گۆتێرێس دەتوانێت كۆتایی بە شەڕی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا بهێنێت؟

09:25 - 2022-04-25
ڕاپۆرت
172 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر
بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، سەردانی ئەنقەرە ‌و مۆسكۆ ‌و ئۆكرانیا بكات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ راگرتنی جەنگی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا. 
بەو پێیەی مانگی ئازاری رابردوو بە ناوبژیوانی توركیا، وەفدی دانوستانی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا لە ئیستانبوڵ كۆبوونەوە، گۆتێرێس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە ‌و لەمیانەیدا پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ هەوڵەكانی ئاشتی نێوان مۆسكۆ ‌و كیێڤ ‌و كردنەوەی رێڕەی مرۆیی بۆ دوورخستنەی هاووڵاتیان لە ناوچەی شەڕەكان، دەربڕیوە. دوێنێش بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئەنقەرەی كرد.
بڕیاریشە سبەینێ، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی مۆسكۆ بكات ‌و رۆژی پێنجشەممەی داهاتووش سەردانی كیێڤ بكات ‌و لەگەڵ سەرۆكەكانی ئەو دوو وڵاتە كۆببێتەوە ‌و داوای راگرتنی جەنگ ‌و بەردەوامیدان بە دانوستانیان لێ بكات.

ئۆكرانیا 
ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رەخنەی لە بەرنامەی سەردانەكەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس گرتووە ‌و بە نالۆژیكی وەسفیكردووە ‌و رایگەیاندووە، كە دەبوایە لە پێشدا سەردانی كیێڤ بكات نەك مۆسكۆ.
راشیگەیاندووە: جەنگ لە ئۆكرانیایە، تەرمی هاووڵاتیان لە شەقامەكانی مۆسكۆ نەكەوتوون، بۆیە دەبوایە یەكەمجار سەردانی كیێڤ بكات ‌و لێكەوتەكانی هێرشی روسیا لەسەر هاووڵاتیانی وڵاتەكەی ببینێت. 
 لە سەرەتای جەنگەوە، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكرگرتووەكان تەنها جارێك بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا كردووە، ئەویش لە 26ی مانگی شوباتی رابردوودا بوو، كە دەكاتە دوای دوو رۆژ لە دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا. 
روسیا 
بەهۆی هێرشە سەربازییەكانی روسیاوە بۆ سەر ئۆكرانیا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئیدانەی هێرشە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەی كردووە تەنانەت ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیای بە پێشێلكردنی رێكەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمەتبار كردووە، ئەوەش مۆسكۆی نێگەران كرد و لەوكاتەوە سەرۆكی روسیا ئامادە نەبووە قسەی لەگەڵ بكات.

پێناچێت ئامانجەكەی بپێكێت
بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی، پێناچێت سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بتوانێت ئامانجی سەردانەكانی بپێكێت، چونكە حكومەتی مۆسكۆ چەند مەرجێكی هەیە ‌و ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت. لە بەرامبەریشدا، حكومەتی كیێڤ ناتوانێت مل بۆ ئەو مەرجانە بدات، بۆیە ئاسۆی سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان وەفدی هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ‌و راگەیاندنی ئاشتی، تا رادەیەكی زۆر لێڵ ‌و ناڕوونە. 
مۆسكۆ داوا دەكات كە ئۆكرانیا دەستوور هەموار بكاتەوە ‌و واز لە مەسەلەی ئەندامێتیی پەیمانی ناتۆ بهێنێت، دەستبەرداری چەكی ئەتۆم ببێت، دان بە نیمچەدوورگەی كریمیادا بنێت وەكو خاكی روسیا، هەروەها دان بە هەرێمەكانی دۆنیتسك ‌و لۆگانسكدا بنێت وەك دوو وڵاتی سەربەخۆ. لە بەرامبەریشدا، ئۆكرانیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە ئەندامێتیی ناتۆ،  بەڵام سەبارەت بە نیمچەدوورگەی كریمیا ‌و هەرێمەكانی دۆنیتسك ‌و لۆگانسك، بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانێت ‌و ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت. 
سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان