دوا کۆنفرانسی ئامادەکارییەکان بۆ دیداری یەکێتی لە سلێمانییە

10:59 - 2022-04-27
ڕاپۆرت
398 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

دواین کۆنفرانسی ئامادەکاری مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دیداری یەکێتی، رۆژی پێنج شەممە بە شاری سلێمانی و چەمچەماڵ کۆتایی دێت، وەک ناوچەکانی تر هەموو هەڤاڵێکی یەکێتی دەتوانێت لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بێت و سەرنج و پێشنیازی هەبێت لەسەر ئەو بابەتانەی گفتوگۆ دەکرێن.

سەرنج و پێشنیازی ناوچەکان
فەهمی بورهان ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بەکوردستانی نوێی راگەیاند، دواتر سەرنج و پێشنیازی کۆنفرانسی سەرجەم ناوچەکان کۆدەکرێنەوە و لە دیدارێکی گەورەدا  هەر لە شاری سلێمانی گفتوگۆ دەکرێن و دەخرێنەڕوو.
فەهمی بورهان وتیشی، یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی ئەم دیدارەوە سیاسەت و دنیا بینییەکی نوێ بۆخۆی دابڕێژێت و وەڵامی ئەو پرسیارە تازانە بداتەوە کە تائێستا وەڵامیان نییە، هەروەها دەمانەوێت ئەم دونیا گۆڕاوەی ئێستا هەیە لە رووەکانی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و لەبەر رۆشنایی گۆڕانکارییەکاندا باشترین سیاسەت و دنیابینی بۆ یەکێتی دەستەبەر بکەین لەسەر کۆی پرسەکان.
مامۆستا بەناز رەمەزان لە بارەی دیداری یەکێتییەوە دەڵێت، دەست خستنەسەر برین و کێشە و کەموکوڕییەکان سەرەتای ھەنگاوی چارەسەر و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە، دیدار بۆ یەکێتی پێویست و ھەنوکەییە تا بتوانین ئەم دۆخە ناھەموارە بگوازینەوە بۆ دۆخێکی باشتر.
وتیشی، ھیوادارین گفتوگۆ و رەخنەکانی هەر هەڤاڵێکی یەکێتی لە بوار و شارەزایی خۆیاندا بێت و بڕیار بەدەستان گوێی بۆ بگرن و کاری لەسەر بکەن.
رێباز جومعە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی بەکوردستانی نوێی وت، دیداری یەکێتی، بۆ هەموو یەکێتییەکانە و لە رێگەی ئەم دیدارەوە پرۆگرامێکی تەواو دادەڕێژین بۆ هەموو سێکتەرە جیاوازەکان، هەروەها دیداری یەکێتی بەپێی جوگرافیا و تایبەتمەندی ناوچەکان گرفت و کێشەکان دەستنیشان دەکات و دید و شێوازی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنیان و چۆنیەتی پێشخستنی سەرجەم سێکتەرەکان دەخاتەڕوو.

داڕشتنەوەی فکری یەکێتی
وتیشی، دیداری یەکێتی، فکری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی هەر ئەندام و هەڤاڵێکی ئەم حزبە بەرچاو روون بێت کە لەسەر چ بنەمایەک و بە چ رێگەیەکدا دەڕوات لە سەرجەم کایەکاندا، بۆیە پێویستە لەسەر سەرجەم ئەندام و هەڤاڵانی یەکێتی لە کۆنفرانسەکاندا بەشدار بن تا دەستیان هەبێت لە داڕشتنەوەی فکری یەکێتی لەسەر سەرجەم بوارەکاندا.  
بەناز ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و ئەندامی لیژنەی ژنانی مەڵبەندی سلێمانی وتی، لە ماوەی رابردوودا بینیمان یەکێتی تووشی چەند کێشە و گرفتێک بووە، بۆیە سازکردنی دیداری یەکێتی گرنگە بۆ دووبارە ئەکتیڤبوونەوەی ئەندام و هەڤاڵانی یەکێتی و پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جەماوەردا، پێویستە لە دیداردا بەوردی دەستبخرێتە سەر کێشە و گرفتەکان و چارەسەریان بۆ دابنرێت.
هەروەها عادل ساڵح لێپرسراوی بەشی رێکخراوە دیموکراتییەکان لە مەڵبەندی سلێمانی وتی، دیداری یەکێتی گەڕانەوە و راپرسییە لە ناو سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیدا بۆ هەر پرسێک، گرنگییەکەی لەوەدایە بۆ چارەسەر دەگەڕێیتەوە بۆ هەموو رێکخستن و ئۆرگانەکان و راو پێشنیازی سەرجەم ئەندامانی یەکێتی دەچێتە دیدارەکە لەسەر هەموو سێکتەرەکاندا بەبێ جیاوازی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی یەکێتی دیدێکی روونی هەبێت لەسەر سەرجەم پرسەکان.

پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ جەماوەر
وتیشی، دیداری یەکێتی گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر رێبازی مام جەلال و بەهێزترکردنی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ جەماوەر لە هەموو دەڤەرەکان و دیداری یەکێتی ئومێد و گڕوتینێک دەداتەوە بە هەڤاڵان و جەماوەری یەکێتی و تیایدا باس لە هەموو گرفت و کێشەکانی هاووڵاتیان دەکرێت و چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
کۆنفرانسی ئامادەکاری مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 12/3 بەکۆنفرانسی بادینان دەستیپێکرد دواتر چووە کەرکوک، هەولێر، گەرمیان، شارەزوور، راپەڕین، بەغدا و بەسلێمانی و چەمچەماڵ کۆتایی دێت و مانگی داهاتوو سەرجەم سەرنج و پێشنیازەکان لە دیداری یەکێتیدا دەخرێنەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان