بافڵ جەلال تاڵەبانی: کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنین

09:14 - 2022-04-30
کوردستان
560 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ نوێنەری کارمەندانی خۆبەخشی ناوەندەکانی تەندروستی لە سلێمانی کۆبووەوە، کە ماوەی چەند رۆژێکە لە بەرامبەر پشتگوێخستن، جیاكاری و دانەمەزراندنیان لەلایەن حكومەتەوە بایکۆتیان راگەیاندووە. ‏‎لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی كارمەندە خۆبەخشەكان داواكارییەكانیان خستەڕوو و رایانگەیاند، حكومەت كارمەندانی خۆبەخشی ناوەندەكانی تەندروستی لە سلێمانی پشتگوێخستووە و جیاكاری دەكات لە نێوان شارەكاندا. مافی كارمەندانی ئەم سنوورە دەخورێت و لە بەرامبەریشدا لە چەند رۆژی رابردوودا بە پشتگیری لایەنێكی سیاسی و لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەكان و بە فەرمانێکی نهێنی دەیان خۆبەخش لە دهۆك دامەزراون. ‏‎لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە شێوازی كاركردنی حكومەت دەربڕی و رایگەیاند، جێگەی سەرسوڕمانە حكومەت بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی دەكات. تەنیا بە سزادانی موچەخۆرانەوە ناوەستێت و دەست بۆ كەرتی تەندروستی دەبات كە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە. خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان و دابیننەكردنی پێداویستییە پزیشكییەكانیش بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەر لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سەپێنراوەدایە كە بەسەر ئەم ناوچەیەدا هێنراوە. بەڵام دڵنیاتان دەكەم ئەم دۆخە هەروا تێپەڕنابێت و مایەی قبووڵ نییە. هەموو رێگایەك لەپێناوی ژیانی خەڵكەكەمان دەگرینەبەر و هەرشتێك بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییانمان بێت دەیكەین. ‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ كارمەندانی خۆبەخش و داواكارییە رەواكانیان دووپاتكردەوە و وتی، بە هەموو شێوەیەك لەگەڵتانم و پشتگیریتان دەكەم. پزیشك و كارمەندانی تەندروستی شایستەی رێز و خزمەتكردنن نەوەك سزادان. بەڵێنتان پێدەدەم كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنین و سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك ناكەین.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان