عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی
ئه‌م بابه‌ته‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه، به‌شێكه له ناوه‌ڕۆكی سمینارێكمان كه رۆژی 14-4-ی 2022 له ساڵیادی شوومی تاوانی ئه‌نفالدا، وه‌ك ترسناكترین قۆناغی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له باشووری كوردستان، له په‌یمانگای ته‌كنیكی كوردستان، له سلێمانی، پێشكه‌ش كرا.
له به‌شێكی سمیناره‌كه‌دا، به شێوه‌ی تیۆری، هاوكات له روانگه‌ی ئه‌زموونی توێژه‌ران و نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورده‌وه له باشووری كوردستان، باس له دۆخی به‌رهه‌مهێنانی كتێب و مه‌رج و پێویستییه‌كانی له بواری تاوانه‌كانی جینۆسایددا ده‌كه‌ین، بایه‌خی به‌شداریكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش بیر ده‌خه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تی له پڕۆسه‌ی مێژوویی زیندووڕگرتنی یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵدا له ئاست ئه‌و تاوانانه‌و له بیرنه‌كردنیان.
بوارێكی فراوان
بواری دانانی كتێب و به‌رهه‌مهێنانی له باره‌ی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی/جینۆساید Genocide كه رووبه‌ڕووی گه‌لی كورد بۆته‌وه، بوارێكی فراوانه، پێویسته نووسه‌ران و توێژه‌ران، گونجاوترین ژانر و شێواز هه‌ڵبژێرن كه توانایان به‌سه‌ریدا بشكێت و كاریگه‌ری دروست بكه‌ن، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه به‌شداربن له فراوانكردنی زیاتری ئاسۆی كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م تاوانانه كه تاوانی چۆنایه‌تی و بێوێنه‌ن.
له باری تیۆرییه‌وه، ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه بواری كاركردنه‌كه فراوانه، گریمانه‌كه ئه‌وه‌یه كه، هه‌تا زیاتر له ورده‌كاریی تاوانه‌كانی جینۆساید بكۆڵرێته‌وه، هه‌تا زانیاریی زیاترمان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت، هه‌تا دیكۆمێنتی زۆرترمان له‌سه‌ری به‌ر ده‌ستبێت، ئه‌وا ده‌توانرێت بواری كاركردنیش له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه له زۆر چالاكیی زانستی و فكری و رۆژنامه‌نووسی و میدیاییدا درێژ بكرێته‌وه‌و له كۆتاییدا له چوارچێوه‌ی به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆری كتێب و دانراودا، بڵاو بكرێنه‌وه.
هاندانی به‌شداری
بۆ هه‌ر كه‌سێك، چالاكوانێك، بكه‌رێك كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان گرنگی به پرسی جینۆساید بدات، بۆ نموونه له بابه‌ت هۆڵۆكۆست -ی جوله‌كه‌كان له(1941-1945) و، كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نه‌كان له(1915-1923) و، تراژیدیای جۆرنیكای باسكییه‌كان له ئیسپانیا له(1937) و، سه‌براو شاتێلا -ی فه‌له‌ستینییه‌كان له(1982) و، تۆتسی و هۆتۆ-ی رواندییه‌كان له(1994) و، قه‌سابخانه‌كانی بۆسنییه‌كان به‌ده‌ستی سربییه‌كان له(1994) و ..هتد... له‌ناخۆیشدا بایه‌خ به تاوانه‌كانی ئه‌نفال(1998) و دۆسییه جیاجیاكانی تری جینۆساید بدات له باشووری كوردستان، له‌هه‌مانكاتدا شتێكیش ئاگای له باكگراوه‌ندو پیشینه‌ی كاركردن بێت له‌م بواره‌داو، له رێی زانینی ئه‌زموونی گه‌لانی تریشه‌وه به رێوشوێنه‌كان و شێوازه جۆراو جۆره‌كانی بایه‌خدان به تاوانه‌كانی جینۆساید ئاشنا بووبێت، ئه‌وا بێگومان له‌ناو زنجیره‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه دێنه پێشه‌وه، هه‌ر زوو بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه بژارده‌كان بۆ راوه‌ستاون له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه یه‌كجار زۆرن.
جگه له‌وه، ده‌رفه‌ته‌كان هه‌میشه كراوه‌ن و زیاتر له شێوازێكی گونجاو له‌گه‌ڵ بواری پسپۆریی مرۆڤدا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كه‌ی خۆی و له به‌رهه‌مهێنانی كتێبدا له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید، به‌شدار ببێت.
ئه‌م به‌شداریكردنه چاره‌نووسسازو ستراتیژییه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه هێشتا بنده‌ستن!. گه‌لانی تری جینۆسایدكراو، جگه له‌وه‌ی له رێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه، له خوێندنی باڵا‌و په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌وه، به شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی، كاریان له‌سه‌ر تاوانه‌كانی جینۆسایدكردنی خۆیان كردووه‌و به گه‌لانی جیهانیان ناساندووه، هه‌موو هاووڵاتییه‌كی خۆیشیان، به‌پێی شاره‌زایی و پسپۆریی جیاجیا، هانداوه بۆ ئه‌وه‌ی سیمبولییانه‌و فیزیكییانه به‌شداربن له ناساندنی تاوانه‌كانی جینۆساید‌و رێگه له دووباره بوونه‌وه‌یان بگرن.
دوای 30 ساڵ!
ئێمه له باشووری كوردستاندا، به‌تایبه‌تی له دوای راپه‌ڕینه‌وه، هه‌وڵێكی زۆری نوسه‌ران، توێژه‌ران، رۆژنامه‌نووسان ده‌بینین كه له رێی به‌رهه‌مهێنانی كتێبه‌وه له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید، ئه‌ده‌بیاتێكیان بۆ دروست كردووین كه ئه‌مڕۆ ده‌توانین، وه‌ك سه‌رچاوه، بۆیان بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و به‌شدارییانه، وێرای نرخاندنیان، پێویستییان به رێكخستنه‌وه هه‌بوو.
دوای نزیكه‌ی 30 ساڵ له ئازادیی دوای راپه‌ڕینی(1991ز)، به‌و دواییانه بوو كه توانرا زۆربه‌ی ئه‌و توێژه‌رو نووسه‌رانه كۆبكرێنه‌وه كه گرنگی به تاوانی ئه‌نفال و جینۆساید ده‌ده‌ن و كتێبیان له‌باره‌وه چاپكردووه، ئه‌ویش له رێی رێكخستنی كۆنگره‌یه‌كه‌وه بوو به هه‌وڵی دڵسۆزان كه ئه‌مساڵ(2022) له شاری كه‌ركوكدا سازكراو له رێگه‌یه‌وه توانرا، بۆ یه‌كه‌مجار، یه‌كێتییه‌ك بۆ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی بواری جینۆساید دابمه‌زرێت به ناوی “یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان”.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌بێ بڵێین كه، نابێ به‌وه رازی بین و پێویست وایه هه‌موو لایه‌ك به‌شداری بكات. نه‌ته‌وه‌ی قوربانی، له هه‌موو دۆخێك‌دا، نابێ ترسی له جه‌لاده جۆراو جۆره‌كان بڕه‌وێته‌وه!، به‌تایبه‌تی كورد كه خاكه‌كه‌ی به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی داگیركه‌ردا دابه‌شكراوه. پێویسته ئێوه‌ی خوێندكاران و چالاكوانانیش، هه‌ریه‌كه‌و سبه‌ی رۆژ له بواری پسپۆریی خۆتاندا رۆڵتان له زیندوو ڕاگرتنی یاده‌وه‌رییه‌كان و بیروه‌ری به‌كۆمه‌ڵ و بیرنه‌چوونه‌وه‌ی تاوانه‌كاندا هه‌بێت.
چی بكرێت، مه‌رجه‌كان؟
ئه‌گه‌رچی بواری به‌رهه‌مهێنانی كتێب له‌باره‌ی تاوانی جینۆسایده‌وه فراوانه، به‌ڵام كارێكی ئاسانیش نییه، به‌ڵكو له هه‌موو دۆخێك‌دا، چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی نوسه‌ران، به‌شداری و به‌رهه‌می سوود به‌خش و پڕ له زانیاری و زانین knowledge بێت، لێره‌دا هه‌ندێ له‌و مه‌رجانه بیر ده‌خه‌ینه‌وه:-
-پێویسته پرسی جینۆساید خۆی، ئیتر له كوردستاندا روویدابێت، یان هه‌ر رووبه‌رێكی تری جیهان، جێی بایه‌خی دانه‌ر/ نووسه‌ر بێت، واته به‌شێك بێت له كارنامه‌ی كاروانی پیشه‌یی خۆی.
-پێویسته دانه‌ر/نووسه‌ر، ئاگاداری لانیكه‌م به‌شێك له‌و تاوانانه‌ی سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه‌ی خۆی بێت كه ده‌چنه خانه‌ی جینۆسایده‌وه. ئه‌مه یارمه‌تیده‌ره بۆ فراوانكردنی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌و كاركردن له‌سه‌ر تاوانه‌كانی هاوشێوه كه له‌وڵاتی خۆیدا روویداوه.
-گرنگه زانیاریی له‌باره‌ی بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێككه‌وتنامه گڵۆباڵه‌كان هه‌بێت كه له دژی تاوانه‌كانی جینۆسایدن، یان لانیكه‌م، زانیاریی له‌باره‌ی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه.
-باكگراوه‌ندێكی له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندی و ورده‌كاریی ئه‌و سیسته‌مه حوكمڕانییانه‌وه هه‌بێت كه له وڵاته‌كانی خۆیاندا‌و له مێژووی جیاجیادا تاوانی جینۆسایدیان، چ ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌ی خۆیان بێت، یان گه‌لانی تر، ئه‌نجام داوه.
-بڕێك زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه مێژوویی و هۆكاره ستراكتۆرییانه هه‌بێت كه ده‌توانن شرۆڤه‌ی ره‌هه‌نده جیاوازه‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جینۆسایدمان بۆ بكه‌ن.
-دانه‌ر/ توێژه‌ر/ نوسه‌ر/ رۆژنامه‌وان، هه‌ر هه‌ر پیشه‌یه‌كی تری نزیك له‌مانه، جۆرێك له پسپۆرێتی وه‌ربگرێت له نووسین له بواری جینۆسایدداو كاری سه‌ندیكایی و كۆمه‌ڵه‌ییشی بۆ بكات، وه‌ك وتمان ئێستا یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان‌مان هه‌یه‌و هه‌مووان ده‌توانن به هۆی كاركردن له‌سه‌ر تاوانی جینۆساید ببنه ئه‌ندام تیایدا.
-ئاگاداری به‌شێك له‌و ئه‌ده‌بیاته بێت كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه‌و له وڵاتی خۆیدا له باره‌ی تاوانه‌كانی جینۆسایده‌وه هه‌ن، به‌تایبه‌تی كه ساڵانه به‌رهه‌می تر دێته ئاراوه‌و خوێندنه‌وه‌و زانیاری و چه‌مكی جیاواز و نوێ له دۆسییه‌كانی جینۆسایددا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
-شاره‌زاییه‌كی هه‌بێت له‌باره‌ی ئه‌زموونی گه‌لانی قوربانی ده‌ستی تاوانه‌كانی جینۆساید كه چۆن داكۆكییان له كه‌یسه‌كانی خۆیان كردووه‌و به جینۆسایدیان ناساندووه، ئه‌و رێوشوێن و شێوازانه‌ش چی و چۆنن كه كه‌یسه‌كانیان پێ جوڵاندووه‌و ئه‌نجامی هه‌بووه‌و ده‌نگی داوه‌ته‌وه.
-ئاگاداری هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی گه‌وره‌ی جیهان و ناوچه‌كه بێت له باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی كه به تاوانی جینۆساید ده‌ناسرێن.
-ئه‌گه‌ر دانه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له بواره‌كانی جینۆسایددا بخوێنێت و پێگه‌یشتبێت، ئه‌وا باشتره بۆ ئه‌وه‌ی نامیلكه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و كتێبی زانستی به‌رهه‌م بهێنێت.
-بایه‌خ به‌و كۆنگره‌و كۆنفرانسه نێوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییانه بدات كه له بواری مافه‌كانی مرۆڤ و جینۆسایددا، ساز ده‌كرێن.
ئه‌وانه‌و زۆر خاڵی تریش كه وه‌ك مه‌رج و پێویستین بۆ هه‌لومه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كتێب له بواری جینۆساییدا.
چی بكرێت، شێوازه‌كان ؟
شێوازی به‌شداریكردنی هه‌ر دانه‌ر/نووسه‌رێكیش كه بیه‌وێت كتێب له‌باره‌ی تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایده‌وه بنووسێت و چاپ بكات، زۆرن. هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌كێك له بژارده‌كان هه‌ر به‌ند نییه به حه‌زو ئاره‌زووی تایبه‌تی و ده‌ستپێشخه‌ریی خودییه‌وه، یان راسپارده‌ی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵكو بواری پسپۆری و پیشه‌یی-یش له‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه‌ن كه پێویسته ره‌چاو بكرێن،
له‌م رووه‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و بكه‌ره/كه‌سه، توێژینه‌وه به پێی بواری پسپۆریی خۆی ئه‌نجام ده‌دات؟، چاوپێكه‌وتن و سه‌ربورده‌ی شایه‌تحاڵه‌كان تۆمار ده‌كات؟، ئایا به‌ڵگه‌نامه نووسراو و مادییه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌و له‌باره‌یانه‌وه ده‌نووسێت؟، ئاخۆ كۆمه‌ڵێك ریپۆرتاژ و راپۆرتی رۆژنامه‌وانی و به‌دواداچوونی میدیایی ده‌كات و ده‌یانكاته كتێب؟، ئایا كتێبێك له باره‌ی ئه‌ده‌بیاتی نوسراو ده‌كات، واته رانان و خوێندنه‌وه بۆ كتێبه‌كانی تری بواری جینۆساید؟.
به بارێكی تردا، ئایا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تیۆری و چه‌مكسازی ده‌نووسێت و له‌به‌ر رۆشناییان خوێندنه‌وه بۆ دیارده‌و رووداوه‌كانی ناو ئه‌و تاوانانه ده‌كات كه له جینۆسایدكردندا، به ده‌ركه‌وتوون؟، ئایا كۆمه‌ڵه وتار تۆمار ده‌كات كه له سه‌رده‌م و كاتی جیاوازداو له‌گه‌ڵ بۆنه‌و رووداوه‌كاندا نووسیونی و دواتر كۆیان ده‌كاته‌وه؟، ئایا هه‌ڵده‌ستێت به وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می بیانی و بێگانه له‌باره‌ی جینۆسایده‌وه؟، ئاخۆ له باره‌ی جینۆسایدی گه‌لانی ده‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ده‌نووسێت بۆ دروستكردنی هۆشیاریی به تاوانی جینۆساید؟ ئایا یاداشتنامه‌ی ده‌بێت كه بێگومان ئه‌وكات پێویست وایه یاداشتنووس له سه‌رده‌می تاوانه‌كاندا ژیابێت.؟ ئایا به‌رهه‌مێكی دیكۆمێنتاری فۆتۆگرافه‌ری له‌باره‌ی ورده‌كاریی تاوانه‌كان، یان قوربانیانی تاوانی جینۆسایده‌وه، ئاماده ده‌كات؟
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئایا له‌سه‌ر گوتار‌و رووماڵی رۆژنامه‌و میدیاكانی جیهان ده‌وه‌ستێت له سات و سه‌روه‌ختی كه‌وتنه‌وه‌ی تاوانه‌كاندا؟ ئایا له‌سه‌ر جوگرافیا‌و ژینگه‌ی سروشتیی تاوانه‌كانی جینۆساید ده‌نووسێت؟ ئایا بایه‌خ به پرسی كاره‌كته‌ره تاوانباره‌كانی تاوانی جینۆساید ده‌دات؟، ئایا زیانه مادی و ئابوورییه‌كانی تاوانه‌كانی جینۆساید رووماڵ ده‌كات؟، ئایا له پێكهاته‌ی سۆسیۆلۆژیی كۆمه‌ڵگه‌ی قوربانی ده‌كۆڵێته‌وه؟ یان له ئایدیۆلۆژیای جه‌لاد؟ ئایا به به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی وه‌ك رۆمان و چیرۆك به‌شداریی ده‌كات؟، ئایا به ده‌قی ئه‌ده‌بیی له بابه‌ت په‌خشان یان شیعر؟، یان له‌سه‌ر ره‌هه‌نده یاساییه‌كانی تایبه‌ت به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید ده‌وه‌ستێت؟ ئه‌وانه‌و لیستێكی دووردرێژی تری پرسیار كه بێگومان لێره‌دا بواری بیرخستنه‌وه‌یان نییه.
كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیارو كارا
ئه‌و پرسیارانه، ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته ده‌خه‌نه‌ڕوو كه بواره‌كانی كاركردن له‌سه‌ر تاوانه‌كانی جینۆساید، هێنده فراوانن، مومكینه هه‌موو چین و توێژێكی كۆمه‌ڵگه، له هه‌ر وڵاتێكدا بێت، بتوانێت به شێوازێك له شێوازه‌كان، به‌شدارییه‌كی دامه‌زراوه‌یی، یان خۆبه‌خشانه، له زیندوو هێشتنه‌وه‌ی دۆسییه‌كانی تاوانه جیاجیاكانی جینۆسایددا بكات و له‌و رێگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی قوربانی ببێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیارو كارا، ببێته هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عنه‌ویی رێگرتوو له ئه‌گه‌ره‌كانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی، چ له واقعی خۆیدا بێت، چ وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ گه‌لانی تری جینۆسایدكراویش، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه توانای به‌رهه‌مهێنانی كتێبیان له‌م بواره‌دا به زمانه زیندووه‌كانی جیهان هه‌یه، ئه‌وان ده‌توانن ئه‌م رۆڵه بگێڕن، ده‌شتوانن وه‌ك بكه‌ری گه‌ردوونی تێكه‌ڵ به خه‌باتی گه‌لانی تری دنیا بن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید‌و، بۆ سزادانی مادی و مه‌عنه‌ویی تاوانبارانیش كه له‌و تاوانانه‌وه گلاون.