بۆ مێشکێکی تەندروست ئەم خۆراکانە بخۆ

11:40 - 2023-05-14
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان



لە توێژینەوەیەکی پزیشکی نوێدا هاتووە، سیستەمێکی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە سەوزەواتی گەڵا سەوز و چەرەسات باشترین رێگەیە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکێک لە گرنگترین ئەندامەکانی لەش ئەویش مێشکە.
ئەو توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری «یورۆبیان جۆرنال ئۆف نیوتریشن» دا بڵاوکراوەتەوە تێیدا داتای تەندروستی 6000 کەسی خستۆتەڕوو کە لە شانشینی بەریتانیا بەشدارییان تێدا کردووە و تەمەنیان 40-73 ساڵە، دەریدەخات ئەو کەسانەی خۆراکیان دەوڵەمەند بووە بە مەگنیسیۆم کەمتر دووچاری پووکانەوەی مێشکی پەیوەست بە تەمەنەوە بوون کە نیشانەیەکە بۆ پیریی مێشک.

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە مەگنیسیۆم
*لێکۆڵەران لە زانکۆی نەتەوەیی ئوستورالی مەگنیسیۆمی خۆراکیان پێوا لە سەوزە گەڵا سەوزەکاندا وەک سپێناخ و پاقلەمەنی هەروەها لە چەرەسات و تۆو و دانەوێڵە تەواوەکاندا، لە ماوەی 16 مانگدا بۆ زانینی رێژەی مەگنیسیۆم تێیاندا و بۆیان دەرکەوت دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم.  
* پەیمانگە نەتەوەییەکان بۆ تەندروستی گەوران ئامۆژگاری دەدەن رۆژانە هەر تاکێک 320 مللی گرام مەگنیسیۆم بخوات، بەڵام ئەوانەی لەو توێژینەوەیەدا بەشدارییان کردبوو مێشکێکی تەندروستیان هەبوو، رۆژانە 550 مللی گرام مەگنیسیۆمیان خواردبوو.
* لێکۆڵەران دوای ئەو توێژینەوەیە رایانگەیاند زیادکردنی خواردنی مەگنیسیۆم رەنگە ببێتە هۆی باشکردنی تەندروستی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەوەش کاردەکات بۆ پارێزگاریکردن لە توانای درک پێکردن، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان یان دواخستنی دەرکەوتنی لە قۆناغەکانی دیکەی تەمەندا.
هاوکات تەواوکەرە خۆراکییەکانی مەگنیسیۆم ناوبانگێکی زۆری لە سۆشیال میدیادا هەیە، بەجۆرێک هەندێک بەڤیدیۆکانیان بانگەشەی ئەوە دەکەن یارمەتیدەریان بووە بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ و خەوزڕان، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە دەریدەخات بەفیڕۆدانی پارە لە کڕینی تەواوکەرە خۆراکییە گرانبەهاکاندا بێ سوودە بۆ باشکردن و پاڵپشتیکردنی وەزیفەکانی مێشک، بەڵکو تەنیا بەخواردنی سپێناخ دەتوانیت ئەو سوودە جەستەیی و عەقلییانەی لە مەگنیسیۆمەوە دەستدەکەوێت وەربگریت.

سوودەکانی مەگنیسیۆم
- حەوانەوە دەدات بە ماسولکەکان بەهۆی ئەوەی رێگریی لە کالیسیۆم دەکات ماسولکەکان گرژ بکەن، بەپێی زانایانی خەو بێت ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ حەوانەوەی زیاتر.
- بەپێی پسپۆرانی دەروونی و خۆراکیی بێت مەگنیسیۆم کاریگەری هەیە بۆ خەوێکی باش لە رێگەی دروستکردنی بەرگریی گلۆتامین ئەویش ترشێکی ئەمینییە و گوێزەرەوەی دەمارییە لە جەستەدا بەرزدەبێتەوە کاتێک بەخەبەریی یان ئازارت هەیە. 
- خەوێکی باش و بە بەردەوامیی پەیوەستە بە باشبوونی بیرەوەریی و سەرنج، ئەوەش سوودەکانی مەگنیسیۆم بۆ تەندروستی عەقڵ دەردەخات.
- ئەو کەسانەی دەیانەوێت مەگنیسیۆمی زیاتر وەربگرن دەتوانن چەرەساتی زیاتر بخۆن لەجیاتی تەواوکەرە خۆراکییەکان.
- رەنگە تەواوکەرە خۆراکییەکان ببنە هۆی تووشبوون بە سکچوون و کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و رێژەی زۆریش لە تەواوکەری مەگنیسیۆم دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن و خاوبوونەوە و خەمۆکی و شڵەژان.

سەرچاوە: سکای نیوز  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان