رێژەیەکی زۆری كرێكار لە هەرێمی كوردستان بێكارن

09:59 - 2022-04-24
ڕاپۆرت
712 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

بەهۆی خراپی باری دارایی حكومەتی هەرێم، رێژەی بەتاڵە و هەژاریی لە هەرێمی كوردستان ئاستێكی مەترسیدار تۆمار دەكات، هاوكات سەرۆكی سەندیكای كرێكاران ئاماژە بەوە دەكات بە هەزاران كەس بێكارن و سەدان كارگە بەهۆی ئیفلاسبوونەوە داخراوە و زۆرینەی پڕۆژەكانیش بە تەواونەكراوی راگیراون.

بەتاڵە و هەژاری زۆربووە 
پۆڵا ئەحمەد سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی كوردستان لقی سلێمانی تایبەت بە كوردستانی نوێ وتی: ساڵانی رابردوو بەپێی یاسا بڕی ئەو پارەیەی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر کارکردنی هەر کرێکارێکدا دیاریکرابوو ،285 هەزار دینار بوو بۆ مانگێک، بۆ هەشت سەعات کارکردن لە رۆژێکدا، بەڵام ئەمساڵ وەزارەت بڕیاری نوێی دەرکرد  و بڕی مانگانەکەی هەر کرێکارێکی بۆ 350 هەزار دینار بەرزکردەوە، هەروەها گرێبەستی كار، دەكەوێتە سەر جۆری كاركردن و ئەو رێكەوتنەی لە نێوان خاوەنكار و كرێكاردا دەكرێت كە بەپێی جۆری كار و بڕەكەی  گۆڕانكاری بەسەردا دێت. 
وتیشی: بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی دەستیان كەوتووە رێژەی بێکاریی و هەژاریی  لە سەرتاسەری كورستاندا زۆربووە، دەتوانین بڵێن «لە هەرێمی کوردستان خەرجییەكی زۆرمان هەیە لە بەرامبەر داهاتێكی كەم»، كرێكاریش یەكێكە لەو چینە بنەڕەتییانەی كۆمەڵگە  کە داهاتی كەمە و لە بەرامبەریشدا خەرجی زۆرە، باسی لەوەشکرد، هەر کەسێک مانگانە بڕی 110 هەزار دیناری هەبێت دەچێتە سەرو هێڵی هەژارییەوە.

جیاوازی لە كرێی كاردا دەكرێت
بەپێی زانیاری سەندیكای كرێكارانی بیناسازی كوردستان، مووچەی كرێكار لە 150 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات بۆ 300 هەزار تا سەرو 700 هەزار دینار تێدەپەڕێنێت، هاوكات لە هەرێمی كوردستان دەرماڵەی هاوسەر بۆ مووچەی كرێكار دیاری نەكراوە.
لە یاسای كاری ژمارە 71ی ساڵی 1987 دا دەستەبەری کۆمەڵایەتی دیاریكراوە، تایبەتە بە خانەنشینی كرێكار بە بڕی 17 % لە مووچەكەی دەبڕدرێت بە جۆرێك پێنج هەزار دینار لە كرێی مانگەی كرێكار دەبڕدرێت و بڕی  12 هەزار دیناریش خاوەنكار دەیدات و كرێكار لە تەمەنی 63 ساڵیدا كە خانەنشین دەبێت، بە مووچەی مانگانە وەریدەگرێتەوە، ئەگەر كرێكار تەمەنی نەگەیشتبووە 63 ساڵ، 30 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات، بەپێی یاسای 71 ی ساڵی 1987، دیاریكراوە بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ بێت، وەك حاڵەتی سروشتی یان بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی، تا دوو مانگ بە یاسا لەسەر خاوەنكار سەپێنراوە، مووچەی كرێكار بدات. 

خراپی بژێوی کرێکارانی بیناسازی 
سەرۆكی سەندیكای كرێكاران وتیشی: بەگشتی لە رووی بژێوییەوە، لە كوردستاندا بارودۆخی كرێكار زۆر خراپە، بە تایبەت كرێكاری بیناسازی، چونكە مووچەیان نییە و كاری بەردەوامیشیان دەست ناكەوێت، بەجۆرێك لە مانگێكدا كەمتر لە 4 رۆژ تا هەفتەیەك كاریان دەستدەكەوێت، هاوكات خراپی بژێویی، كرێكارانی ناو كارگەكانیش دەگرێتەوە، چونكە زۆربەی كارگەكانی هەرێم رووبەڕووی ئیفلاسبوون بوونەتەوە، بەهۆی نەبوونی خواستی بەكاربەر بۆ كڕینی كاڵای ناوخۆیی، هاوكاری نەكردنی حكومەت بە هەرزان كردنی كرێی كارەبا و تاپۆكردنی زەوی شوێنەكانیان و دەعم كردنی خاوەنكار، وەستانی پڕۆژەكان و تەواونەكردنی، هەروەك بەپێی بەدواداچوونی سەندیكای كرێكاران،  لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بە سەدان كارگە داخراوە، بەهۆیەوە كرێكارێكی زۆر بێكاربوون.

كرێی پیاوان لە ژنان زیاترە
ئەو كارانەی هێزی جەستەیی دەوێت، كەوتۆتە ئەستۆی پیاوان و ژنان ئەوكارەیان پێ ناکرێت لەو چوارچێوەیەدا كرێی پیاوان بە رێژەی نیوە یان یەك لەسەر سێ، مووچەكەی زیاترە لە كرێی كاری ئافرەت، هاوكات ئەوانەی خاوەنی ماڵ و خێزانن، كرێكانیان بڕێك لە كرێكارانی تر زیاترە. 
محەمەد ساڵح خاوەنی هەرزان بازاڕی هاووڵاتی بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەهۆی خراپی باری دارایی هاووڵاتیان، خواستی كڕین بۆ ئاستێكی زۆر دابەزینی بە خۆیەوە بینیووە، بە جۆرێك كاری كردۆتە سەر كرێی كاری كرێكارەكان، لە ساڵانی رابردوودا، مووچەی مانگانەی كارمەندێك كەمتر نەبوو لە 700 هەزار دینار، بەڵام ئێستا زۆرترینیان بڕەكەی لە 600 هەزار دینار تێناپەڕێت، وتیشی: بەهیچ جۆرێك جیاوازی ناكەم لە نێوان كرێی كارمەندەكانم، كرێكاری ژنم هەیە، دوو ئەوەندەی كرێكارێكی پیاو كار دەكات.
بەپێی زانیارییەکان و ئاماژەی زۆرینەی كرێكاران و كارمەندانی سەركار، بڕی مووچەی مانگانەیان لە بەرامبەر هەشت سەعاتی كاركردنی رۆژانەدا كەمە و لە ئاستی نرخ گرانی پێداویستییەكان و خواستی رۆژانەیاندا نییە، بە جۆرێك بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانیان و بە رێكردنی بژێویی ژیان و كرێ خانوو، بەردەوام پەنا بۆ قەرزكردن دەبن.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان