خەسڵەتە نەتەوەییەکان لای کورد

12:36 - 2022-04-24
کەلتور
934 جار خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد
بە درێژایی مێژوو کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن خەسڵەتی نەتەوەیی و یەکگرتوو دەرنەکەوتووە، هەر وەک ئەوەی ویستبێتیان لە چەند تیرەیەکی جیاواز لەیەک، لەکاتە تەنگانەکاندا هاوپەیمانییان پێکهێنا بێت و خۆیان هەڵواسی بێت بە تیرە و زلهێزەکانەوە کە روویان لە ناوچەکانیان کردووە. 
لە مێژووی نزیکیشدا لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەم پارچەیەی کە پێی دەڵێین هەرێمی کوردستان دابەش بووە بەسەر ئینگلیز و عوسمانیدا، هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەییش بووبێت سەرکوت کراوە ئەگەر خۆی بە یەکێک لە هێزەکانی ناوچەکەدا هەڵنەواسیبێت.
لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەشدا کوردانی ( خۆرهەڵاتی کوردستان) پشتیان بەست بە روسەکان و کۆمارێکیان راگەیاند، دواتریش لەتەمەنێکی کورتدا جێیان هێشتن. 
لە سەرەتای حەفتاکانیش شۆڕشی کورد بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیران لە دژی رژێمی بەعس کە سەر بە سۆڤیەت بوو دەجەنگان، کاتێکیش بەرژەوەندییە ئیقلیمییەکان یەکیان گرتەوە، شۆڕشەکەیان ئاشبەتاڵ پێکرد.

کورد یەک ئایین و مەزهەب نییە
تاکی کوردی کریستیان و ئاشووری و جولەکەمان هەیە، بەڵام زۆرینەی رەهای نەتەوەی کوردی ئەم سەردەمە سەر بە ئایینی ئیسلامە و بەسەر سوننە و شیعە و عەلەوییدا
( وەک سێ مەزهەبی سەرەکی) دابەش بوون، لەناو ململانێ مەزهەبییەکاندا جێگەی خۆیان کردۆتەوە و بەشدارن، ئەمەش هۆکاری پەرت بوونی کوردە وەک نەتەوە، ئایین رێگری دەکات لە دابەش بوونی نەتەوەیی، بە ئایەتی
( وعتصموا بحبل الله جمیعێ‌ ولاتفرقوا)  یەکیان دەخات، بەڵام لە ژێر ناوی (لافرق بین عرب و عجم  الا باتقوا)، هەریەک لەو دوانە کورد دەچەوسێننەوە و سەدان ساڵە سەرکوتی دەکەن.
سیفەتی نەتەوە ئەو یەکانەن کە تیایاندا هاوبەشن، ئایین بۆ کورد نابێتە سیفەتی یەک نەتەوەیی یان یەکەیەک بۆ یەکگرتن و بە هێزبوونی نەتەوەیی چونکە ململانێیەکی سەختی مەزهەبیی تێدایە، لە دەیان شەڕدا کە پەیوەست بووە بە شەڕی ئایین و مەزهەبەکان، کورد بوون بە دوو بەش و زیاترەوە و لەبەرەی دژ بەیەکدا جەنگاون، هەر لەسەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام و پێشتریش، سەلاحەدینی ئەیوبی بە نموونە و هەموو شێخ و مەلاکانی دوای ئەو مێژووەش کە مەزهەبیان کردۆتە هۆکاری ململانێکان.
کەوابوو کورد کاتێک وەک نەتەوە خۆی نماییش کردووە رووبەڕووی دوژمنەکانی بۆتەوە بە دوو هۆکار، یەکەمیان وەک نەتەوە خۆی پیشان داوە یان دروشمەکەی خستۆتە روو (کە واش نەبووە و سەر بە لایەنێک بووە) دووەمیان وەک مەزهەبێکی ئایینی بووە، ئێستاش لە عیراقدا کورد و سوننە و شیعە وەک سێ پێکهاتەی سەرەکی ناو عیراق هەژمار دەکرێن، کەچی لە ناو حەشدی شەعبی شیعەکان و لەناو سوننەی عەرەبیشدا تەنانەت داعشیش کوردمان هەیە و لەوێشەوە لە دژی یەک دەجوڵێین.
شەڕی مەزهەبی ئایینی ئیسلام کە زیاتر لە 1400 ساڵە درێژەی هەیە، پێناچێت کۆتایی پێبێت، کوردیش کە دابەش بووی هەردووکیانە، بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە ناتوانێت ئایینەکە بکاتە هەوێنی یەکگرتنی نەتەوەیی. زۆرێک لە کورد قینیان لەو حکومڕانییەیە کە شیعە بەڕێوەی دەبات چونکە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی توندی مەزهەبییەوە و خۆی سوننەیە، هەروا بە پێچەوانەشەوە.

تێنەگەیشتنی کورد لە زاراوەی یەکتر
دابەشبوونی جوگرافیایی نەتەوەی کورد وایکردووە زمانیش نەبێتە سیفەتێکی نەتەوەیی، ئەوانەی بەزاراوەی سۆرانی دەدوێن لە زاراوەی عەلەوی( زازۆکی)، هەورامی تێناگەن، بادینی( شکاک) لە لوڕی تێناگەن، تەنانەت هەندێک خەڵکی بێتوانە و گوندە دوور دەستەکانی لەگەڵ دانیشتوانی گوندێکی کاکەییەکان یان فەیلییەکان، بە باشی لە یەک تێناگەن. عەرەب کە چەندین زاراوەیان هەیە بەڵام بەیەک زمان دەنووسن و هەمووشیان لەیەکتر تێدەگەن ئەگەرچی دابەش بوون بەسەر 22 وڵاتی جیاو سەربەخۆدا.
جیاوازیی زاراوەکان و لێک تێنەگەیشتنەکان، لە پاڵ جیاوازییە مەزهەبییەکاندا نابنە هاندەر و قووڵبوونەوەی هەستی نەتەوەیی، بۆیە دەبینین دابەش بوون بەسەر گروپی جیاجیادا و ئەو جیاوازییە زاراوەیی و مەزهەبییە دەبێتە کۆسپ بۆ لێک نزیک نەبوونەوە.

ئاستی هوشیاریی تاکی کورد
بەگشتی تاکی کورد ئاستی رۆشنبیریی گشتی لاوازە، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە نییە کە ئەم نەتەوەیە لە مێژوودا هەوڵی سەرکوتکردن و قڕکردنی دراوە، نەخێر بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاکی کورد خۆی نەیویستووە یان سیاسیی و سەرکردە پێشڕەوەکانی گرنگییان بەو بوارە نەداوە کە بواری خۆ رۆشنبیر کردنە. 
چەند تاکەکانی نەتەوەیەک لە پلەی بەرزی رۆشنبیرییدا بن، دەتوانن باشتر و ژیرانە تر بەسەر چەمکەکانی ژیاندا زاڵ بن و کۆنتڕۆڵی بکەن.
لامان سەیرە و بە گرنگی دەزانین کە لاوێکی کورد بۆتە فڕۆکەوان، یان ئەندام لە رێکخراوێکی جیهانیدا، لەکاتێکدا تاکی نەتەوەکانی دیکە نەک هەر زەوی بەڵکو بۆشاییەکانی ئاسمانیشیان تەی کردووە.
بەڵام تاکی وامان هەیە خۆی گەیاندۆتە ئاستێکی باڵا لە تەجویدی قورئاندا، لە دراساتی ئیسلامیدا، لە بەڕێوەبردنی مزگەوت و وتارداندا، لە رابەرایەتی کردنی ململانێی مەزهەبیدا.
ناسیونالیزم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەوێنی قووڵ کرنەوەی هەستی نەتەوەیی، رۆڵی گرنگییان هەیە، وابووە کە پاشایەک کچێکی داوە بە کوڕێک لە نەتەوەیەکی غەیرەی خۆیان، کەچی کاتێک کە کەوتوونەتە تەنگانەوە، ئەو خزمایەتییە بۆتە هۆکاری ئەوەی ئەو نەتەوەیە داکۆکی لەمان بکات.
هەرچەند پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تیرە جیاوازەکانی سەر بە نەتەوەیەک بە هێز بێت، هێندە هەستە نەتەوەییەکان قووڵتر دەبنەوە، بەڵام ئەوەی نائومێدیییە لەم  سیفەت و مەرجەدا، ئەوەیە کە جیهان بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەر چۆنێتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیدا هاتووە، کوردیش بەشێکە لە مرۆڤەکانی ئەم جیهانە و بەهۆکاری ئەوەی جیاوازییەکی گەورە لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا لە نێوان خۆی و کۆمەڵگەکانی ئەوروپا و دیکەی جیهاندا هەبووە و ئەمیان پابەندی زۆرێک لە باو و پەیوەندیی تیرەیی و خزمایەتیی و شوێنچێتی بووە، زیاتر ئەم گۆڕانکارییە بە هۆکاریی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا کاریگەریی خراپی لەسەر هەیە و بە شێوازی خراپ هەزمی کردووە.
ئەگەر بۆ کۆمەڵگەکانی غەیرە کورد، کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و پێگەی جیهانیی خۆیانن، تەنها کەم بوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا بۆ کورد لەدەستدانی سیفەتێکی دیکەی پێویستە بۆ قووڵکردنەوەی هەستە نەتەوەییەکان.
کەوابوو ئێستا و ئەم سەردەمە نالەبارترین کاتە کە کورد ناتوانێت تێیدا باس لە بوونی مەرجەکانی نەتەوە بکات یان بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتەوە.
هەرکات کورد خۆی لە قەرەی ململانێ مەزهەبییەکان نەدا و ئایینی جیا کردەوە لە مەسەلە نەتەوەییەکە، سیاسەتی نەخستە بەرژەوەندی دوژمنانی نەتەوەییەوە، ئاستی هوشیاریی تاکەکانی بەرزکردەوە بە توانا نەک بە شەهادەی سەر کاغەز، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای وەک سوشیال میدیاکان، نەکردە ماڵە باوان، زمانەکان تێکەڵ کران و شارەزاییمان لە هەموویدا هەبوو، هەرێمچێتی و پاشقول لەیەکگرتن نەما، ئەوکات دەکرێت باس لە یەکەیەکی نەتەوەیی بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان