023-04-12
کەلتور
257 جار خوێندراوەتەوە

كاروان قادر كابان

تابلۆ گڵینەکانی عەشق و نۆستالژیا پڕۆژەی دیواربەندی شاعیری مەزنی كورد (قانع)ە، یەكێكە لە پرۆژەكانی هونەرمەندی شێوەكار مەهاباد جەمال و بۆ ماوەی چەند مانگێكە پێوەی سەرقاڵە، پرۆژەكە لە (32) پارچە تابلۆی سیرامیكی قەبارە جیاواز پێكهاتووە. 
بیرۆكەی كارەكەی بە جۆرێك داڕشتووە لەسەر هەر تابلۆ گڵینەیەك نیگارێك و وێنەیەكی شاعیری ناوبراو لە پاڵیدا و چەند دێڕێك لە هۆنراوەكانی لەسەر هەڵكۆڵیووە، بەو شێوەیە هونەرمەند بە وێنە و شێوازی كاركردنی خۆی درێژە بە تەواوكردنی چیرۆكی خەونەكانی دەدات، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازتر (وشە) هۆنراوە و نیگار لە چوارچێوەی ئامانجێكدا یەكانگیربوون، ئەویش جوانی و هونەرە (ئیستاتیكا) ئەرك و كاری هونەری دیواربەند قورس و بەرپرسیاریەتییە، بۆیە ناكرێت هەروا بە سادەیی و سەرپێی لێی بڕوانین لەبەر ئەوەی تەنها فیگەرێك یان تابلۆیەك بەس نییە تا ئەوەندە كاریگەر بێت كە بەسەیركردنێك ئامانجی كارەكە هەستی بینەر مەست و داگیر بكات، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكە لە کۆی گشتی دەستنیشانكردنی فیگەرەكان و پەیوەندی هەڵبژاردنی بابەتەكانە، كە پێكەوە مانا دەبەخشن و باڵا دەكەن.
مەهاباد، هونەرمەندێكی سەركێشە خەیاڵی فراوان و بیری پڕە و بە بێ ترس دەست بۆ هەركارێك دەبات وەك ئەوەی دڵنیایە پێشتر چۆن لە خەیاڵیدا بیرۆكەی كارەكەی داڕشتبێت ئاواش جێبەجێی دەكات، ئەو دەڵێت نامەوێت بەو شێوازە باوەی هەبووە لەسەری بڕۆم، هەڵبەت مەبەستی لە كاری سیرامیك (هونەری گڵینەسازی)یە كە هەوڵیداوە خۆی تێدا بدۆزێتەوە.
بۆ یەكەمجار كە «مەهاباد»م ناسی بە هۆی یەكێك لە كارەكانییەوە بوو، بە جۆرێك وردەكاری لەسەر كردبوو بە تەواوی سەرنجی راكێشام، ئەو جیاواز كار دەكات، بۆیە هەر ئەو كاتە پێم وت ئەمە جیاوازە لە كاری هونەری گڵینەسازی، ئەگەر سەرنج بدەیت لە هەڵبژاردنی بابەت و (هێڵكاری)دا كە دواتر لێی دەدوێم.
ئەوەی ئێستا مەهاباد كاری لەسەر دەكات جیاوازە لەوەی پێشتر هەبووە و باشترە بڵێم كارەكانی نزیكن لە هەڵكۆڵین و جیاوازن لە ئامانجی كاری سیرامیك كە خۆی لە درووستكردنی قاپ و كوپە و گۆزەدا دەبینێتەوە، دەتوانم بڵێم ئەم وەك پەیكەرساز كار دەكات، بەڵام بە گڵێكی جیاواز بەرهەمی دێنێت كە بۆ كاری سیرامیك دەگونجێت، بۆیە تابلۆ هەڵكۆڵراوەكانی بە شێوازی سووركردنەوە لە فڕنی تایبەت بەو كارەدا سووردەکاتەوە، نەك قاڵبكردن و داڕشتنەوە، مەهاباد سیرامیكسازە، بەڵام پابەند نییە بە خۆبەستنەوە بەوەی لە رابردوودا هەبووە، بۆیە هەروەك خۆی ئاماژەی پێداوە دەیەوێت ئەو دەقە بشكێنێت، لێرەوە جیاوازییەكانی دەست پێدەكات.
هێڵكاری- هەڵبژاردنی بابەت
ئەمانە لە جومگە سەرەكییەكانی هونەرن، هێڵكاری لە هونەری شێوەكاریدا بەردی بناغەی هەر كارێكی سەركەوتووە كە دەبێتە ئامانج بۆ جێبەجێكردن، ئەمە هیچكات نەهاتووە بێ پشتبەستن بە چیرۆكێك یان بابەتێكی مێژویی بەبێ حساب بۆ كردنی هێڵكارییەكی چڕ دەستی بەكارەكەی كردبێت، بۆیە توانیوێتی لە هەڵبژاردنی فۆڕم و رەنگدا جۆرێك لە سەربەخۆیی بەدەست بێنێت و كارەكانی بناسرێتەوە. هەوێنی كارەكانی بیرۆكەی هەڵقوڵاون لە مێژوو، چیرۆكە مێژووییەكانمان بە وێنە بۆ دەگێڕێتەوە بەرەبەیانی مێژووی دێرینی سەرهەڵدانی شارستانییەتی ناوچەكە، فیگەرە ورد و چڕەكانی ئاماژە بە زیندووكردنەوەی بیروباوەڕ پیادە دەكرێت كە رێوڕەسمە ئاینییەكانی ناوچەكە و جلوبەرگ و نەخش و هێمای سەر كۆشك و دیاری دەسەڵاتەكانی رابردووی ناوچەكەیان بە شێوازێك كە بەرگێكی نوێ بە بەری رابردوو دەكات و بە بەرچاومان دێنێتەوە.
هەڵبژاردنی رەنگ
چەند جۆرێك گڵ هەن بۆ ئەو مەبەستەی كاری سیرامیكی پێ دەکرێت، یەك لەوانە رەنگی سوورباوە كە مەهاباد کاری پێ دەكات و زۆرترین كارەكانی بەو گڵە سوورباوە کردووە، لەگەڵ ئەوەش بایەخ بە رەنگكردن و شوشەكردن نادات، بۆیە ئەو زیندوویەتییەك لە رەنگی گڵەكەدا دەبێت و زیاتر هەست بە نزیكبوونەوە لە سروشت دەكات لەبەر ئەوەیە مەبەستێتی بەو شێوە رەنگە سروشتییە کارەکانی بكات، ئەمەشیان رەنگە لای ئەو پەیوەندییەكی رۆحی دروست بكات لە هەڵبژاردن و ئاوێتە بە بیرۆكەی كارەكانی.
ماوەتەوە ئەوە بڵێم هونەرمەند هەمیشە سەرقاڵی كاركردنە و دانەبڕاوە، دوای تەواوکردنی هەر بەرهەمێكی نوێی سەرباری ماندوبوونی زۆر هەست بە پشوو ئارامی دەكات.

مەهاباد جەمال

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان