لە پێشوازیی یەکی ئایاردا

دەرچوونی یاسایەکی هاوچەرخ بۆ کار و بیمە

09:01 - 2022-04-30
کوردستان
553 جار خوێندراوەتەوە

سبەی یەکی ئایار، رۆژی کرێکارانی جیهانە، کە لە بنەڕەتدا رۆژی حەشر و نەشرە لە ستەم و بێدادیی و کاری تاقەت پڕوکێنی ئەو چینە رەنجدەرە.
یەکی ئایار هەرچەندە هەوڵێک بووە بۆ راچڵەکاندنی سەرمایەدارانی دەوڵەتی و خاوەن کارو کارخانەکان لە کەرتی تایبەتدا و هەنگاوێک بووە بەرەو خۆڕێکخستنی چینی کرێکاران و پێکهێنانی سەندیکا کرێکارییەکان، جگە لەوە هەر خودی سەرمایەدارانیش لە پێناوی بەدیهێنانی قازانجی زیاتردا هەرگیز یەکگرتوو نەبوون، بۆیە دروشمە دێرینەکەی کرێکارانی جیهان یەکگرن هێشتا هەر وەک دروشم ماوەتەوە.
لەدوای سەدەی رۆشنگەریی و گەشەی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا و هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکار لەژێر گوشاری ئەو بزاوتە کرێکارییەکان و پەرەسەندنی دیموکراسی و سەرکەوتنی بەشێک لە حزب و رێکخراوە چەپ و سۆشیالیست و سۆشیال دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکان و چوونە دەسەڵاتەوە، لە بەشێک لە وڵاتاندا یاسای تاڕادەیەک دادپەروەرانە و خزمەتگوزار دەرهەق لە بەرژەوەندیی چینی کرێکاران و رەنجدەران دەرچووە بەجۆرێک لە سایەی زۆرێک لەو یاسا پێشکەوتووانەدا کەلێن و جیاوازیی چینایەتی تاڕادەیەک کەمبۆتەوە و دەستەبەری ژیانی شایستە بە کرێکاران لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا کراوە، بۆیە بەهۆی جیاوازیی سیستمە سیاسییەکانیشەوە دروشمی یەکگرتنی کرێکارانی جیهان هەرچی زیاتر لە واقیع دوورکەوتۆتەوە.
ئەمڕۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا خەونە مەسەلەی بەرزکردنەوەی حەقدەستی کرێکار و کەمکردنەوەی سەعاتی کارکردن و بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتییە بە یاسایەکی لێبڕاوانە، کە زۆربەی ئەو دروشمانە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکەشدا بەدیهاتوون.
ئێستا ئەرکی حزب و رێکخراوە چەپ و سۆشیالیست و سۆشیال دیموکراتەکان و  سەندیکا و رێکخراوە کرێکارییەکانە لە کوردستان بەتایبەتی، لەسەری ساڵانەوە دەستپێبکەن و یەکی ئایار لە رۆژی دروشم و لافیتەوە بکەنە دەرفەتێک بۆ گوشار دروستکردن و سەرەتاش  بۆ ئیلغاکردنەوەی یاسای ژمارە 150ی  ساڵی 1987ی مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە کە کرێکاری کردە فەرمانبەر و هەموو بیمەکانیانی بەو پاساوە هەڵوەشاندەوە و گوشاربکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەکی مۆدێرنی کار لە پەرلەمانی کوردستان کە پارێزەری مافی کرێکارانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بێت و یەکسانیی و وەک یەکیی تێدا دەستەبەر بکرێت تا بەگوێرەی ئەو یاسایە سەرمایەداران و خاوەنکارانی کەرتی تایبەتیش پابەندبکرێن بە یاساکانی بیمەی بێکاریی و تەندروستی و خانەنشینییەوە، چونکە چیتر تەنیا بروسکەیەکی پیرۆزبایی و چکلێت خواردن و ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ دادی ژیانی کولەمەرگیی کرێکاران نادات کە سەختیی ژیان ناچاری کردوون ئەو رۆژەش زۆرێکیان چێژ لەو پشووەش نەبینن بە یاسا بۆیان دەستەبەر کراوە، بەڵکو سەرقاڵی چنگەکڕێ و پەیداکردنی قووتی خۆیان و خێزانەکانیان دەبن.  
پیرۆزە یەکی ئایار لە کرێکارانی کوردستان، بەو هیوایەی ببێتە سەرەتای دەرکردنی یاسایەکی کاری  هاوچەرخ. 


بابەتە پەیوەندیدارەکان