هەمان دەستكەوتی نادال دووبارە دەكاتەوە

11:40 - 2022-04-24
وەرزش
605 جار خوێندراوەتەوە

كارلۆس ئەلكارازی ئەستێرەی تازە دەركەوتووی ئیسپانی توانی هەمان دەستكەوتی سەردەمی لاوی رافا نەداڵی ئەفسانە دووبارە بكاتەوەو هاوشێوەی ئەو لە تەمەنی 18 ساڵی خۆی بگەیەنێتە نێو ریزبەندی باشترین 10 یاریزانی جیهان.
ئەلكاراز بەشدارە لە پاڵەوانێتی بارسێلۆنا كە لەسەر یاریگای گڵ بەڕێوەدەچێت و بەهۆی بردنەوەش لە ستیفانۆس تسیتسیپاسی یۆنانی و پێشەنگی ریزبەندی پاڵەوانێتییەكە رۆژی دووشەممە كە ریزبەندی نوێی یاریزانان بڵاودەكرێتەوە ئەلكاراز دەچێتە نێو ریزبەندی باشترین 10 یاریزانەوە.
ئەلكاراز بە بردنەوەكەی لە ستیفانۆس توانی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، ئەمەش چوارەم پاڵەوانێتییە ئەو كوڕە یاریزانە لەم وەرزە دەگاتە قۆناغی پێش كۆتایی.
كاتێكیش رۆژی دووشەممە دەچێتە نێو ریزبەندی باشترین 10 یاریزانەوە ئەلكاراز لە هەمان رۆژ و لە هەمان تەمەن و لە هۆمان پاڵەوانێتی ئەو كارە دەكات كە پێشتر ناداڵ لە ساڵی 2005 كردویەتی.
ئەو ئەستێرە لاوەكە ئەم وەرزە نازناوی ماستەرزی میامی بردۆتەوە كە 1000 خاڵی لەسەرەو بووەتە پاڵەوانی ریۆ كە ئەویش 500 خاڵی ریزبەندی لەسەرە، پێشتریش لە ماستەرزی ئیندیان وێڵز لە قۆناغی پێش كۆتایی بە نادال دۆڕا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان