حكومەتی كاربەڕێكەر؛ دەتوانێت بودجە رەوانەی نوێنەران بکات؟

09:37 - 2022-04-25
ئابووری
719 جار خوێندراوەتەوە

ئا: جێگر خدر

زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2022ی عیراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە. لایەنەكانیش ناكۆكن سەبارەت بە دەسەڵاتی حكومەتی كاربەڕێكەر لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە.

״هەوڵەكان نا رەسمین״
بەوتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا ئێستا هیچ هەوڵێكی رەسمی نییە بۆ رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عیراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. ئەمە لەكاتێكدا بەهۆی هەڵكشانی نرخی نەوتەوە، پێشبینی دەكرا بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بودجەی ئەمساڵی عیراق قەبەترین بودجە بێت لە رووی بڕەوە.
لەوبارەیەوە، د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژە بەوەدەكات: ئەو هەوڵانەی بۆ بودجەی گشتیی ئەمساڵ تا ئێستا دراوە، هیچیان رەسمی نین و تەنیا ئەندامان لە نێو خۆیاندا گفتوگۆی لەسەر دەكەن و نوێنەران بە رەسمی داوای لە حكومەت نەكردووە و هەوڵی حكومەتیش لە ئارادا نییە.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی روونیدەكاتەوە: یەكەم جار نییە عیراق ساڵێك بەبێ بودجە بێت، ئەگەرچی دیار نییە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی 2014 و 2020 دەبێت یاخود نا، بەڵام هۆكارەكان هەریەكن، بەشێوەیەك لەو ساڵانەدا كە عیراق بودجەی نەبوو، بەهۆی دواكەوتن و پێكنەهێنانی كابینەی حكومەت بوو، ئەمە لەكاتێكدا لە دەستووردا ئاماژە بەوە نەكراوە كە «كابینەی كاربەڕێكەر ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی نوێنەران بكات»، بەڵام لۆژیك وایە حكومەتێك كە تەمەنی لە تەواوبووندایە، پڕۆژەیەك رەوانە نەكات كە حكومەتی نوێ كاری لەسەر دەكات.

دوو بژاردە هەیە
هەر سەبارەت بەو پرسە، د. جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تا ئێستا باسی بودجەی 2022 بە شێوەیەكی رەسمی نییە، ئەوەی كە هەیە تەنیا یاسای ئاسایشی خۆراكە و جارێكیش خوێندنەوەی بۆ كراوە و ئامادەكاریی بۆ خوێندنەوەی دووەم دەكرێت.
وتیشی: «لێرەدا پرسیارێك بۆ هەموان دروستبووە، ئەو حكومەتەی كە ئێستا هەیە و كاربەڕێكەرە، یاسایەك رەوانە دەكات كە چەند تریلیۆن دیناری تێدایە ئەی باشە بۆ دەسەڵاتی رەوانەكردنی بودجەی نییە؟!، ئەو پرسیارە لە هیچ جێگەیەكی زانستی و یاسایی وەڵام نەدراوەتەوە، بۆ هەمان پرس تانەیەك لە دادگای فیدراڵی هەیە و تا ئێستا دانیشتنی لەسەر نەكراوە».
ئاماژەی بەوەشدا: حكومەتێكی دەسەڵاتدار دەتوانێت بودجە بنێرێتە نوێنەران، ئەو حكومەتەی ئێستا كە كاربەڕێكەرە ئەو توانایەی نییە، هەرچەندە بە وتەی وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان، رەشنووسی پڕۆژەیاساكە نووسراوەتەوە و رەنگە گۆڕانكارییەكی كەمی بوێت.
لە ئەگەری پەسەندنەكردنی بودجەی ئەمساڵ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: عیراق دەكەوێتە بەردەم دوو بژاردەوە، بژاردەی یەكەم ئەوەیە تەنیا بودجەی بەكاربردن خەرج بكرێت، كە لە ئەنجامی ئەوەشەوە عیراق ساڵێكی بێ پەرەپێدان و بێ پڕۆژەی ستراتیژی تێدەپەڕێنێت، لە بژاردەی دووەمدا حكومەت بە رێكەوتن لەگەڵ نوێنەراندا پڕۆژەكان چەند جارێك بەپێی كات رەوانە دەكات و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و دەنگدانی لەسەر دەكرێت، ئەمە ساڵی 2020 روویدا، بەڵام ئەوكات حكومەت دەسەڵاتدار بوو، رەنگە ئەم كابینەیەی مستەفا كازمی ئەو توانایەی نەبێت.

ململانێ سیاسییەكان و تێپەڕاندنی بودجە
لای خۆیەوە، شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و شارەزای بواری ئابووری، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: ململانێ سیاسییەكان كاری كردۆتە سەر رێوشوێنەكانی یاسای بودجە لە ساڵی 2022دا، هەرچی سەدرییەكانە مەبەستیانە حكومەتەكەی مستەفا كازمی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانە بكات، رەنگە ئەم پێشنیارە ببرێتە ناو دانیشتنی نوێنەرانیشەوە، بەڵام لایەنەكانی تر بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو بژاردەیە نین.
دەشڵێت: «بۆچوونی من وایە كە عیراق بۆ ساڵی 2022 پڕۆژەیاسای بودجەی نابێت».

دەرچەیەك بۆ چارەسەر
پێشتریش، محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندبوو: یاسای بودجە پرسێكی گرنگە، چونكە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، هەر ئەم گرنگییەش وا لە نوێنەران دەكات، دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری پرسی حكومەتی كاربەڕێكەر و گەیشتن بە شێوازێكی گونجاو بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشدابوو: ئێستا گفتوگۆ هەیە لەبارەی چارەسەرەكان و بوونی پاڵپشتیی دەستووری و یاسایی لە یاسای ئیدارەی داراییدا، هەروەها گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو دۆخەی كە وڵات تێیكەوتووە، بەهۆی بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیدەكاتەوە: دەستەواژەی «كاربەڕێكەر» لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی لێوەكراوە و ئەم حكومەتە دەتوانێت سەرجەم كارەكانی جێبەجێ بكات، جگە لە پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكان نەبێت، روونیشیكردەوە: حكومەتی كاربەڕێكەر لە سەرووی یاسای ئیدارەی دارایی و دەستوورەوە نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان