فرۆشگەی خوێندنگەكان داوای قەرەبوو دەكەن

06:31 - 2022-04-28
ڕاپۆرت
543 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ساڵانە بەرامبەر بڕێك پارە فرۆشگەی خوێندنگەكان لە رێگای زیادكردنی ئاشكرا بەكرێدەدات كە داهاتێكی زۆر بۆ ئەو وەزارەتە دابین دەكات، بەڵام لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەساڵانی 2020 و 2021 كێشە بۆ خاوەنی فرۆشگەی خوێندنگەکان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی دروستبوو كە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەنێو خوێندكاران، حكومەت دەرگای خوێندنگەكانی داخست و خاوەنەكانیان نەیانتوانی ئەو دوو ساڵە خواردن و كەلوپەلەكانیان بفرۆشن و زۆربەیان ماوەیان بەسەرچوو زیانێكی زۆریان بەركەوت لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی پەروەردە کرێی خۆی وەرگرتبوو.

باجیشمانداوە
محەمەد حەیدەر خاوەنی یەکێک لە فرۆشگەکان بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چوار فرۆشگەم بە کرێ گرتووە یەكێكیان قوتابخانەیەكی عەرەبی بوو بەهۆی زیانەكانم قوتابخانە عەرەبیەكە بە تەواوی قەرەبوویان کردمەوە، بەڵام لە خوێندنگە كوردیەكان نزیكەی 11 ملیۆن دینارم زەرەركرد لەبەرئەوەی وەزارەت تەنها  20 % ی زیانەکانی بۆ قەرەبوو کردمەوە.
وتیشی، بێجگە لە زیانی نەفرۆشتن بەشێک لە خواردنەکان بەسەرچوون و فڕێمداون، لەگەڵ ئەوانەدا باجیشمانداوە و خاوەن فرۆشگە هەبووە 160 هەزار دینار باجی داوە.
دیدار سەعدەدین خاوەنی فرۆشگەیەکی تری خوێندنگەکانە وتی: بەهۆی داخستنی دەرگای خوێندنگەکان لە سەدا 50 زەرەرم کرد، بەڵام وەزارەت بڕی سەدا 15 قەرەبووی کردمەوە و بەهۆی ئەو زیانەوە وازم لە کاری فرۆشگەی خوێندنگەکان هێنا.
یەكێكی تر لەكێشەكانی خاوەن فرۆشگەی خوێندنگەکان وەستانی فرۆشیارە گەڕۆكەكانە لە بەردەم قوتابخانەكان كە بەوتەی چەند خاوەن فرۆشگەیەک بەهۆی پڕفرۆشی خواردنی سەر عەرەبانەكان زۆربەیان زیانیان بەركەوتووە كە فرۆشی خواردن و كەلوپەكانی فرۆشگەی قوتابخانەكان كەمدەكەنەوە.

لە دەستی دوو کڕیومەتەوە
جگە لەو كێشانە هەندێك لەو كەسانەی حانوت بەكرێ لە حكومەت دەگرن خۆیان كاری تێدا ناكەن و بەنرخێكی گرانتر بەخەڵكی تر دەیفرۆشنەوە، محەمەد چاوشین وتیشی ئەو فرۆشگەیەی کاری تێدا دەکەم بە 3 ملیۆن و 750 هەزار دینار لە وەزارەتی پەروەردە وەرگیراوە، بەڵام لە دەستی دوو کڕیومەتەوە بە شەش ملیۆن دینار وئەوەش زۆر گران کەوتووە لەسەرم.
وتیشی، بەكرێگرتنی فرۆشگەی  قوتابخانەكانی شاری هەولێر ئاسان نییە و  لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە قۆرخكراوە.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەزارەتی پەروەردە بەپێی ئەو سیستمەی كاری لەسەر دەكات ساڵانە فرۆشگەی قوتابخانەكان بۆ بەكرێدانی دەخاتە موزایەدەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرگای خوێندنگەكان بۆ دوو ساڵ داخران، بۆ قەرەبووی خاوەن فرۆشگەكانیش وەزارەتەكەمان بەڕێژەی %20 داشكاندنمان بۆ نرخی كرێی دوو ساڵیان كرد لە كاتێكدا دەوام لە ساڵێكیان بۆ ماوەیەكی كەم راگیرا، هەروەك ئەو دوو ساڵەش نەمانخستە موزایەدەوە وەكو قەرەبووكردنەوەیەك هەمان خاوەن فرۆشگەكان فرۆشگەكانی خۆیان بەكرێ گرتەوە، بۆ ئەمساڵیش رێنمایی نوێمان ئامادەكردووە و ئەمجارە دەیخەینە موزایەدەوە.

رێگا بەقۆرخكاری نادەین
سەبارەت بەقۆرخكاری لەڕێوشوێنی موزایەدەی بەكرێدانی فرۆشگەكان، سامان سیوەیلی وتی: بەهیچ جۆرێك رێگا بەقۆرخكاری نادەین هەر خاوەن فرۆشگەیەك سەرپێچی بكات رێكارە كارگێڕیەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان بەرامبەری پەیڕەو دەكرێت بەهیچ شێوەیەكیش رێگا بەوە نادەین خاوەن فرۆشگەكان دوای وەرگرتنی فرۆشگەكان لە موزایەدە بەرامبەر بە پارەیەكی زیاتر بیفرۆشنەوە بە خەڵكی تر، وتیشی لە كۆی 6 هەزارو 750 خوێندنگە لە هەرێم زۆربەیان فرۆشگەیان هەیە تەنها ئەگەر لە قوتابخانەی گوندەكان نەبێت.

پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە
سەبارەت بەوەی دەوترێت لێخۆشبوون و قەرەبووەكەی زیانی خاوەن فرۆشگەكان كەمبووە، وتەبێژەكەی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند: بابەتی دارایی و پارەی حانوت و رسوماتەكانی، پەیوەندی بە رێنماییەكانی وەزارەتی داراییەوە هەیە ئێمە مافی لێخۆشبوونمان نییە لە رسوماتی حكومەت، بگرە ئەو قەرەبووەشی كراوە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشی بۆ وەرگیراوە.
وتیشی وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەكی باڵای بۆ فرۆشگەی خوێندنگەکان هەیە ئەوان رێنماییان بۆ دەردەكەن كە دەبێت مەرجە تەندروستیەكانیان تێدابێت و لیژنەی تەندروستیش ناوبەناو سەردانی هەموو فرۆشگەكان دەكات ئەوانیش لە هەر شوێنێك كەموكوڕی هەبێت یا پێیان چاك دەكەن یا دایدەخەن.
ئەوەشی ئاشكراكرد دانانی نرخ و خەمڵاندنی بە كرێدانی ساڵانەی فرۆشگەی خوێندنگەكان بەپێی ژمارەی قوتابی قوتابخانەكانە، هەروەك بەپێی ژمارەی دەوامی خوێندنگەكانیشە كە یەك دەوامی و دوو دەوامی هەیە و نرخەكانی جیاواز دەبێت یا شوێنی جوگرافی خوێندنگەكانیش رۆڵیان لە دیاریكردنی نرخەكانی بەكرێدان هەیە یەكێك لە ناحیە یان قەزایەك بێت نرخی جیاوازە لە یەكێكی تر كە لەسەنتەری پارێزگایەك بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان