«ئەم هاوینە تاقەتپڕوكێن دەبێت»

وشكەساڵی؛ عیراق وشك دەكاتەوە

09:14 - 2022-04-26
ئابووری
579 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئەركان جەبار

سێیەم ساڵ لەدوای یەكە، عیراق بە دەست كەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات و فراوانبوونی رووبەری بیابان و وشكەساڵییەوە دەناڵێنێت، تائێستاش هیچ هەنگاوێكی كردارەكی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لە عیراقدا نەنراوە.
راوێژكارێكی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش، جەخت لە مەترسییەكانی بێئاویی و وشكەساڵی دەكاتەوە و دەڵێت: «هاوینێكی تاقەتپڕوكێن لە بەردەم عیراقییەكاندایە».
هاوكات، بەپێی توێژینەوەیەكی ستراتیژیی ئەو وەزارەتە، لە ساڵانی نێوان (2014 - 2035) عیراق لەكۆی داهاتی ئاوەكەی، بڕی 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەستدەدات.

عەمباری ئاو 50 % كەمبۆتەوە
ماوەی سێ ساڵە، بەهۆی كەمی رێژەی باران بارین، عیراق رووبەڕووی كەمئاوییەكی مەترسیدار بۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی ساڵانێكی زۆرە بەشە ئاوی عیراق لە رووبارەكاندا لەلایەن توركیا و ئێرانەوە كەمكراونەتەوە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق هۆشداری دەدەن كە توانای عەمباركردنی ئاوی خواردنەوەیان بۆ هاوینی ئەمساڵ بە رێژەیەكی زۆر كەمدەبێتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی، ساڵانە عیراق بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و بەراوكردنی زەوی كشتوكاڵی، هەم پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە سەرچاوەكەی لە توركیا و ئێرانەوەیە، هەمیش ئەو بڕە ئاوەی كە لە ئەنجامی باران و بەفرەوە دەستدەكەوێت.
لەوبارەیەوە، عون زیاب راوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایدەگەیەنێت: هاوینی ئەمساڵ بۆ عیراقییەكان تاقەتپڕوكێن دەبێت، چونكە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی عەمباری ئاو 50 % كەمبۆتەوە، بۆیە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كە بتوانین ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان و بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵی و باخەكان دابین بكەین.
دەشڵێت: «وێڕای چڕكردنەوەی هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكانمان، بەڵام هێشتا عەمباری ئاوی شیرین لە دۆخێكی باشدا نییە».

چارەسەرێكی ریشەیی
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئاماژە بەوەشدەكات: دەبێت دۆسێی ئاو لە پێشینەی هەموو پرسەكانی دیکەی حكومەتەوە بێت، چونكە زۆر گرنگە و لە هەمان كاتیشدا مەترسیدارە و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی كەمبوونەوەی ئاو كاریگەریی خراپی لەسەر سێكتەری كشتوكاڵیی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق دروستكردووە.
بەوتەی عون زیاب، بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا وەفدێكی توركیا سەردانی عیراق بكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی قەیرانی ئاو، هاوكات بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە گفتوگۆداین و دەمانەوێت چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەم كێشە گەورەیەی عیراق بدۆزرێتەوە.

دەریاچەی حەمرین ون دەبێت
هاوكات بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی ئاو لە سنووری پارێزگای دیالە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی ملیۆنێك و 600 هەزار كەسە، ئاوی دەریاچەی حەمرین بۆ ئاستێكی زۆر مەترسیدار دابەزیوە. جووتیارانی سنوورەكەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە ئێران بەردانەوەی ئاوی كەمتر كردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی باران بارین لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا زۆر كەمبووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، دەریاچەی حەمرین كە توانای گلدانەوەی بڕی دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا 95 %ی ئاوەكەی كەمبۆتەوە.
راوێژكارەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: «وشكەساڵی لە هەرسێ ساڵی (2020، 2021 و 2022)، كاریگەریی زۆر بەهێزی لەسەر دەرامەتی ئاو لە عیراق هەبووە و دەبێت، بۆیە دەبێت پلانی وردتر دابڕێژرێت لەبارەی چۆنێتی مامەڵەكردن بە ئاوی خواردنەوەی ئەم هاوینەی هاووڵاتیانەوە». 

لە دەستچوونی 11 ملیار مەتر سێجا
لای خۆیەوە، عەلی رازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند: پێشتر لە توێژینەوەیەكی ستراتیژیدا ئەو مەترسییەمان خستبۆوە روو كە لە ساڵانی نێوان (2014 - 2035) عیراق لەكۆی داهاتی ئاوەكەی، بڕی 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەستدەدات.
وتیشی: «جگە لە هۆكاری كەمبوونەوەی باران و كەمكردنەوەی بەشە ئاوی عیراق لە رووبار و دەریاچە هەرێمایەتییەكانەوە، كۆمەڵە هۆكارێكی دیكە هەن كە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیران ئاو لە عیراقدا، لەوانە: زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، زیادبوونی ژمارەی بەنداوی گەورە و مامناوەند لە ناوخۆی عیراقدا، لەگەڵ بەهەدەردانی ئاوی شیرین لەلایەن بەشێكی زۆری هاووڵاتیانەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە تائێستا رۆشنبیریی پاراستنی ئاو لە عیراقدا نەبووە بە كەلتور».
هاوشێوەی ساڵی رابردوو، بەشێكی زۆر لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانیش بەهۆی كەمبارانییەوە، رووبەڕووی وشكەساڵی بوونەتەوە. پێشتریش لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم رایانگەیاند: ئامادەكاریی دەكەن بۆ روبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی لە هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش بودجەیەك تەرخان دەكرێت.
كەمی باران بارین و دروستبوونی وشكەساڵی، تەنیا لە عیراق و هەرێمی كوردستان نییە و وڵاتانی دراوسێی عیراقیش رووبەڕووی هەمان كێشە بوونەتەوە، بەشێوەیەك ماوەیەك لەمەوبەر هەریەك لە ئێران و سوریا ئامادەكارییان بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی راگەیاند.

#وشكەساڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان