محەمەد فەتاح

بە سەرەتایەك دەستیپێكرد بۆ فروانبوونێكی هونەری

09:24 - 2022-04-30
کەلتور
561 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید
هەر لەو سەرەتایەوە كە باشوری كوردستان ئازاد بوو، ئەمیش ئاوێتەی كێشانی سەرەتاكانی كاریكاتێر بوو لەشاری سلێمانیدا، ئەو سەرەتایەی كاریكاتێرەكان بە ئازادی دەهاتنە بەرچاوی بینەرەكان و جیاواز لە رابردوو كە پیشانگە كاریكاتێرییەكان لەژێر چاودێریدا دەكرانەوە، ئیتر شاری سلێمانی بووە سەنتەرێكی زۆر باشی ئەم هونەرە و پیشانگە كاریكاتێرییەكان بەردەوامی بەخۆوە بینی، سەرەتا بۆ بۆنە نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكان و دواتریش بۆ رۆژی جیهانی ژنان ئەو پیشانگەیانەی كە گۆڤاری سیخورمە سازی دەكردن و دواتریش لە شارەكانی تر پیشانگە و دیداری تایبەتی نێودەوڵەتی بە كاریكاتێر دەستیپێكرد.
(محەمەد فەتاح) یەكێكە لەو كاریكاتێرستانەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی هونەری نیگاركێشانی خوێندووە، بۆیە ئاوێتەبوونی بەو دنیایە ئاسانتر بوو لەبەر ئەوانەی لەو دەمەدا هونەریان نەخوێندبوو، هەربۆیە لەگەڵ هاوەڵەكانیدا كە كاریان لەناو گۆڤاری سیخورمەدا دەکرد ببووە سەنتەرێك ژمارەیەكی زۆر لە كاریكاتێرستەكانی لەسەر ئاستی باشور و رۆژهەلاتی كوردستانی لەخۆی كۆكردبۆوە، هەربۆیە بۆ ئەمیش ئەزموونی زیاتری تێدا بینی چ وەكو بابەتە جیاوازەكان و كێشانی ئەو ژمارە زۆرەی بووە هۆكار دەست و پەنجەی لەگەڵ بابەتە  جیاوازەكانی وەكو هونەری و ئەدەبی و سیاسی و كۆمەڵایەتی گەرمتر دەبوو.
یەكێك لەو ئەزموونانەی تر كە هونەرمەند توانی بە فراونتر كاریكاتێر بنەخشێنێت بەشداریكردنی لەگەڵ چەند رۆژنامە و گۆڤارێك وەكو لێپرسراوی بەشی كاریكاتێر یان لاپەڕەی كاریكاتێر توانی دنیای كاركردنەكەی فراوانتر بكات، هەرچەندە سەرجەم كارەكانی شێوازی واقیعیانەی لەخۆگرتبوو، سەرجەمیان ئەو كێشانەی خستبووە روو كە لەو ساتانەدا هاووڵاتیان پێیانەوە دەناڵاند، هەروەها زۆركات لە رێگەی كاریكاتێرەكانییەوە نادروستی دیاردەكە و لەهەمانكاتدا چارەسەرەكەشی خرابووەڕوو كە ئەوە هۆكارێكی شیاو و بەرچاو بوو بۆ ئەو بینەرانەی بەردەوام دەهاتنە ناو هۆڵی پیشانگەكان، یاخود خوێنەری رۆژنامە و گۆڤارەكان بوون.
(محەمەد فەتاح) ئەو كاریكاتێرستە بووە بەتەنها لەناو شاری سلێمانی و باشوری كوردستاندا كاریكاتێرەكانی نمایشنەكراوە، بەڵكو دەرەوەی سنوری كوردستانی تێپەڕاندووە و وەكو كاریكاتێرستێكی كورد بەرهەمەكانی نیشانداوە، لە هەمانكاتدا یەكێك لە دیاردەكانی ناو كاریكاتێرەكانی چ ئەوانەی رەش و سپین، یاخود رەنگاو رەنگەكان لەگەڵ كێشانی هێڵكاری كارەكانی لەگەڵیشیدا چەند وشەیەكیش هەن كە زیاتر هۆكار بووە بۆ ئاشنابوون و تێگەیشتنی ئەو بینەرانەی بەرهەمەكانی دەبینن، ئەو شێوازەی تا ئێستاش بەرهەمەكانی بەردەوامی هەیە.
(محەمەد فەتاح)ی كاریكاتێرست یەكێكە لەو كاریكاتێرستانەی زانیارییەكی باشە لەسەر قۆناغەكانی گەشەكردنی ئەم هونەرە لە باشوری كوردستان و لەسەرجەم ئەو پیشانگە و دیدارە نێودەوڵەتیانەی كە ناوەندی 7 رەنگە كردووێتییەوە بەشداریكردووە و هاوكارێكی بەردەوامی ئەو سازدانانە بووە.

بیۆگرافی محەمەد فەتاح
-1965 لە سلێمانی لەدایكبووە.
-1985 پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە.
- 2009 كۆلیژی هونەری زانكۆی سلێمانی تەواوكردووە.
-1991- 2021 بەشداری چەندین پیشانگەی كاریكاتێریی كردووە لە (سلێمانی، بەلجیكا، كەلار، قاهیرە، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە، پاریس).
- بەرهەمەكانی لە رۆژنامەو گۆڤارەكانی  وەکو سیخورمە، بونیاد، تایم، سپێدە، چاودێر، سلێمانی نوێ، بەدرخان، ژیانەوە، كوردستان، الاتحاد، كریڤ، soma  بڵاوكراوەتەوە.
- لێپرسراوی پاشكۆی كاریكاتۆری مانگانەی بەدرخان بووە.
- لە ژمارە سفری گۆڤاری سیخومەوە كاری كردووە.
- ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.
- ئەندامی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كوردە.
- بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەری هەڵەبجەیە.
- براوەی خەڵاتی باشترین كاریكاتێر (ستی ساڵ) ی لە وەزارەتی رۆشنبیریی پێبەخشراوە.
- چەندین وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا بڵاوكردۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان