بە بیانووی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردییەوە، یادی گۆڤاری ھۆرە

12:00 - 2022-04-27
کەلتور
523 جار خوێندراوەتەوە

شوان کەریم کابان 

یەکێک لە ھەرە خەسڵەتە دیار و گرنگەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو پانتاییەی ئازادی رووناکبیری بوو کە شۆڕش رەخساندبووی و کەش و ھەوایەکی وەھای ھێنابووە کایەوە، چەندین رێکخراوی پیشەیی لە ناوچە رزگار کراوەکاندا دروست ببن و کاری خۆیان بکەن. گومانی تێدا نییە بەشێکی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە ئەندامی حزبی بوون و پێشمەرگە بوون، بەڵام ژمارەیەکی باشیشیان خەڵکانی بێلایەن و ناحزبی بوون.     
 ئەو پانتاییە و گرنگی دان بە رووناکبیری  و خۆ رۆشنبیرکردنە، وای کردبوو بزاوتێکی چالاکی کاری رۆژنامەگەری و چاپکردنی بابەتی سیاسی و فیکری و ئەدەبی و ھونەری دروست بێ، جگە لە بڵاوکراوە حزبییەکان کە لە چاپخانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەردەچوون و ھەروەھا بڵاوکراوەی باڵەکانی یەکێتی، کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی شۆڕشگێران، کە خۆیان لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار سەدان نامیلکە و کتێبدا دەبینییەوە، مەڵبەندەکانی یەکێتیش گۆڤار و مانگنامەی خۆیانیان بڵاو دەکردەوە، ئەمە جگە لە ھەندێ بڵاوکراوەی تر کە لەڕێی تاکە کەسەوە بڵاودەکرانەوە، ئەو رێکخراو و گروپانەی لە شاخ بوون، بڵاوکراوە و گۆڤاری تایبەت بەخۆیان ھەبوو، وەک یەکێتیی نووسەرانی کوردستان و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و خوێنکاران و یەکێتیی ھونەرمەندانی کوردستان — کۆمیتەی شاخ و تیپی مۆسیقای شەھید کارزان. یەکێک لەو گۆڤارە تایبەتمەندانەی لەشاخ دەردەچوو، گۆڤاری ھۆرە بوو کە تایبەت بوو بە مۆسیقا و لەلایەن یەکێتیی ھونەرمەندانی کوردستان کۆمیتەی شاخەوە بە ھاوکاری راستەوخۆ و کاریگەری تیپی مۆسیقای شەھید کارزان دەردەکرا.
 بیرۆکەی دەرچواندنی گۆڤارێکی لەم بابەتە، ھی ھەردوو ھونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراھیم و سالار ئەحمەد بوو، مەبەست لە دەرکردنی گۆڤارەکە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ھونەری مۆسیقا و گرنگیدان بوو بە ھەندێ بابەت و کەسایەتی تایبەت بەو بابەتە.  ھونەرمەند مامۆستا دلێر ئیبراھیم و شوان کەریم کابان دەستەی نووسەران بوون، بەشێک لە ئەندامانی تری تیپی مۆسیقای شەھید  کارزان کاریان تێدا کردووە، وەک ھونەرمەندان، ئاراس ئیبراھیم، ھوشیار ئەحمەد، سیار بامەڕنی، رزگار ئیسماعیل. جگە لەو بەڕێزانە، چەند بەڕێزێکی تر کاری چاپیان تیدا کردووە، لەوانە بەختیار حەمە شەریف و بەختیار عومەر. گۆڤارەکە بایەخێکی شایستەی بەبوارەکانی تایبەت بە مۆسیقا داوە، لەوانە سروودە کوردییەکان، مێژوو ، سەمفۆنیا، ئامێرە موسیقییەکان، ھونەرمەندە شەھیدەکان، بابەتی لێکۆڵینەوە، وەرگێڕان. چوار ژمارە لەم گۆڤارە دەرچووە، ژمارەی یەک لە کانوونی یەکەمی 1985، و دووەم لە ئابی 1987 لە بەرگەڵو، ژمارەی سێ و چواری بەیەکەوە لە شاری سەقز دەرچوون و ھەر چوار ژمارەکە لە چاپخانەی شەھید ئیبراھیم عەزوو چاپکراون. بۆ ھەردوو ژمارەی سێ و چوار خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکارییەکی بەرچاوی ماددی پێشکەش کرد. دەرچواندنی ئەم گۆڤارە لەو بارودۆخەدا ، بە یەکەم ھەوڵ ئەژمار دەکرێت لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان