״سەرجەم لایەنەكان بەشداربن لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەت״

09:18 - 2022-04-25
ڕاپۆرت
536 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و چاودێرانی سیاسی تەئكید دەكەنەوە كە تاكە رێگا بۆ دەربازبوونی عیراق لەم بارودۆخە سیاسییە، «گفتوگۆ و كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەهۆی ئەوەشی عیراق لە بارودۆخێكی هەستیاردایە، پێویستە سەرجەم پێكهاتەكان بەشداربن لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكاندا». تەئكیدیشدەكەنەوە كە دەبێت كورد بێتە بەشێك لە چارەسەر، نەك بە پشتگیری لایەنێك دژی لایەنێكی تر ببێتە هۆكاری پەرتەوازەیی و تێكدانی نێوان پێكهاتەكانی تر.

بەشداریی لایەنەكان لە حكومەتی نوێدا
لەوبارەیەوە، سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جگە لە گفتوگۆكردن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، هیچ رێگایەكی تر نییە بۆ ئەوەی عیراق لەو بارودۆخە رزگاربكات، تەنانەت ئەگەر پرسە دەستوورییەكانیش لەلایەن دادگای فیدراڵەوە یەكلابكرێنەوە، دواجار هەر گفتوگۆ و رێكەوتنی لایەن و پێكهاتەكان پێویستە، بۆ ئەوەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بەو ئامانجەی لایەنەكان بگەنە رێكەوتن و پێشمانوایە پێویستە سەرجەم لایەنە براوەكانی پەرلەمان بەشداری لە حكومەتدا بكەن و ئەوانەشی دەبن بە ئۆپۆزسیۆن سوود لە بۆچوون و تێڕوانینەكانیان لەبارەی پێكهێنان و ئیشوكارەكانی حكومەتی داهاتوو وەربگیرێت. «هەمیشەش تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە نابینە بەشێك لە كێشەكان و دژی لایەنێك نابین لە بەرژەوەندیی لایەنێكی دیكە».

پێویستە لایەنەكان بیر لە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بكەنەوە
لای خۆیەوە، حەسەن ئاڵی ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە هەموو لایەنەكان ئاگاداری بارودۆخی هەستیار و چارەنووسسازی ئێستای عیراقن، هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ناكرێت چیتر پێكهێنانی حكومەت دوابكەوێت، چونكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عیراق بەگشتی و هیچ لایەنێكدا نییە، «ئەوەشی دەوترێ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەدووری دەزانم». وتیشی: لەم بارودۆخەی عیراق و ناوچەكە و جیهاندا، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بیر لە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بكەنەوە و رێگانەدەن بارودۆخەكە لەوی ئێستا خراپتر بێت، بۆیە گفتوگۆ و دانوستان باشترین چارەسەرە، ناكۆكییەكانیش هەرچەندە قووڵببێتەوە، دواجار هەر دەبێت گفتوگۆ بكەن و لەسەربەرنامەیەكی هاوبەش رێكبكەون، هەر بەو جۆرەش وڵات و دامەزراوەكانی، لە دۆخی چەقبەستوو دەربازدەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: ناكرێت گفتوگۆ تەنها لە نێوان پێكهاتەیەكدا یان چەند هێزێكدا بكرێت، بەڵكو پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی وڵات بەشداربن لەو دانوستان و كۆبوونەوانەی بۆ پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان دەكرێن، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە پێكهێنانی حكومەت و بەڕێوەبردنی وڵات بە گشتی ئەركی هەموولایەكە، نەك تەنیا یەك پێكهاتە.

بارودۆخی ئێستا وادەخوازێت لایەنەكان زووتر بگەنە رێكەوتن
هەر سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەت و رێكەوتنی لایەنەكان، ئەحمەد كەریم مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە كوردستانی نوێ-ی وت: لە خولەكانی رابردووشدا دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم دۆخە و شێوازی گفتوگۆیە دووبارەبۆتەوە و ماوەی چەندین مانگی خایاندووە تا لایەنەكان رێكەوتنیان كردووە، ئاشكراشە لە هەر سەردەمێكدا بارودۆخێكی تایبەت هەیە، ئێستاش كە گفتوگۆكان بەو شێوەیەن و پێكهێنانی حكومەت دواكەوتووە تاڕادەیەك ئاساییە، بەڵام بارودۆخی ئێستا وادەخوازێت لایەنەكان تا زووتر بگەنە رێكەوتن باشترە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەكە و جیهانیشدا هەیە. ئەوەشی ئاماژەپێكرد كە راستە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت كاریگەریی خراپی لەسەر زۆربەی سێكتەرەكانی ژیان هەیە، بەڵام لەوە باشترە حكومەتێك پێكبهێندرێت تەنیا چەند مانگێك بەردەوامبێت و دواتر بەهۆی فشاری لایەنەكان پەكبخرێت و بەناچاری دەستلەكاربكێشێتەوە. «بۆ ئەوەی گفتوگۆكان سەركەوتووبن، پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە سەرجەم پێكهاتەكان، كۆبوونەوەكان بكرێت، بە ئەزموونیش دەركەوتووە، فەرامۆشكردنی هەر پێكهاتەیەك كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عیراق دەبێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان