سێیه‌م: ئه‌فسانه‌ى رۆحى پشیله له ئایین و میسۆلۆژیادا
ئاریان محەمەد
داڵانه‌كانی گۆڕستانیش چه‌ند شوێنێكى سه‌یرن، چۆڵ و بێده‌نگ له شه‌قامه‌كانى سه‌رده‌مى كه‌ره‌نتینه ده‌چن، له‌وێ ته‌نها چرپه‌ى شنه‌با و فاتیحه‌ى به‌جێماوت گوێ لێده‌بێت، له ژێر سنه‌وبه‌ره به‌رزه‌كان كه لق و پۆپی نزایان بۆ ئاسمان به‌رزبۆته‌وه، سه‌دان رۆحى په‌شمورده به‌سه‌ر سیراتى ژیاندا بازیانداوه و له ئارامیدا ئه‌سپه‌رده‌ن. ئه‌وێ چه‌ند دنیایه‌كى سه‌مه‌ره‌یه، هه‌ندێك له حه‌شمه‌ت تارمایی رۆحه‌كان ده‌سڵه‌منه‌وه و هه‌نده‌كه‌ی دیكه‌ش به ئارامگه‌یه‌كى ئارام و خاكێكى به‌پیتى چنینه‌وه‌ى ئاسوده‌یی ده‌یبینن، له‌و پانتاییه خه‌مڕه‌وێنه له‌سه‌ر دیواری مزگه‌وت به بۆیاخی هه‌مه‌ڵشن به خه‌تێكى خوار و خێچ وته‌یه‌كى (سه‌عیدى نوورسی) نووسراوه «له‌وانه‌یه هه‌ندێك گۆڕ به‌ده‌مى ئه‌ژدیها و پێخه‌فی سامناكى و ده‌رگاى نه‌مان بزانن، به‌ڵام ئه‌و شوێنه جێگه‌ی به یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ى خۆشه‌ویستانه، جێگه‌ى شادبوونه‌وه‌ى رۆح و ئاوێزانبوونه‌وه‌ى ئه‌ویندارانه». رێك له‌و شوێنه‌دا هه‌رچی سرووتى ئه‌وین و چیرۆكى ئولفه‌ته له‌نێوان (زیندوو) و (مردوو) به فۆڕمێكى تر له دایك ده‌بێته‌وه، دوا فارگۆنى هه‌موو رێبوارێكه و مه‌حوی گوته‌نى «دوكانى هه‌ر كه‌سێك موده‌تێك عومره» .
كاتێك نیشتمانى مردووان به‌و ئاسانییه ته‌ماشات ده‌بات، هه‌ر هێنده‌ت پێده‌بڕێ به‌وپه‌ڕى سه‌راسیمه‌بوونه‌وه بڵێی ئای خودا ئێره چه‌ند سه‌یره، چه‌ند دنیایه‌كى ئاڵۆزكاو و پڕ نهێنییه، چه‌نده خاكێكى پڕ كۆد و سروتى سه‌مه‌ره‌یه، ئاخر ده‌بینى هه‌ندێك گڵكۆ به موفه‌رك سه‌وزپۆش كراون و جارجار دایكه‌كان پارچه‌یه‌كى داده‌ڕنن و به‌ده‌رزییه‌كى سنجاق به گه‌ردنى رۆڵه‌كه‌یه‌وه ده‌خه‌ن، له ته‌نیشت ئه‌ویش كێله گۆڕێك هه‌یه هه‌رچی راز و نیازى دڵى كیژۆڵه‌كانه له ورده به‌ردی موگناتیسیدا خۆى به دامێنى كێله‌كه‌وه به‌ستۆته‌وه.
له‌ولاتر لوتبه‌رزى زیندووه‌كان له ئارامگه‌ى قوربانییه‌كدا خۆی ده‌نوێنێ، به‌جۆرێك به مردووییش له قه‌فه‌زێكى قفڵدراودا ئێسك و پروسكه‌كانیان زیندانیكردووه. له‌وێ واده‌ى سه‌یرى مه‌رگ و هۆنراوه‌ى جیاجیاى سه‌ر كێله‌كان ده‌خوێنیته‌وه، رێك ده‌ڵێی له كتێبخانه‌ی شار و له‌ناو ره‌فه‌ى دیوانى شاعیرانى كلاسیك‌دا خه‌ریكى حونجه‌كردنى زمانى، به‌ڕاستیش ئه‌وێ دنیایه‌كى سه‌یرە.
راڕه‌وه‌كانى گۆڕستان پڕن له خه‌ڵك، ئه‌و رۆحه ماندوانه بوونه‌تە خانه‌خوێی هه‌میشه‌یی، كه هه‌ر زوو سه‌رو سه‌وداى خۆیان له‌گه‌ڵ مردن كرد و به‌جه‌سته ئێره‌یان به‌جێهێشت، به‌ڵام كه ده‌ڕۆن و جێ‌مان دەهێڵن له دیده‌نیان كۆڵ ناده‌ین و هه‌میشه پێیه‌كمان له گۆڕستانه، خۆ (مه‌وله‌وی)ش هه‌روابوو، كه (عه‌نبه‌ر خاتوون) فه‌رمانى خوداى به‌جێهێنا، چه‌ند شه‌وێك به‌بێده‌نگی و به ته‌سبیحێكى ژیانه‌وه زیكری ئه‌وینى رۆژانى پێكه‌وه‌یی ده‌كرد. ئاخر گۆڕستان به‌رده‌وام ماڵ و مه‌وتنى ئه‌وانه‌یه كه (ئایه‌ته‌لكورسی) له گه‌رویان و (فاتیحه) له‌سه‌ر زمانیان دێت و ده‌چێ، كه سه‌ر ده‌ده‌ی رێك ده‌ردە ده‌ڵه‌كه‌ى (حیشمه‌تى فیرده‌وسی)ت بیر ده‌كه‌وێته‌وه، «ئه‌مڕۆژه‌ى جه‌نازه‌ى من به خاك ئه‌سپێرن، ئه‌و كه‌سه‌ى زیاتر ئه‌زیه‌تى داوم، زیاتر بۆم ده‌گریه‌ت، ئه‌وه‌ى كه نه‌یویستووه من ببینێ دێت بۆ بینینى جه‌نازه‌كه‌م، ئه‌وه‌ى ده‌ستى نه‌گرتم له‌پێش هه‌مووان ده‌چێته ژێر تابووته‌كه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ى نه‌یویست سه‌لامم لێ بكات، خۆى بۆ خواحافیزیم دێت، رۆژێكى سه‌یره ئه‌م رۆژه، به‌ڵام خۆم نه‌ماوم بیبنیم»، ئاخر خۆ زۆرینه‌ى زیندووه‌كان كه ئولفه‌ت به گۆڕستانه‌وه ده‌گرن، ئه‌وانه‌ن كه به زیندویی ده‌ستیان نه‌گرتن و به سڵاوێك به‌سه‌ریان نه‌كردنه‌وه، ئه‌وانه‌ن كه نه‌یانتوانى ئازیزانیان به زیندوویی له پێخه‌فی مه‌رگ و نه‌داری دووربخه‌نه‌وه، پێده‌چوو (شه‌هابی گۆشتفرۆش)یش هه‌ر له‌و زاهیدانه بێت، كه به مردوییش نه‌یه‌وێت كوڕه نۆبه‌ره‌كه‌ى به ته‌نها له گۆڕستان بمێنێته‌وه و له قه‌برێكى گوڵڕێژكراودا بخه‌وێت.
شه‌هابی گۆشتفرۆش و زه‌نوێری رووه‌كخۆر
كه‌سم نه‌دیتووه بارته‌قاى (شه‌هابی قه‌ساب) سه‌وداسه‌ری له‌گه‌ڵ گۆڕستان هه‌بێ و ئولفه‌تى به دنیاى مردوانه‌وه گرتبێت، هه‌موو رۆژێك به كێرد و چه‌قۆ خوێناوییه‌كه‌ى ده‌ستییه‌وه، به پۆشاكى خوێنینه‌وه كه جێگه‌ى سه‌دان هاوار و ناڵه‌ى رۆح كێشانى ئاژه‌ڵانى له‌سه‌ر بوو خۆى ده‌كرد به گۆڕستانه‌كه‌دا و له‌سه‌ر گۆڕی كوڕه نۆبه‌ره‌كه‌ى ده‌ستى به زیكر و فاتیحه ده‌كرد، به‌رده‌وام به رادیۆیه‌كى قیساره‌ى سووری بچووكه‌وه له ته‌نیشت كێلی گۆڕه‌كه‌ى رۆده‌نیشت و شه‌پۆل به شه‌پۆل ده‌گه‌ڕا تا چه‌ند ئایه‌تێك له قورئان بكاته خۆراكى رۆحى منداڵه‌كه‌ى، ئاخر چل رۆژ به‌ر له‌و مێژووه كوڕه‌كه‌ى به تاپڕ سێره‌ى له كه‌لله‌سه‌ری پشیله‌یه‌كى به‌دبه‌خت گرت و ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆترێكى ئه‌وی خواردووه كوشتى، قه‌دیمه‌ش ئه‌وه‌یان وتووه هه‌ر كه‌سێك به هه‌ر پاساوێك ده‌ستى بچێته كوشتنى پشیله‌یه‌كه‌وه و له‌ناوی ببات، تا مردن تارمایی رۆحى ئه‌و پشیله‌یە به‌دوایه‌وه ده‌بێ و تۆڵه ده‌كاته‌وه.
خۆ میسۆلۆژیاى هیندۆسه‌كانیش هه‌روا ده‌ڵێن كه خواوه‌ندى (ئاڤاتار) رۆژێك رۆحى ئه‌وانه ده‌كێشێت كه له‌رۆح كێشانى رۆحله‌به‌ره‌كانى تردا كردوویانه.
حه‌وته‌مین حه‌وتووى مه‌رگی پشیله‌كوژ، كه له هه‌ندێك شوێن وه‌ك چله به سرووتێكى خێزانیى رووده‌كه‌نه گۆڕستان، (زه‌نوێر)ی خوشك، كه له‌ناو خێزانه‌كه‌یدا به (رووه‌كخۆر) به‌ناوه، له چله‌كه‌یدا هاوه‌ڵى (شه‌هاب)ی باوكێتى بۆ گۆڕستان. له‌وێ به ئه‌سپایی له‌سه‌ر رۆخى گۆڕى براكه‌ى لێوه‌كانى سه‌رقاڵى نووسینه‌وه‌ى فاتیحه‌ن، جاروبار چه‌ند دڵۆپێك ئاو ده‌پڕژێنێته سه‌ر روخساری گوڵه‌كان و نازی مانه‌وه‌یان پێده‌دات.
له زۆربه‌ى وێنه هه‌ڵكۆڵڕاوه‌كانى سه‌ر دیوار و راڕاوه‌كانى هه‌ڕه‌مه‌كاندا، لەگەڵ وێنه‌ى ژناندا وێنه‌ى پشیله‌ش ده‌رده‌كه‌وێت
وێنه‌یه‌كى سه‌یر بوو، رێك ده‌تووت كه‌ڤاڵى نوێی (مۆنالیزا)ی سه‌ده‌یه، فرمێسكى په‌نهان و خه‌مى حه‌شاردراو له روخساریدا رێگابڕكێیان بوو. بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستكاری برینى باوكیشی نه‌كات، به‌بێده‌نگییه‌وه خۆى به لوله‌ى گوڵه‌به‌ڕۆژه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كرد، كاتێك ده‌نكه گوڵه به‌رۆژه‌یه‌كى چه‌قاوه‌سوو به‌و ره‌شاییه‌ى خۆیه‌وه ده‌كه‌وته سه‌ر ددانى دوند ئاسای (زه‌نوێر)، هه‌ر شیرین بوو به‌دیارییه‌وه رابمێنێ، ئه‌و ده‌مه‌ى ده‌نكۆڵه‌یه‌ك له‌ناو لوولپێچێكدا له‌سه‌ر نینۆكه‌كانیه‌وه ده‌په‌ڕی و به‌ر زه‌وى ده‌كه‌وت، هه‌ر شایان به‌وه بوو لێی ورد ببیته‌وه، به ئه‌سپایی ده‌نك به ده‌نكى گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كانى به لێوه‌كانى ده‌شكاند، وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌یه‌وێت به ددانه‌كانى سرووتى بێده‌نگی باوكی بشكێنێ، كه له خواردنى برێشكه‌كه‌ش بۆوه، به ئه‌سپایی له لاپه‌ڕه‌ى لوله‌كه ورد ده‌بێته‌وه و ده‌یخوێنێته‌وه، چه‌ند رێكه‌وتێكى سه‌یره له‌و لاپه‌ڕه سواغدراوه به مه‌ره‌كه‌ب و نووسین، باس‌وخواسى پشیله‌ی له‌خۆى گرتووه. لاپه‌ڕه‌كه له كتێبی زینده‌وه‌رزانى لێكراوه‌ته‌وه، ئاخر خۆ له‌وه‌ته‌ى هه‌ین، هه‌میشه به رۆحى پشیله ده‌مانترسێنن و پێمان ده‌ڵێن پشیله‌كان حه‌وت رۆحیان هه‌یه و پێده‌چێ هه‌ر یه‌كێك له‌و رۆحانه جۆره چه‌ك و تفاقێك بن بۆ به‌رگرى له ژیان و مانه‌وه. (زه‌نوێری رووه‌كخۆر) له كۆدی لاپه‌ڕه‌ی لوله‌یه‌كه‌وه سه‌رله‌نوێ چیرۆكى ئازاری براكه‌ى دێته‌وه خه‌یاڵ، راسته ئه‌و نایه‌وێت به گێڕانه‌وه‌ى باوكی ئازاربدات، به‌ڵام مه‌به‌ستێتى له رێگه‌ى ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه‌وه سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و باوه‌ڕانه بكات كه چێژ له ئازاردانى رۆحله‌به‌ره‌كانى تر وه‌رده‌گرن، له هه‌یوانى ماڵه‌كه‌ى خۆشی‌دا به خه‌تى فارسی شكسته ئه‌و ئیدیۆمه‌ى به گه‌وره‌یی نووسیووه «ره‌نگه تۆ به گاڵته باڵى په‌پوله‌یه‌ك لێبكه‌یته‌وه، به‌ڵام ئه‌و تا مردن به ئاواتى فڕین ده‌مێنێته‌وه«، له‌وانه‌یه خه‌یاڵی سه‌ركۆنه‌كردن و راستكردنه‌وه‌ى رێڕه‌وى ژیانى خانه‌واده‌كه‌ى مه‌به‌ست بێت، تا چیتر ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان له‌ژێر نواى ئه‌و ماڵه‌دا نه‌بنه قوربانى و بكوژرێن.
زه‌نوێری رووه‌كخۆر هه‌ر له منداڵییه‌وه رقی له گۆشتخۆری و ئازاردانى رۆحله‌به‌ره‌كانى تر ده‌بێته‌وه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كوشتن و خواردنى هه‌ر زینده‌وه‌رێكى تر، چه‌نده‌ش ئایین و یاساكان رێگایان پێدابێت، ره‌فتارێكى ئاكاریی نییه و مرۆڤ ئه‌و سه‌رداره باڵایه نییه كه مافی كوشتنى ئه‌وانى دیكه‌ى هه‌بێت، نموونه به باوه‌ڕى هیندۆسه‌كان دێنێته‌وه، كه پێیانوایه خواوه‌ندی (ئاڤاتار) تارمایی رۆحى ئاژه‌ڵه‌كانه و مرۆڤه‌كان له‌پاى دڵڕه‌قی و ئازاردانى رۆحله‌به‌ره‌كان سزا ده‌دات، هه‌ڵبه‌ت مه‌رگى براكه‌شی هه‌ر به‌سزایه‌كى خودایی ده‌بینێ، كه له‌پاى كوشتنى پشیله‌یه‌كدا تۆڵه‌ى لێكراوه‌ته‌وه. ئه‌و له رێگه‌ى سه‌ركۆنه‌كردنى باوكییه‌وه، سه‌ركۆنه‌ى هه‌موو جۆره‌كانى پیاو ده‌كات و به تووڕه‌ییه‌كى زۆره‌وه بیریان دێنێته‌وه، كه چه‌ند دووڕو و درۆزن بوون له په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كان، ئاخر چۆن بیری بچێته‌وه كه له پڕۆگرامى خوێندندا وانووسرابوو «منداڵه‌كان به‌گاڵته به‌ردیان ده‌گرته بۆقه‌كان، به‌ڵام ئه‌وان به‌ڕأستى ده‌مردن»، زه‌نوێر له‌و باوه‌ڕه‌دابوو كه ئه‌وه‌ى به‌ردی خستۆته ده‌ستى منداڵه‌كانه‌وه بۆئه‌وه‌ى سێره له بۆق بگرن، هه‌ر گه‌وره‌كان بوون. (شه‌هابی گۆشتفرۆش) به سه‌رێكى كز‌و چاوێكى ماندوه‌وه له سیماى پڕ ئازاری (زه‌نوێر) ده‌ڕوانێت و مه‌به‌ستێتى به‌رده‌وام بێت، تا چیتر تارمایی رۆحى پشیله و مه‌خلوقه‌كانى تر ئازاری منداڵێكى تری نه‌ده‌ن.
سه‌ركۆنه‌كردنى باوان، رۆحى به‌نرخى رۆحله‌به‌ره‌كان
زه‌نوێر به‌ده‌م جووڵه‌وه، چاوێكى له‌سه‌ر پێیه‌كانێتى، نه‌بادا پێڵاوه‌كانى بكه‌وێته سه‌ر گۆڕێك و ئازاری مردوویه‌ك بدات، دیسانه‌وه رووده‌كاته‌وه باوكی و ده‌ڵێت: هێشتاش یاده‌وه‌ریم پڕه له ئامۆژگارى درۆ، هه‌میشه گوێیه‌كانم به‌و رسته بێ كردارانه‌ى ئێوه ده‌زرینگێته‌وه، كه له بیری ئێمه‌تان ده‌ئاخنى گوایه پێویسته مرۆڤه‌كان یه‌كتر و ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كانیان خۆشبووێ، كه‌چی هێنده‌ى نه‌ده‌برد به‌به‌رچاوى ئێمه‌وه خۆتان له كۆڵانه‌كان به‌به‌رد دواى سه‌گ و كه‌ر ده‌كه‌وتن. ئێوه بوون به‌گوێتاندا ده‌چرپاندین كه رۆحله‌به‌ره‌كانى دیكه‌شمان خۆشده‌وێت، كه‌چی فێرتان ده‌كردین كولله بۆ كه‌وه‌كانتان راوبكه‌ین و كه‌وه‌كانیشتان فێرده‌كرد هاوڕێكانیان راوبكه‌ن و ئێواره‌ش له‌سه‌ر خوانى چاوچنۆكى خۆتان به‌ده‌م پێكى شه‌رابه‌وه ده‌تان نۆشی، ئێوه بوون فێرتان ده‌كردین كه سه‌گ هاوه‌ڵى راسته‌قینه‌ى مرۆڤه، كه‌چی به‌زنجێرێكى گه‌وره چوار رۆژ به برسێتى ده‌تانهێشته‌وه تا هار بێت و له شه‌ڕى سه‌گه‌كاندا شكۆى شكاوى خۆتانتان بۆ بگێڕێته‌وه، هه‌ر ئێوه بوون فێرتان ده‌كردین كه كه‌ره‌كان بێ زه‌ڕترین گیاندارى سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ن، كه‌چی هاوین هه‌موو دنیاتان له‌كۆڵ بارده‌كرد و زستانیش به‌ڕه‌ڵڵاى ناو به‌فر و شه‌خته‌تان ده‌كردن، به‌ڵێ ئێوه بوون، كه به‌هارێكى درێژ به‌دیار چه‌ند جوچكه مریشكێكه‌وه ئولفه‌تمان پێ بگرن و كه گه‌وره‌ش ده‌بوون وه‌ك به‌شێك له خێزان چه‌قۆتان ده‌خسته سه‌ر ملیان، ئێوه بوون كه كاریله‌ى سپی و سۆڵه‌تان له‌ژێر دارمیۆى حه‌وشه ده‌به‌سته‌وه و به كامیراى سۆنى وێنه‌ى ئێمه و كاریله‌تان ده‌گرت و كه گه‌وره‌ش ده‌بوون هه‌ر له‌حه‌وشه ته‌ورێكتان له ملی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى خوێنى قوربانییه‌كه ماڵه‌كه‌تان پیرۆز بكات، ئێوه‌بوون وێنه‌ى كۆترتان وه‌ك دۆم له‌سه‌ر لاباڵى خۆتان ده‌كوتا و ئه‌گه‌ریش له‌ماڵه‌وه دوو كۆتر له‌سه‌ر ستاره‌كه بوایه‌ن وه‌ك مه‌خلوقی بێ فه‌ڕ هه‌راتان ده‌نایه‌وه، ئێوه‌بوون كوشتنى كوكوختى و په‌ره‌سێلكه‌تان حه‌رامكرد، كه‌چی كونى سوێبانیشتان ده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ى هێلانه‌ى تێدا نه‌كه‌ن، ئێوه‌بوون بۆ راوى مشك پشیله‌تان خۆشده‌ویست، كه‌چی به‌و پۆخڵییه‌ى خۆتانه‌وه گه‌ر پشیله‌یه‌ك ده‌مى خستبایه قاپی ماسته‌وه، به گسك قاپ و پشیله‌تان تووڕ ده‌دا، هه‌ر ئێوه‌ش بوون رۆژانه ده‌تانووت ئاژه‌ڵه‌كان رووى دووه‌مى ژیانن له‌سه‌ر زه‌وى و شه‌وانه‌ش به‌دیار شه‌وچه‌ره‌ى خۆتان راوى هه‌موو رۆح له‌به‌رێكتان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی گۆشتى ناخۆن.
زه‌نوێر به‌و تووڕه‌یی و گازنده‌یەوه چاوێكى له‌سه‌ر باوكێتى و چاوێكیش له ئاسمان، وه‌ك ئه‌وه‌ى بیه‌وێت به فرمێسكه‌كانى نزایه‌ك بنووسێته‌وه و بڵێت خودا گیان سۆز و به‌زه‌یی بخه‌ره دڵى باوكه‌كانەوە و چیتر له‌ناو سه‌ربازگه‌ى ژیان، چه‌قۆ و كێرد و تاپڕ و تفه‌نگه‌كان بۆ كوشتن و راوه ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان به‌كارنه‌هێنن.
خۆشخوێنى هاواره و میاویش پاڕانه‌وه
لێوه‌كانى شه‌هاب ده‌جوڵێ، وه‌ك ئه‌وه‌ى شنه‌با له‌گه‌ڵ لقه داره‌كان بیخاته ته‌هلیله و زیكره‌وه، پێده‌چوو دوا فاتیحه و نزا بۆ رۆحى په‌شمورده‌ى كوڕه‌كه‌ى بنێرێ، ئاخر پاش گازنده و خه‌مه‌كانى زه‌نوێر، باوك ده‌سڵه‌مێته‌وه، رۆح و تارمایی پشیله‌كه له گۆڕه‌كه‌شدا هه‌ر به‌شوێن كوڕه‌كه‌یه‌وه بێت، به بێده‌نگی به‌ره‌و ترۆمبێله‌كه رێده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئاماژه‌ى میلی شه‌پۆلى رادیۆكه له‌سه‌ر شه‌پۆلى (95.7) ده‌گیرسێته‌وه، ئاخر شه‌پۆله‌كانى رادیۆى (گه‌لی كوردستان) هێنده زۆر‌و به‌رینن هه‌ر به سرووته قه‌دیمییه‌كه گۆرانییه‌كی (نازم غه‌زالی) دووباره ده‌كاته‌وه، گۆرانییه‌كه تێكسته‌كه‌ى (ئه‌بی فیراسی حه‌مدانی)ه و به ده‌نگێكى نزمكراو شه‌هاب و زه‌نوێر گوێده‌گرن (ا‌قول وقد ناحت بقربي حمامة)، رێك گۆرانییه‌كه‌ش رسته‌ى پچڕاوى سه‌ركۆنه‌كردن و قسه‌ى نه‌وتراوى ناو گۆڕستانه‌كه‌یان بیردێنێته‌وه، شاعیر ئه‌و تێكسته‌ى كاتێك نووسیووه كه له‌لای (رۆمه‌كان) زیندانیكراوه و رۆژێك له به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌كى بچووك كه له كورده‌وارییه‌كه‌ى خۆمان هه‌ر به قه‌د تاقێك ده‌بێ و رووناكى پێدا دێته‌ژوورەوە ده‌وه‌ستێت، له‌و ده‌مه‌دا كۆترێكى پەڕاگه‌نده له‌سه‌ر رۆخى په‌نجه‌ره‌ى زیندان ده‌نیشێته‌وه و ده‌ست ده‌كات به چڕینى هاوار، ئه‌بو فیراس له رۆحى په‌نهانى خۆیدا لێی ده‌پرسێ «ئه‌ى دراوسێكه‌م، ئایا هه‌ست به ئازاره‌كانى من ده‌كه‌ى»، پاشان له وێنه‌یه‌كى دیكه‌دا ده‌ڵێ «یضحك المأسور وتبكي طلیقة» ئاخر كه‌ى هه‌بووه به‌ندكراوێك بخه‌نێته‌وه و ئازادێكیش بگریه‌ت. ئه‌م گۆرانییه جارێكى تر زه‌نوێر به قسه دێنێته‌وه، چونكه هه‌میشه له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه، كه هه‌موو ده‌نگێكى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان ته‌نها ده‌نگ و ده‌ربڕینێك نییه له په‌یوه‌ندی نێوان خۆیان، به‌ڵكو جۆرێكیشه له هاوار و نووزه و ئازار، له‌وانه‌شه كۆتری بنمیچی زیندانه‌كه‌ى ئه‌بی فیراس، هه‌ر له رواڵه‌تدا ئازاد و ته‌ڵیق بووبێ و به‌ده‌ست ئازاره‌كانى تێكدانى هێلانه‌كه‌ى، شكاندنى هێلكه‌كانى، كه‌وتنى بێچووه‌كانى، كوشتنى هاوده‌مه‌كه‌ى بنوزێته‌وه.
زه‌نوێر تووڕه‌تر ده‌ست ده‌كاته‌وه به قسه و روو له باوكی ده‌كات، ئێمه له وڵاتێكدا ده‌ژین، نه مرۆڤ نرخى هه‌یه و نه باڵنده و ئاژه‌ڵ، له ناوه‌ڕاستى شه‌قامه‌كاندا ده‌یبینى بزنێك به قۆچه‌كانى راده‌كێشرێ و قازێك قاچه‌كانى تووند تا راده‌ى پسان ده‌به‌سترێته‌وه، كه‌نارییه‌ك له‌به‌ر سوورى هه‌تاو له قه‌فه‌زێكى بچو‌وكدا دانراوه بۆئه‌وه‌ى خۆش بخوێنێ، نازانن خۆش خوێندنى كه‌نارییه‌ك بریتییه له هاوارو نوزه و ده‌رده دڵ.
له وڵاتێكداین باباغا فێره جنێو ده‌كرێت، كه‌و گڵۆپێكى سێ ئه‌مپێرى بۆ ده‌خرێته قه‌فه‌زه‌وه تا عاشق بێت، كه‌ڵه‌شێره‌كان له‌شه‌ڕدا ده‌كرێنه گره‌و و قوماریان پێوه ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ى منداڵه‌كانمان نه‌گرین كۆترێك به په‌ڕو باڵ كراوى ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستیان، لقی دره‌خته‌كان ده‌بڕینه‌وه بۆئه‌وه‌ى ریقنه‌ى چۆله‌كه حه‌وشه‌ى حه‌رەمسه‌را پیس نه‌كات، ریشۆڵه به‌سه‌ر بڕدراوى و كوڵاوى له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كان ده‌فرۆشرێت.
شه‌هاب له چاوه‌كانیدا سۆز و په‌شیمانى لێده‌بارێ، به‌تایبه‌تی كه ده‌بیستێ، زه‌نوێری كچی به پێچه‌وانه‌ى براكه‌یه‌وه عه‌وداڵ و سه‌راسیمه‌ى ئه‌وینێكى گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ، دیسانه‌وه مه‌به‌ستێتى گوێبیستى ببێته‌وه، له ئازاری قرتاوه‌وه ده‌ست پێده‌كاته‌وه و به ده‌نگێكى نزمتر بۆ باوكی قسه ده‌كات و به هێمنییه‌وه ده‌ڵێت: سه‌گه به‌ڕه‌ڵڵاكانى شه‌قامه‌كانم خۆشده‌وێ و به‌زه‌ییم به گوێدرێژه‌كاندا دێته‌وه، زه‌رده‌خه‌نه بۆ باڵنده‌كانى ناو پاركى ئازادى ده‌كه‌م، ئێستاش پشیله بێ دایك و باوكه‌كانى گه‌ڕه‌ك به‌ده‌سته‌كانى خۆم شیر ده‌ده‌م، كه گه‌ریلایه‌ك ده‌بینم باوه‌شی بۆ ورچێك كردۆته‌وه و شیری ده‌داتێ، به ئاسماندا ده‌فڕم، كه چۆله‌كه‌كانى سه‌هۆڵه‌كه ده‌بینم ورده سه‌موونى نۆكاو فرۆشه‌كان به‌بێ ترس ده‌خۆن، بستێك باڵا ده‌كه‌م، كه سه‌ری گوێنى پڕ له گه‌نمى سه‌عد ئاكۆیی ده‌بینم وه‌ك دڵی خاوه‌نه‌كانیان ئاوه‌ڵاكراوه بۆ كوكوختى، له خۆشیان ده‌تریقێمه‌وه، كه ریشۆڵه په‌ڕاگه‌نده‌كانى سه‌ركارێز سه‌یر ده‌كه‌م پاش ئازادبوونیان وه‌ك وێستگه‌یه‌كى كاتى لێی ده‌نیشنه‌وه، به قه‌د ئه‌وان هه‌ست به ئازادی ده‌كه‌م، كه پشیله‌یه‌كى كلك بڕاوى عه‌قاری ده‌بینم به میاو سڵاو له دوكانداره‌كه ده‌كات و پشكی رۆژه‌كه‌ى خۆى ده‌وێت، زه‌رده‌خه‌نه ده‌مخنكێنێ، كه قه‌له‌باچكه‌كانى گوێژه ده‌بینم پاشماوه‌ى سه‌یرانه‌كانى ئێمه كۆده‌كه‌نه‌وه، تێده‌گه‌م چه‌ند ژینگه پارێزێكى دڵسۆزن، ئاخر باوكه مرۆڤ چۆن ده‌توانێ ئازاری ئه‌و رۆحانه بدات، كه هاوبه‌شن له خاوه‌نداری و به‌ڕێوه‌بردنى زه‌ویدا.
مێژووى هاوه‌ڵیى مرۆڤ و پشیله
هه‌میشه قۆناغێك هه‌یه خۆى له‌ژێر تایتڵى قڕو قه‌پ جێگه ده‌كاته‌وه و مرۆڤه‌كان له‌و كاتانه‌دا لە وتن وه‌ڕس ده‌بن و وه‌ستانى ده‌نگه ژێیه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن، رێك ئه‌و چركه‌ساته بوو كه زه‌نوێر و شه‌هابی باوكی تێیدا ده‌ژیان، ئاخر خۆ برینى شه‌هاب و هه‌ستكردن به ئازاره‌كه‌ى هێنده قووڵ بوو كچه‌كه‌ى نه‌یده‌توانى قامك بخاته ناو برینه‌كانییه‌وه، بێ ئاگا له‌وه‌ى ده‌مێكه زامه‌كانى رۆحى شه‌هاب به قسه هاتوون و له‌هه‌ر پنتێكى ئه‌و ئازاره چیرۆكێك هه‌یه. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌ى ترۆمبێلی شه‌هاب به ماڵه‌وه، چیتر كه‌ڵكه‌ڵه‌ى وتن قفڵى لێنادرێ، به‌ڵكو هه‌ردووكیان پێكه‌وه له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن خه‌مى ئاژه‌ڵدۆستى له هاوسۆزییه‌كى سه‌رپێیه‌وه بگۆڕن بۆ پرسێكى جێ خه‌م و زیاتر له باره‌یه‌وه قسه بكه‌ن.
زه‌نوێر ئه‌و سه‌رگوزشته‌ى (دایكه تێرێزا)ی قه‌دیسی مه‌سیحییه‌كانی بیر ده‌كه‌وێته‌وه، كاتێك دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له ته‌مه‌نى چاره‌سه‌ركردنى خه‌ڵكدا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ زۆر كه‌س كردووه و زۆربه‌ی ئازاردراوه‌كان یه‌ك جۆر بوون و به شوێن ناسینى ئه‌و شتانه‌وه بوون كه ئازاریان داون یان به ده‌ستیانه‌وه ئازاریان چه‌شتووه، له‌وه تێده‌گه‌یشت كه خۆراكى رۆحیی بۆ باوكه جگه‌رسووتاوه‌كه‌ى ته‌نها له فڕێدانى كێرد و چه‌قۆكه‌ى كورتنابێته‌وه، به‌ڵكو له ناسینى مێژوو و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئاژه‌ڵه‌كانیشدا خۆى ده‌نوێنى. ئاخر ئه‌و ده‌مێكه له‌ناو ئه‌فسانه‌كاندا به‌شوێن مێژووى پشیله‌دا ده‌گه‌ڕێت، كنه‌كردنى مێژوو و گه‌ڕان به شوێن پشیله له میسۆلۆژیاى كۆنینه‌دا بۆته خوو. له‌پای ئه‌و ئه‌وینه‌ش چه‌ند ساڵى رابردوو هه‌موو كتێبخانه‌كانى به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه تا له بنمیچێكى فه‌رامۆشكراودا شتێكى چنگ بكه‌وێت، دێڕێك، رسته‌یه‌ك، وتارێكی تێدا بێت. ده‌یزانى ئاشنابوونى مرۆڤ و پشیله مێژووه‌كه‌ى دوور‌و درێژه و ده‌مێكه وه‌ك رۆحله‌به‌رێكى ماڵیی له ژینگه‌ى خۆی دوورخراته‌وه و گواستراته‌وه ناو خێزانه‌كان، ئه‌و مه‌خلوقه له نه‌سلێكى رۆح سووكه و وه‌ك دۆستێكى خۆسه‌پێن له‌سه‌ر دنیاى مرۆڤه‌كان خۆی ساغكردۆته‌وه.
ده‌گێڕنه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له‌ناو یاسا دڵڕه‌قه‌كانى دارستاندا پشیله هاوڕێیه‌تى كه‌روێشك هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام كاتێك رێوییه‌ك كه‌روێشكه‌كه راوده‌كات، ئیدی سه‌نگه‌ره‌كه‌ى ده‌گوازێته‌وه و ده‌بێته لایه‌نگری رێوی، ئه‌وده‌مه‌ش پڵنگێك به سروشتى گۆشتخۆری خۆى رێوییه‌كه ده‌كاته ژه‌مێك، پشیله به‌ره‌ى پڵنگ ده‌كاته مه‌ته‌رێزه نوێیه‌كه‌ى، كه شێری پادشاى دارستانیش بۆ مانه‌وه‌ى خۆی پڵنگه‌كه له برسان كه‌وڵ ده‌كات، خۆى ده‌كاته ده‌سته‌ڕاستى سه‌رداری جه‌نگه‌ڵ، كه شه‌پۆلى مرۆڤ رووده‌كاته دارستان و به كوشتنى شێره‌كه پیاو ده‌بێته سه‌روه‌ر، ئیدی پشیله مه‌یلی لایه‌نگرییه‌كه‌ى ده‌گۆڕێ و واز له دارستانه‌كه دەهێنێ و له ماڵی مرۆڤدا ده‌گیرسێته‌وه، كه له‌ناو خێزانیشدا باڵاده‌ستى و هه‌ژموونى ژن ده‌بینێت به‌سه‌ر پیاوه‌كه‌یه‌وه، ئیدى له راوكه‌رێكى سروشته‌وه ده‌بێته ده‌سته‌مۆى خانمان. ئه‌و چیرۆكه خه‌یاڵییه‌ی ناو كتێبی منداڵان وا له (زه‌نوێر) ده‌كات بۆ پارێزگاریی له پشیله‌كان هه‌موو رێگایه‌ك په‌یڕه‌و بكات، كاتێك رووى ده‌مى له (شه‌هابی گۆشتفرۆش) ده‌كات مه‌به‌ستێتى پێی بڵێت، كه حیكایه‌تى په‌یوه‌ندیى نێوان نه‌سلى خۆى و پشیله له‌و رۆژه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه به‌رله ده هه‌زار ساڵ مرۆڤ هه‌م له شارستا‌نیه‌تى میزۆپۆتامیا و هه‌میش له دا بۆ پارێزگاریی له كۆگاى دانه‌وێڵه و هێشتنه‌وه‌ى به‌روبوومه‌كان دۆستایه‌تى پشیله‌ى په‌سه‌ندكردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌تینه‌ش، ئیدى چیرۆكى وه‌رگۆڕینى ئه‌و ئاژه‌ڵه له‌ناو كه‌لتور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌كاندا گۆڕانكاریی گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا دێت.
شه‌هاب مه‌یلى دێرینه‌ى پشیله‌ى بۆ كه‌ویبوون و ویستى مرۆڤى بۆ خاوه‌ندارێتى پێ سه‌یره، له‌وه تێده‌گات ئه‌و ئه‌وینه تاك سه‌ره نه‌بووه، ده‌گێڕنه‌وه پشیله‌ش سه‌ری بۆ كه‌ویكردن و دۆستایه‌تى مرۆڤ ده‌خورا، ئه‌وه‌تا هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى مێژوو دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه پێش چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وازیان له كێ‌و و به‌نده‌نه‌كان هێناوه و له شاره‌كان به‌ته‌نیشت مرۆڤه‌وه گیرساونه‌وه، كه‌چی سه‌رچاوه‌ى دیكه زۆر له‌وه كۆنتریان دۆزیووه‌ته‌وه و سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى 10 هه‌زار ساڵ به‌رله ئێستا له میزۆپۆتۆمیا به ته‌نیشت بزن و سه‌گ له‌گه‌ڵ مرۆڤ له ئاواییه‌كان ژیاون، ته‌نانه‌ت له شوێنه‌واره مێژووییه‌كانى عیراق ئێسكه په‌یكه‌ره دۆزراوه‌كان رێك له شێوه و قه‌باره‌دا له پشیله‌ى ئێستا چوون، زه‌نوێر بۆ باوكى روونده‌كاته‌وه كه نووسه‌ر و پزیشكى ئه‌مریكى (د‌یڤید دیربیشایه‌ر) له كۆتایی (2007) له توێژینه‌وه‌یه‌كى كنه‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ى ره‌چه‌ڵه‌ك (DND)ی زیاتر له (979) پشیله وه‌رده‌گرێ كه داخۆ كام جۆری ئه‌و ئاژه‌ڵه و هی كامه وڵات له ره‌سه‌نترین جۆره‌كانێتى، ئه‌و توێژینه‌وه زانستییه ده‌یسله‌مێنێ كه قه‌دیم و كۆنه، به‌ڵام پشیله‌كانى میزۆپۆتامیا و هه‌رێمى كوردستان له ره‌سه‌نترین جۆره‌كانن كه تائێستاش پارێزگاری‌یان له ئه‌سڵ و فه‌سڵى خۆیان كردووه.
پشیله و ده‌وری خواوه‌نده‌كان له شارستانییە دێرینه‌كان
شه‌هاب سه‌راسیمه‌ى ئه‌و هه‌موو چیرۆكه‌یه كه شارستانێتییه كۆنه‌كان بۆ پشیله‌یان داتاشیووه، ئاخر له‌لای ئه‌و پشیله ئاژه‌ڵێكه وه‌ك ئه‌فرێندراوه‌كانى تر و به حه‌وجێی ئه‌وه نییه مرۆڤ ئه‌و هه‌موو كلك و گوێیه‌ى بۆ دابتاشێ و ناو و پله‌به‌ندى بۆ بدۆزێته‌وه، راستییه‌كه‌شی چه‌نده له‌و قسانه ده‌فكرێ به شتێكى گه‌وجانه‌ى دێته به‌رچاو، چۆن ده‌بێت مرۆڤ كه هه‌موو ئایینه‌كان به سه‌رداری زه‌ویی ده‌زانن، قبووڵی بێت پشیله بگاته مه‌رته‌به‌ى خواوه‌ند و ئێزدان، بۆ شه‌هاب كتێبه نووسراوه‌كانى مێژوو جگه له یاداشتكردنى خه‌ڵه‌فانى مرۆڤ له‌ژێر ناوی شارستانێتى دێرینه شتێكى تر نییه، كه‌چی زه‌نوێر پێچه‌وانه‌ى باوكى بیرده‌كاته‌وه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه مێژووى تۆماركراوى مرۆڤ و شارستانێتییه‌كان له گۆتره نه‌نووسراون و شتێكى په‌نهان هه‌یه له پشت ئه‌و ئولفه‌ته‌ى مرۆڤ و پشیله، ئاخر شوێن و پێگه‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵه هێنده له رابردوودا باڵا بووه، له‌لای ییه‌كان پشیله ده‌به‌ستنه‌وه به خواوه‌ندی (ئیزیس)ی دایكایه‌تى و به‌ره‌كه‌ت و هه‌ندێكى تریش گرێی ده‌ده‌نه‌وه به (ماعت)ی خواوه‌ندى راستى و دادپه‌روه‌ریی، ئه‌م راستییه‌ش له دیواربه‌ند و به‌رده هه‌ڵكۆڵڕاوه‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن له دروستكردنى په‌یكه‌ری (باستیت)ی خواوه‌ندی میهر جه‌سته‌كه‌ى خانمێكه و كه‌لله سه‌ره‌كه‌ى پشیله. ئه‌م به‌ستنه‌وه‌ی پشیله‌یە به خواوه‌نده مێیه‌كانى فیرعه‌ونه‌كانەوە، ته‌نها له‌ناو سرووته ئاینییه‌كاندا جێگه‌ى نه‌گرتووه، به‌ڵكو بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌تینى په‌یوه‌ندیی نێوان ژنانى ئه‌و سه‌رده‌مه و پشیله، به‌جۆرێك له زۆربه‌ى وێنه هه‌ڵكۆڵڕاوه‌كانى سه‌ر دیوار و راڕاوه‌كانى هه‌ڕه‌مه‌كان، هه‌میشه له ته‌نیشت وێنه‌ى ژنانى دا وێنه‌ى پشیله ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه وا باوبووه پاش مردنى ئه‌و گیانداره له رێگه‌ى مۆمیاكردن یان وشككردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شمه‌كه گرانبه‌هاكانى تردا له گۆڕه‌كاندا هه‌ڵگیراوه.
هه‌رچی له میسۆلۆژیاى (نۆردی)یه، پشیله په‌یوه‌ستكراوه به خواوه‌ندی خۆشه‌ویستى و جوانى و پیت و به‌ره‌كه‌ت، وێنه‌ى كێشراوى (فریا)ی ئێزدان به‌جۆرێك كێشراوه كه له‌سه‌ر گالیسكه‌یه‌ك دانیشتووه و دوو پشیله رایده‌كێشن، وه‌ك چۆن له‌و بیروباوه‌ڕ و ئایینانه‌ى كه باوه‌ڕیان به دۆنادۆن هه‌یه، وایده‌بینن كه پشیله ماڵ و مه‌سكه‌نى رۆحه پیرۆزه‌كانه و به‌ویستى خواوه‌ندی باڵا رۆحه بێگه‌رده‌كان ئه‌و جه‌سته بچكۆله‌یەى پشیله هه‌ڵده‌بژێرن تێیدا نیشته‌جێ بن و بحه‌وێنه‌وه. كه‌چی چیرۆكه فارسییه‌كان شتێكى تر یێژن، به‌پێی سه‌رگوزشته و ئه‌فسانه‌كانى ئه‌وان گوایه پشیله به رێگایه‌كى جادوگه‌رانه دروستكراوه و بۆته هۆى رزگاركردنى (رۆسته‌م)ی پاڵه‌وانى ئه‌فسانه‌یی، به‌پێی میسۆلۆژیاى ئێران جارێك رۆسته‌م له ژێر خێوەتە‌كه‌ى میوانداریی پیره‌پیاوێك ده‌كات، پیاوى كه‌نه‌فت كه پێده‌چێ جادوگه‌ر بێت، بۆ رزگاركردنى ژیانى خۆی مه‌به‌ستێتى دیارییه‌ك به خانه‌خوێ ببه‌خشێت، به‌ڵام رۆسته‌م هیچى گه‌ره‌ك نییه، سووربوونى جادووگه‌ر به جۆرێكه كه له‌به‌رده‌م ئاگر‌و له ژێر ئاسمانێكى ته‌نراو به ئه‌ستێره پشكۆیه‌ك ده‌خاته ده‌ستییه‌وه و دوو ئه‌ستێره داده‌گرێت و له‌نێو مستیدا بێچووه پشیله‌یه‌كى خۆڵه‌مێشی دێته ده‌رەوە، به‌مجۆره‌ش یه‌كه‌م پشیله‌ى فارسی كه هێماى پێزانینه بۆ رۆسته‌م ده‌خوڵقێت.
زه‌نوێر مه‌به‌ستێتى به باوكی بسه‌لمێنێ كه پشیله ئه‌وه‌نده له‌ناو خێزانه‌كاندا به قه‌درو قیمه‌ت بووه ته‌نانه‌ت (هیرۆدۆت) ئاماژه به‌وه ده‌كات كاتێك پشیله‌یه‌ك ده‌مرد، هه‌موو ماڵه‌كان په‌رده‌یه‌كى ره‌شیان هه‌ڵده‌دا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خه‌م‌و كۆستێكى گه‌وره، تا ئه‌وده‌مه ئه‌و شینگێڕانه به‌رده‌وام ده‌بوو كه جه‌سته‌ی كه‌وڵكراو و وشكراوى پشیله‌كه ده‌گه‌ڕێنرایه‌وه. ئاخر ئه‌وینى ییه‌كان بۆ پشیله سه‌مه‌ره‌بوو، به‌جۆرێك به رۆح و خۆشه‌ویستى ئه‌و مه‌خلوقه پابه‌ندبوون كه بۆ خاتری رزگاركردنى پشیله‌كان ده‌ستیان له ئازادی نیشتمانیش هه‌ڵده‌گرت.
مێژوو ده‌گێڕێته‌وه كه له جه‌نگى (فه‌رما) له سه‌ده‌ى شه‌شه‌مى پێش زایین ئه‌وكاته‌ى (كامبیزی دووه‌م)ی پاشاى فارس سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر فیرعه‌ونى ی (بسماتیك)ی سێیه‌م، ئه‌و شاره سه‌خته‌ى چۆكى دانه‌دا كامبیز له‌رێگه‌ى سوپاگه‌له‌كه‌یه‌وه هه‌رچی پشیله‌ى مه‌مله‌كه‌ت هه‌بوو كۆیكرده‌وه و كردنی به پێشڕه‌وى سوپاكه‌ی، به‌مجۆره و له‌به‌ر شكۆى پشیله ییه‌كان شاره‌كه‌یان راده‌ستكرد، نه‌بادا ئازار به پشیله‌كان بگات. له‌وه‌وه له‌هه‌ر شوێنێكى فارسه‌كان بیانه‌ویستبا پێشڕه‌وى بكه‌ن وێنه‌یه‌كى پشیله‌یان له‌سه‌ر قه‌ڵغانه‌كه‌یان ده‌نه‌خشاند.
حه‌وت رۆحه‌كه‌ى میسۆلۆژیا یان نۆیه‌كه‌ى شكسپیر
ده‌رهه‌ق به گریمانه‌ى هه‌بوونى زیاتر له رۆحێك له‌لای پشیله، نه‌ك بۆ زه‌نوێر، به‌ڵكو بۆ شه‌هابیش بۆته خه‌م‌و مه‌به‌ستێتى بزانێت راستی هه‌بوونى زیاتر له رۆحێك له‌ناو جه‌سته‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵه‌دا هه‌یه، ره‌نگه ئه‌وه جۆرێك بێت له خۆشه‌ویستى بۆ كوڕه‌كه‌ى تا بۆی كه‌شف بێت كه داخۆ رۆحی له‌و دنیاش به‌ده‌ست رۆحى پشیله‌وه هه‌ر له ئازاردا ده‌بێت. ئه‌م سڵه‌مینه‌وەیە ده‌رفه‌تێكه بۆ جارێكى تر دواندنه‌وه‌ى كه‌نیشكه‌كه‌ى، زه‌نوێر ده‌ست پێده‌كاته‌وه كه له‌ناو میسۆلۆژیاى ئیسپانی و عه‌ره‌بی پشیله به حه‌وت رۆح ده‌بینن، به‌ڵام له‌ناو مێژووى هه‌ندێك وڵاتى دیكه وه‌ك نۆ رۆح سه‌یری ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك به‌رهه‌مه ناوازه‌كه‌ى (رۆمیۆو جۆلێت)ی (شكسپیر) پشیله‌كان به نۆ رۆح ناو ده‌بات. له راستیشدا كنه‌كردنى مێژوو و گه‌ڕان به شوێن رۆحى پشیله‌دا به ته‌نها له ئیدیۆمێكدا كورتناكاته‌وه، به‌ڵكو ده‌زانێ ده‌مێكه نه‌ك هه‌ر له شارستانییه‌تى ی كۆندا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكى به‌فه‌ڕ و شكۆ وێناكراوه، ته‌نانه‌ت تا ئه‌ندازه‌ی په‌رستن بووه، ده‌ڵێن كه له گۆڕی فیرعه‌ونه مۆمیاكراوه‌كاندا پشیله‌ش ئه‌سپارده‌ى خاك كراوه و رێزگرتن له پشیله له‌وه تێپه‌ڕیووه ئه‌ركى هاووڵاتیی بێت، به‌ڵكو كوشتنى پشیله‌یه‌ك یه‌كسان بووه به كوشتنه‌وه‌ى كه‌سه‌كه، خۆ به‌پێی راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى (Direct Matin)ی فه‌ره‌نسی ئه‌فسانه‌ى رۆحه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانى پشیله گرێدراوى میسۆلۆژیاى دێرینه‌یه و مرۆڤی سه‌ره‌تایى له‌ناو شارستانێتییه دێرینه‌كاندا به پشتبه‌ستن به سروشتى ژیان و مانه‌وه‌ى پشیله به‌شوێن نه‌مریدا گه‌ڕاون، چونكه باوه‌ڕى باو به‌پێی راپۆرته‌كه ئه‌وه‌یه كه پشیله له قۆناغه‌كانى نه‌مریی نزیك بۆته‌وه.
به‌پێی میسۆلۆژیاى ی كۆن باوه‌ڕیان وابووه كه وێنه‌ى پشیله له‌سه‌ر وێنه‌ى خواوه‌ند (ئاتوم ره‌ع)و خواوه‌ندی خۆر بووه، ئه‌و خواوه‌نده به‌پێی باوه‌ڕى ئه‌وان هه‌شت منداڵى هه‌بووه، به‌وپێیه‌ش رۆحى هه‌ر هه‌شت منداڵه‌كه و رۆحی خواوه‌ندى خۆر پێكه‌وه بوونه‌تە نۆ رۆح، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش باوه‌ڕیان وایه كه ژماره نۆ خێر و خۆشی له‌گه‌ڵ خۆی دەهێنێ.
یه‌كێكى تر له پاساوه‌كانى رۆحه‌كانى پشیله په‌یوه‌سته به لێوه‌شاوه‌ییه جه‌سته‌ییه‌كانى ئه‌و ئاژه‌ڵه، هێز و تواناى له راده‌به‌ده‌ری پشیله له خۆگرتنه‌وه و به‌كارهێنانى په‌له‌كانى بۆ وه‌ستانه‌وه له‌سه‌ر زه‌وی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له شوێنێكى به‌رزیشه‌وه بگلێ، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه زیاد له رۆحێكى هه‌یه و ییه‌كانیش له‌و باوه‌ڕه‌دابوون كه هه‌ر كه‌وتن و ئازارێك رۆحێك له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و كێشانى دوا رۆحى ئه‌و مه‌خلوقه تارماییه‌كه ده‌بوژێنێـته‌وه.
لە ئەفسانە کۆنەکاندا پشیله‌ى ره‌ش بە هێماى ئاشوب و به‌دبه‌ختی و پشیله‌ى سپیش بە مایه‌ى به‌خته‌وه‌ری وێنا کراون
بۆ شه‌هاب رۆحى پشیله‌ش چه‌ند سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه و چه‌نده خه‌یاڵى مرۆڤى به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، ئاخر چۆن ده‌بێت پشیله حه‌وت یان نۆ رۆحى هه‌بێت له كاتێكدا وه‌ك هه‌ر رۆحله‌به‌رێكى تر، ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ش ته‌نها یه‌ك ژیانى هه‌یه، زه‌نوێر له‌سه‌ر دووانه‌ى ژیان و رۆح و په‌یوه‌ندی ئه‌وان به یه‌كه‌وه له‌بیركردنه‌وه‌یه‌كى قووڵدایه، به‌ڵام بیری دێته‌وه كه له رۆژنامه‌ى (ده‌یلى میرۆر) خوێندوێتییه‌وه كه زانا به‌ریتانییه‌كان هۆكاری باوه‌ڕه‌كه‌یان له‌وه‌ى كه پشیله زیاد له رۆحێكى هه‌یه له چەند شتێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، له‌وانه هونه‌ری بێ ئه‌ندازه‌ى ئه‌و ئاژه‌ڵه كه تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه له به‌رزایی زۆره‌وه خۆى بخاته خواره‌وه و پارێزگاریی له هاوسه‌نگى خۆى بكات. وادیاره شه‌هاب له هێزى په‌نهانى ژماره (حه‌وت) وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ژماره‌ی رۆحه‌كانى پشیله سه‌راسیمه بووه، ره‌نگه له خه‌یاڵدانى خۆى بپرسێت بۆچی ئه‌و ژماره و مانا و ده‌لاله‌ته‌كانى به‌كارهێنانى ئه‌و چه‌نده چی بێت، زه‌نوێر له په‌رتوكه‌كاندا خوێندوێتییه‌وه كه به‌درێژایی مێژوو ژماره حه‌وت له‌ناو ئه‌ندێشه‌ى بیرمه‌ند و فه‌لسه‌فه و میسۆلۆژیاى دێرینه‌دا هه‌ڵگری واتاى ئه‌رێنى بووه، به ئه‌سپایی بۆ باوكی روونده‌كاته‌وه كه گرنگى ئه‌و ژماره‌یە مانایه‌كى سیمبولییه بۆ كه‌ماڵ و كامڵبوون و له و میزۆپۆتامیا به پیرۆز ته‌ماشاكراوه.
پشیله‌ی ره‌ش رۆحى شه‌یتانیشی هه‌یه
زه‌نوێر بۆ باوكێكى كۆلكه خوێنده‌وار چیرۆكى سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌گێڕێته‌وه، به‌هۆى سه‌وداسه‌ری به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ میسۆلۆژیا و مێژووى شارستانییه‌ته‌كان، ده‌یه‌وێت له باوكی بگه‌یه‌نێت كه ئه‌وه ته‌نها براكه‌ى نه‌بووه له‌سه‌ر ره‌نگ و پله‌به‌ندى ئاژه‌ڵه‌كان، له‌سه‌ر پێگه و نزیكییان له مرۆڤه‌وه رووبه‌ڕووى سزا یان ناو و ناتۆره بوونه‌وه، به‌جۆرێك له چه‌رخه‌كانى ناوه‌ڕاست وا وێناى پشیله‌ى ره‌ش كراوه كه هێماى ئاشوب و به‌دبه‌ختییه و به جادوو نه‌گبه‌تییه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و گوایه خزمه‌تكار و به‌رده‌ستى جادوگه‌رانن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌دفه‌ڕیی، خۆ ده‌شڵێن یه‌كه‌مین نه‌فره‌ت دژبه پشیله‌ى ره‌ش له عیراقه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، هه‌مان ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌ش نزیكه له تێڕوانینه‌كانى به‌شی زۆری عه‌ره‌ب و دنیاى ئیسلامی، چونكه هه‌ندێك تێكستى ئایینیی پشیله‌ى ره‌ش وه‌ك خانه‌خوێی گلدانه‌وه‌ى جنۆكه و شه‌یتان ده‌بینن.
زه‌نوێر به وردى بۆ باوكى شیده‌كاته‌وه كه داتاشینى تۆمه‌ت و خستنه‌پاڵى چیرۆكى سه‌یرو سه‌مه‌ره وایكردووه ده‌رفه‌تى ژیان و مانه‌وه‌ى پشیله‌ى ره‌ش له دنیادا كه‌متر ببێته‌وه، ئه‌و خه‌یاڵه پووچه ته‌نها به مێژو و میسۆلۆژیاوه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له ده‌ورانى نوێ و هاوچه‌رخیشدا هه‌ر درێژه‌ى هه‌یه، ئه‌وه‌تا له پیشه‌سازیی به‌رهه‌مهێنانى فیلمیش سیناریسته‌كان هه‌میشه ده‌ركه‌وتنى پشیله‌ى ره‌ش به به‌دفه‌ساڵى و ناخۆشی وێنا ده‌كه‌ن و ده‌رخواردى خوێنه‌ر و بینەری ده‌ده‌ن، خۆ له به‌شێك له شارسته‌نێتییه دێرینه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دابوون، ئه‌وه هه‌ر خۆى جادووگه‌ره‌كه‌یه و له‌ژێر عه‌باو پێسته‌ى ره‌شی پشیله‌یه‌كدا خۆی شاردۆته‌وه.
مێژوو ده‌گێڕێته‌وه كه ساڵى (1233) پاپا گریگۆری له‌رێگه‌ى خه‌ونێكه‌وه گوایه حه‌زره‌تى مه‌سیح پێی وتووه شه‌یتان دێته سه‌ر شێوه‌ى پشیله و خۆى له‌ناو جه‌سته‌ى پشیله‌ى ره‌شدا حه‌شار ده‌دات، ئه‌و فەتوا ئاینییه بووه هۆى كوشتنى ملیۆنان پشیله و له ئه‌نجامدا تاعون دنیاى وێران كرد، ئه‌و نه‌فامییه به‌جۆرێك بووه به‌ڵا بۆ ئه‌وروپا، كه مه‌رگى به‌دواى خۆیدا هێنا، ئاخر وه‌ك هیوا قادر له رۆمانى (ماڵى پشیله‌كان) به‌یانی ده‌كات نه پشیله‌ى ره‌ش نیشانه‌ى شوومى و وه‌یشومه‌یه و نه پشیله‌ى سپیش مایه‌ى به‌خته‌وه‌ری، هه‌موو پشیله‌یه‌ك به ره‌نگى تووك و چاوی یاقووتیه‌وه فریادڕه‌سێكه بۆ خۆى.
له خۆگرتنى پشیله‌یه‌كى ره‌ش
له‌به‌رهه‌یوانى ماڵه‌كه‌یان ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ده‌بن، له‌ناو ئه‌و بێده‌نگییه سه‌مه‌ره‌یه، شه‌هاب ده‌نگی نوزه‌یه‌ك ده‌بیستێ، نوزه‌یه‌ك له هاواری ئازاری منداڵ ده‌کات، له پاڕانه‌وه‌ى زارۆیه‌ك ده‌چێت كه به‌ده‌م برسێتییه‌وه روو له ئاسمان بۆ شیر ده‌پاڕێته‌وه، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ زه‌نوێر به‌شوێن ده‌نگی هه‌ناسه‌ى نوزه‌كه‌دا ده‌چن، ئاخر كون و كه‌له‌به‌ره‌كانى خانووی كۆن هێنده زۆرن، ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵى گه‌ڕانه‌وه بۆ چاوشاركێی منداڵیش هێشتا هه‌ر چەند شتێکت لێ ونه و نادۆزرێته‌وه كه عه‌دواڵیانى، ئه‌و ده‌نگه له‌وه ده‌چوو هاواری پشیله‌یه‌كى بێ دایك بێت كه له هه‌مان گوزه‌ر تاپڕێكى تر خرابێته سه‌ر كه‌له‌ى دایكى و ئه‌ویش له ماڵى پشیله كوژدا به‌شوێن سێبه‌ر و سایه‌دا ده‌گه‌ڕێت، چه‌ند دنیایه‌كى سه‌مه‌ره‌یه بۆ ده‌ستخستنى سۆز و خه‌ونى له‌خۆگرتن روو له ماڵى پشیله كوژێك بكه‌ى، به‌ڵام قه‌ده‌ری ئاژه‌ڵه‌كان ئاوان تا له‌ناو ئازاره‌كانى ژیاندا سه‌رده‌نێنه‌وه، هه‌ر متمانه به مرۆڤ و به‌ده‌ستهێنانى سۆزیان له ده‌ست ناده‌ن، له‌وانه‌شه ئه‌و ده‌نگ و نوزه‌یه به‌پێی میسۆلۆژیاى ڤایكینگه‌كان بۆ ئه‌وه بێت ئه‌و به‌چكه پشیله سه‌رگه‌ردانه بۆ لابردنى نه‌فره‌تى سه‌ر رۆحی پشیله كوژ گه‌ڕابێته‌وه، یان وه‌ك هیندییه‌كان باوه‌ڕیان پێی هه‌یه، رۆحى پشیله كوژراوه‌كه بێت و له جه‌سته‌ى پشیله‌یه‌كى تردا خۆى به ماڵێكى تابۆكراودا كردبێ. وا دیاره به میاوێكى شه‌رمنانه‌وه له‌بن توونى حه‌مامه‌كه‌وه بێچووه پشه‌یه‌كى ره‌ش دێته‌ده‌ر و له ئه‌وینێكى شاردراوه‌دا خۆى ده‌خزێنێته كۆشی شه‌هابه‌وه، كێ ده‌زانێ ره‌نگه قه‌ده‌ری خودا بێت له جێگه‌ى رۆحی له ده‌ستچووى كوڕه‌كه‌ى، رۆحێكى تر بۆ ناو ماڵه‌كه‌ى ره‌وانه كرابێت.