یادی فەقێ رەشیدی هەمەوەند

11:32 - 2022-04-25
کەلتور
770 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد حسێن
سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو پیاوێکی بەژن ناوەندی و شێوە نورانی تەمەن دەوری هەشتا ساڵی دەهاتە لای هاوڕێی کۆچکردووم سابیر سەعید شوکری شاعیر کاک (رازی)ی سەعاتچی، جەنابی ناوی مامە رەشەی هەمەوەند بوو، هەروەها فەقێ رەشیدی هەمەوەندیشیان پێدەگوت، ئەم پیرە ژیرە بلیمەتە رۆح سوک و دەنگ زوڵاڵە، بە پۆشاکی کوردیی رەسەنەوە دەردەکەوت، جەمەدانەی دەبەست و کەواوسەڵتەی لەبەردا بوو تا بڵێی بەهەیبەت هۆشمەند و بیر تیژ و وریا و لەسەرخۆ و بەڕێز  بوو، ناخی مێشکی گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسکیی کوردی تیایدا مەلەوانێکی کارامە بوو، کەدەستی دەکرد بە بەرباخەڵیدا یەکسەر کەشکۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بچووکی کۆنی خنجیلەی دەردەهێنا، بەخەتێکی جوان رازاندبویەوە، شیعری فەقێ قادری هەمەوەند و مەولەوی و مەلای جەباری و چەندانی تری تیادا تۆمار بوو، زۆر وەستایانە بە ئیقاعەوە دەیخوێندەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکردن .
دەیووت: رۆڵەکانم گەلێک لەم کەشکۆڵانەم هەیە و پاراستوومن بە دیقەت نووسیومنەتەوە، دەستنووسەکان یاوەر و هاوڕێمن، بەقایمکارییەوە هەڵم گرتوون بۆ رۆژی خۆی، خۆزگە ئەم ئاسارانە بەچاپ دەگەیەنران، ئێمە گەلێک شاعیری باش و پیاوی گەورەمان هەن، ئینجا بۆ بێکەسی کورد هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشاو کەشکۆڵەکەی دەخستەوە نێو گیرفانی سەڵتە یان چاکەتەکەی.
وەک لە سەردانێکمدا بۆلای ناسیاوم کاک قادر محەمەد کەریم خاوەنی(ستۆدیو قادر) لەشەقامی پیرەمێرد، کچەزای ناوبراو، هەندێ زانیاریی دەربارەی باپیری دامێ، بێگومان ئەم زاتە پێش ساڵانی 1900 لەدایکبووە، کەسوکار و بنەماڵەیان لەو کۆمەڵە هەمەوەندە بوێر و چالاکانە بووە کاتی خۆی لەلایەن دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانییەوە دوورخراونەتەوە بۆ باکوری کیشوەری ئەفریقا، خانەوادەی ئەمان بەر وڵاتی لیبیا کەوتون، مامە ڕەشە بەهەرزەکاری پێش یەکەم جەنگی جیهانیدا لەگەڵ چەند خزمێکیدا بەنیازی گەڕانەوە بۆ کوردستان بەهەر حاڵێک خویان دەگەیەننە وڵاتی تورکیا بەداخەوە لەوێ ئاشکرا دەبن و دەستگیر دەکرێن، دیسان بە یەخسیری و کسپەوە رەوانەی وڵاتی لیبیا دەکرێنەوە، دوای روخانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەردەمی ئینگلیزدا پلان دادەنێن بە نهێنی ئەمجارە خۆیان دەگەیەننەوە کوردستان، پاش حەوانەوە دەستی لەکارگیر دەبێت، لە هەمان کاتدا درێژە بە خوێندن و خوێندەوارییەکەی دەدات.
جگە لەزمانی کوردی شارەزایی لەعەرەبی و فارسی تورکیدا پەیدا دەکات، وەک نەریت و پێویستی ژیان و ئەوینداری بڕیاری هاوسەرگیری دەدات خێزان پێکەوە دەنێت پاشان دەبێتە پۆلیس، دامەزراندنەکەی بەزۆری لە مەخفەری گوندی (گۆڵێ)ی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن بەسەر دەبات، ساڵانێک تێدەپەڕێت بۆ جاری دووەمیش هاوسەرگیری دەکات، بەخۆشییەوە نەوەکانی ماون و شانازێ بە باپیریانەوە دەکەن.
لەکۆتایی چلەکاندا خانەنشین دەکرێت، فەقێ رەشید دوای بەسەربردنی تەمەنێکی درێژ  ساڵی 1975 کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (شێخ محێدین) لەسلێمانی بەخاک سپێردراوە، وەک وتم ئەو چەند جارەی بەخزمەتی گەیشتوم لە هەندێ بەسەرهاتی حاڵی ببوم، رۆژگار بە شێنەیی هەنگاوی خۆی نا ئیتر نەمزانی مامە رەشەی هەمەوەند خۆیشی بەرهەمی شیعری هەبوو یان نا! دووبارەی دەکەمەوە ئەوەندە دەزانم و لە بیرمە سەرگوزشتەی دەربارەی هەندێک لە شاعیرانی 
لەلا بوو.
بە خامەی ئوچ شێوە رێنوسی  فارسی نوسیبویەوە، لێرەدا دەڵێین بریا نەوەکانی ئەرکی بەدواداچونیان بۆ کۆکردنەوەو بەچاپگەیاندن بکێشایە، ئەو پیرە منەووەرە حیکایەتخوان و مێژووزان و کورد پەروەر بوو، بەداخەوە عەقڵمان میوان نەبوو لەگەڵی دانیشتین و وتووێژمان لەخزمەتیدا بکردایە، لە ئەنجامی کەمتەرخەمی زۆر شوێنەواری دەوڵەمەندمان  بە هەوانتە لە کیس چووە، ئیتر نەمدییەوە، یادت بەخێر ئەی پیرە پیرۆزە نەمرە لە دەستچووەکەمان فەقێ رەشیدی هەمەوەند جێگەت بەهەشتی بەرین بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان