دیداری یەكێتی لە روانگەی كەركوكییەکانەوە

10:51 - 2022-04-27
ڕاپۆرت
279 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

لە دوای كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی نوێ‌بوونەوە و بایەخدان بە دەرئەنجامەكانی كۆنگرە، ئەو حزبە هەوڵدەدات لە فۆرمێكی نوێدا یەكێتیی لە گۆڕەپانی سیاسیدا رۆڵ و كاریگەریی لە رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان ‌و خزمەتكردنی هاووڵاتی كوردستان لەم دۆخە نالەبارەی كە كوردستان‌و عیراق پێدا تێدەپەڕێت، دابڕێژێتەوە. 

گرنگی دیداری یەكێتی لە ناوچە دابڕاوەكاندا
لەو بارەیەوە رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتی ‌و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی (ی.ن.ك) بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێویستمان بەوە بوو كە ئەو بڕیارانەی لە كۆنگرەدا درا بوون، خوێندنەوەی واقیعانەی بۆ بكرێت تا لەگەڵ خواستەكانی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بگونجێت، بۆئەوەی بتوانرێت میكامیزمێكی گونجاو دابنرێت بۆ جێبەجێكردنی کار و ئامانج و بەرنامەکان، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی كە لە كۆنگرەدا دراون بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێ بكرێت.
وتیشی، کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی لە كەركوك وەک هەموو دیدارەكان سەنگی تایبەتی خۆی هەیە كە دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستای كەركوك بكات لەچوار چێوەی گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ‌و عیراق و نێودەڵەتیدا.

 


بەگەڕخستنەوەی مادەی 140
وتیشی: جەماوەر و كادرێكی زۆرمان لە ناوچە دابڕێنراوەكان هەیە و پێویستە هەوڵبدرێت ئەو واقیعەی رووداوەكان بۆ كادران شی بكرێتەوە و لەگەڵ خواستی جێبەجێكردنەكانی حزبدا بگونجێت، وەكو ئەوەی كە ئێستا مادەی 140 لەبارببرێت، بۆیە پێویستە لە دیداری یەكێتیدا زیندوو بكرێتەوە و رووحی بە بەردا بكرێت.

میكانیزمی جێبەجێكردن گرنگە
عەلی قەڵایی كادری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و یەكێكە لە پشتیوانانی بەڕێوەبردنی دیداری یەكێتیی لە كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیداری یەكێتی روویەكی تەواوكاری كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەروەها ئامانج لێی كۆكردنەوەی هەموو ئەو چەمكانە بوو كە لە رابرددودا كارمان لە سەر كردووە، لەبەر ئەوەی ئەم چەمكانە لە دیدی ئێستادا گۆڕانكاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پێویستە چەمكەكانیش گۆڕانكاری تێدا بكرێت و لە دیدی یەكێتیدا بە جۆرێكی تر خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بۆیە ئەم دیدارانە بۆ ئەم مەبەستانە بەڕێوەچووە، بۆ نموونە راگەیاندن لە ئێستادا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە و پێویستە خوێندنەوەی تری بۆ بكرێت، چونكە لە رابروودا لە لایەن یەكێتییەوە بە جۆرێكی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، دەبێت ئەو بەرنامانەی كە ئێستا دادەنرێن گونجاوی سەردەمەكە بێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی راگەیاندن، پەیوەندییەكان، تێگەیشتن لە مەفهومی رێكخراویی و جەماوەی، تێگەیشتن لە كەرتی تەندروستی، كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی، تێگەیشتن لە وەرزش، مەهام و پەیوەندیی پێشمەرگە دێرینەكان، شەهیدان و ئەنفالكراوان. 
وتیشی: ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە گرنگی بە پێشنیار و بۆچوونەكان بدرێت كە لە دیداری یەكێتیدا ئاماژەی پێكراوە، هەروەها لەوە گرنگتر ئەوەیە كە ئایا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بڕیاردەر دەبێت؟ لە جێبەجێكردنی راسپاردە و بۆچوونی لیژنەكان و چۆنێتی بە گەڕخستنەوە و جێبەجێكردنی بڕیارەكان، چونكە بڕیار و راسپاردەی زۆر دەدرێت، بەڵام گرنگی لەوەدایە كە چۆن جێبەجێ بكرێت و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بگیرێتەبەر، چونكە ئێمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕیاری زۆر دەدەین، بەڵام میكانیزمی جێبەجێ كردنمان نییە، بە پێچەوانەی خۆرئاواوە کە ئەوەی بڕیاری لێدەدەن لە حزبدا دەیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە بە شێوەیەكی فراوان.

هێنانە پێشەوەی گەنجان 
موعتەسەم شوانی لێپرسراوی كۆمیتەی ئیمام قاسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك لەسەر ئەنجامدانی دیداری یەكێتیی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گرنگی دیدارەكە لەوەدایە كە كۆمەڵێك كادری گەنج و لاوی هێناوەتە پێشەوە و توانیویەتی بیكاتە پێشەنگ لە ئاستی بڕیاردان و جێبەجێكردنی كۆنگرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە لاوان داینەمۆی شۆڕشن و رۆڵیان دەبێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكان بە تایبەتی لە بڕیارە هەنووكەیی و گرنگەكان.
باسی لەوەشكرد، لەم دیدارەدا هێنانە پێشەوەی لایەنگرانی تازەی یەكێتی نیشتمانیی خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەنگاونان لە بواری جاكسازی و نوێبوونەوەدا و دەركردنی یەكێتی لەو شێوازەی كە لە رابردوودا دەقی پێوەگرتووە، بۆ ئەوەی یەكێتیی بخاتە سەر راستەڕێگەی حزبێكی مۆدرێن تا بگونجێت لەگەڵ رەوتی رووداوە سیاسییەكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان