تروسكەی ئومێدێك بۆ ئایندەیەكی باشتر

لە بیابانی ئەفغانستانەوە بۆ ئێران

10:29 - 2022-04-24
ڕاپۆرت
467 جار خوێندراوەتەوە
کۆچەری ئەفغانی لەسەر سنووری ئێران

 ئا: تارا شێخ عوسمان

بە پێی راپۆرتێكی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی  لە مانگی ئابی ساڵی 2021 ەوە كە حكومەتی ئەفغانستان رووخا و بزووتنەوەی  تالیبان جێگەی گرتەوە  تا كانونی دووەمی هەمان ساڵ نزیكەی 900 هەزار ئەفغانی ماڵ وحاڵیان جێهێشتووە و كۆچیان كردووە بۆ ئێران و پاكستان.

هیچ ئایندەیەك لە ئەفغانستان نەماوە
(ستارئەمیری)ی تەمەن (25) ساڵ دانیشتوی ناوچەی مەزار شەریفی باكووری ئەفغانستان  بەر لە شەش مانگ فیتەر بوو لە سوپای ئەفغانستان و  گوزەرانی باش بوو، بەڵام دوای رووخانی حكومەتی ئەفغانستان و هاتنەوە سەركاری بزووتنەوەی تالیبان و دەركردنیان لە سوپا، بێكار بووە و ناچار بووە ماڵەكەی بفرۆشێت و بیدداتە دەست قاچاغچی بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنەكەیی و منداڵە شیرەخۆرەكەی  لە بیابانەوە و بە سواری پیكابێك بەرەو ئێران هەڵبێت. ئەمیری دەڵێت: كارم دەست نەدەكەوت، رێگەیەكی ترم نییە، هیچ ئایندەیەك لە ئەفغانستان نەماوە. 

رۆژانە (5-6) هەزار كەس کۆچ دەکەن
 راپۆرتە میدیاییەكان ئاماژە بەوە دەدەن لە سەرەتای هەشتاكانەوە ئەفغانییەكان كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵاتەكەیان كە بە نزیكەیی رۆژانە  دەگەیشتە (5-6) هەزار كەس، ئەمانە روو دەكەنە شاری زەرەنجی باشووری خۆرئاوای ئەفغانستان كە ناوچەیەكی سنورییە لەگەڵ ئێران بە مەبەستی كۆچكردن بۆ ئەو وڵاتە، ئەم ژمارەیەش لە دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی تالیبانەوە چوار هێندە زیادی كردووە.

رێگەیەکی مەترسیدار
 ئەم كۆچەرانە شەوان بە ناو دەسترێژی گوللەی پاسەوانانی سەرسنور بەسەر دیوارێكی بەرزی نێوان ئێران و ئەفغانستاندا هەڵدەزنین بۆ ئەوەی خۆیان بكەن بە دیوی ئێراندا، بە رۆژیش دەیان پیاو ژن و منداڵەكانیان سواری ئۆتۆمبیلی دەبڵ ئەكسل دەبن و گەشتێكی دووردرێژی پڕ لە مەترسیی دەست پێدەكەن بە ناو بیابیان و رێگە شاخاوییەكان  بۆ ئەوەی بگەنە پاكستان و لەوێوە جارێكی تر خۆیان بكەنەوە بە ئێراندا.
 ئەم كۆچەرانە گوێ بە هیچ نادەن، تەنها ئەوەیان بۆ گرنگە لەو بارە ئابووریی و دۆخە سەختەی ژیانیان هەڵبێن كە بە هۆی بلۆككردنی ملیارەها دۆلاری پارەی حكومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە و ئەو یارمەتییە نێودەوڵەتیانەش وەستاون كە ماوەی 20 ساڵ بوو پێشكەش بە گەلی ئەفغانی دەكرا، هەروەها پەلامار و دەستدرێژیی و كوشتن و بڕینی نهێنی چەكدارانی تالیبانیش هۆكارێكی ترە.

تەنها قاچاغچییەكان سوودمەندن
ئەوەی سوودمەند بووە لەم بارودۆخە، قاچاغچییەكانن كە هەلەكەیان قۆستووەتەوە و ئەو ژمارە زۆرەی ئەوانەی دەیانەوێت وڵات جێبهێڵن بووەتە مایەی خۆشحاڵیی ئەوان، هەندێك لەو قاچاغچییانە لەگەڵ چەكدارانی تالیبان رێكەوتوون و نرخی رێگەپێدانی ئەو چەكدارانە بۆ كۆچەرەكان گەیشتووەتە (6) ملیۆن تمەن كە پێشتر تەنها سێ ملیۆن بووە و رۆژانە ئەو قاچاغچیانە لە نزیك گەراجێكی ناوچەی زرنج كە ئاڵایەكی بزووتنەوەی تالیبان بە سەربانەكەیەوە دەشەكێتەوە، بە پاسەوانێتی چەكدارانی ئەو بزووتنەوەیە، كۆچەرەكان لە ئۆتۆمبیلە كۆنە دەبڵ ئەكسڵەكان دەترنجێنرێن و رەوانەی سنوری ئێران دەكرێن.

10 یۆرۆ بۆ هەر کۆچەرێک
 هەرچەندە پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە دابوو كە بە مۆری بزوتنەوەی تالیبان و بە پێدانی باجێك  بە بەهای (1000) ئەفغانی كە دەكاتە ( 10 ) یۆرۆ بۆ هەر ئوتومبێلێك رۆژانە (6) هەزار ئەفغانی وڵاتەكەیان جێدەێڵن، بەڵام وەزیری كۆچی ئەفغانستان ئەو هەواڵەی رەتكردەوە و ئاشكرای كرد، هەرچەندە نەمانتوانیوە داتایەكی ورد بەدەست بهێنین، بەڵام ئەو ژمارەیە زیادەڕۆییە و ئەو هەموو ئەفغانییە كۆچ ناكەن.

 دەیان كوژراو
 هەرچەندە سەركێشیكردن و كۆچكردن لە رێگەی بیابانەوە مەترسیدارە و تا ئێستا چەندین كەس  بە هۆی كەوتنەوە خوارەوەیان لەو ئۆتۆمبیلانەی بە خێرای 120 كلیۆمەتر لە سەعاتێكدا بە ناو بیاباندا دەڕۆن گیانیانلەدەستداوە، بەڵام هەندێكی تر ئەو كارە ناكەن بە تایبەت ئەوانەی سەر بە 

شیعەکانی ئەفغانستان
ئاینزای شیعەن و هەندێكیان باس لەوە دەكەن، كە شیعەكان ئامانجی ئاسانی چەكدارانی گروپی جوندوڵای سوننە مەزەبن و ئەگەر هەست بكەن ئەو كۆچەرانە شیعەن دوایان دەكەون لە بیاباندا دەیانفڕێنن و لە بەرامبەردا داوای پارە لە كەسوكاریان دەكەن، هەربۆیە زۆر كەس دەرباز بوون لەو دیوارەی كۆنكرێتییەی پێ باشە كە لە نێوان سنوری ئەفغانستان و ئێراندایە و بە بەرتیل پێدانی پاسەوانانی سنور كارەكەیان ئاسان دەبێت، هەربۆیە چەندین جار هەوڵ دەدەن بەڵام بە هۆی تەقەكردنی پاسەوانانی سنوری هەردوولاوە هەوڵەكانیان شكست دێنێت.
 سەرچاوەیەكی بزووتنەوەی تالیبانیش كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە ئاژانسەكانی راگەیاندوە، تا ئێستا بە هۆی پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە 70 كەس كوژراون و ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر هاووڵاتییەكی ئەنفغانی بتوانێت بچێتە ئەو دیو سنورەكانی ئێرانیش سەركەوتوو نابێت، چونكە ماوەی شەش مانگە ئێران بە لێشاو پەنابەرانی ئەفغانی دەردەكات.

(3.4) ملیۆن کۆچەری ئەفغانی لە ئێرانن
 پێویستە بوترێت تا ساڵی(2020)  ژمارەی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران  گەیشتبووە (3.4) ملیۆن كەس. بزوتنەوەی تالیبانیش ئەوەی ئاشكراكردووە رۆژانە(2000) ئەفغانی لە ئێرانەوە دەگەرێنەوە وڵاتەكەیان.
 زۆربەی ئەوانەی كۆچ دەكەن گەنجانن، بەڵام كەسانی بە تەمەنیشیان تێدایە و بە وتەی ئەوان ماوەی 20 ساڵ بوو دۆخیان باش بوو، لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی تالیبان ئیشوكاریان نەماوە و ناتوانن پارەی ژەمێك خواردنی ئاسایی پەیدا بكەن، پیاوێكی  كۆچەریش  كە بەر لە گەڕانەوەی بزووتنەوەی تالیبان لە شاری هەرات وەستای خانودروست كردن بووە، لەگەڵ ژنەكەیی و چوار مناڵی گەیشتبووونە زەرەنج هێشتا بڕیاریان نەدابوو چ رێگەیەك هەڵبژێرن بۆ دەرباز بوون، ئەوان باسیان لەوەكرد لەبەر  كەمدەرامەتی  دوو مانگە بەس نان و چا دەخۆن. هەموو ئەوانەی لەو ناوچەیە كۆبوونەتەوە بۆ دەربازبوون باسی ئەوە دەكەن ئەگەر هیوایەكیان هەبوایە هەرگیز وڵاتیان جێ نەدەهێشت. 

سەرچاوە: -شبكة النبأ المعلوماتية.

بابەتە پەیوەندیدارەکان