سنە.. فێستیڤاڵێکی کەلتووری و هونەریی بۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئێران – knwe.org
سەرەکی » هەمەڕەنگ » سنە.. فێستیڤاڵێکی کەلتووری و هونەریی بۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئێران

سنە.. فێستیڤاڵێکی کەلتووری و هونەریی بۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئێران

لەماوەی رابردووداو رۆژانی٢٢-٢٤/٦/٢٠١٨ لەشاری سنە فێستیڤاڵێکی کەلتووری و هونەریی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
ئەمە سێیەمین خولی ئەم فێستیڤاڵەیە کە بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت و هەموو میللەتانی هەمەڕەنگی ئێران بەشداریی تێدا دەکەن و بەبەرهەمی گرووپە سووننەتیەکان و کردنەوەی نمایشی نقاشی و ئیشی دەست دەست پێ دەکات، هەروەها لەپەراوێزی فێستیڤاڵەکەشدا چەندین کۆڕو سیمینارو چالاکیی تر پێشکەش دەکرێت.

گرووپی پاییز بەشداربوو
لەم خولەی ئەم فێتستیڤاڵەدا بۆ ساڵی دووەم لەهەرێمی کوردستانەوە گروپی پاییز بانگهێشتکران بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا، هەروەها مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی دووساڵە وەک مۆزیسیانێکی دیاری کوردستانی باشوور بانگهێشتی ئەم مەراسیمە هونەرییە دیارەی ئێران دەکرێت و بەشداریی کۆڕو سیمنارەکان دەکات.
دەربارەی بەشداریکردن و بەڕێوەچوونی کارو چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی وتی: ئەم فێستیڤاڵە کۆمەڵێک لەکەسایەتییە هونەرییەکانی شاری سنە سازیدەکەن و بەسەرپەرشتی دکتۆر جەمال ئەرشەدی وەک بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بەجێهێنان هۆشەنگ بەهمەنی و حامید حاسڵی و بەهاوکاریی ژمارەیەک کەسایەتی شاری سنە بەڕێوەدەچێت.

پێشوازییەکی فەرمییان لێکرا
وتیشی: هەر لەگەڵ داخڵبوونمان بۆ کوردستانی رۆژهەڵات، گروپەکەمان پێشوازییەکی فەرمی و جەماوەریی لێکرا، کردنەوەی ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە لەساڵۆنی فروەردین بوو لەکۆمەڵگەی فەجر، لەوێدا چەند وتەیەک پێشکەشکراو رێز لەدوو کەسایەتی هونەریی نرا بەوەی کە نموونەن لەدژایەتیکردنی مادەی هۆشبەرو ساڵانە بەدوو کەس دەدرێت، کە من یەکێک بووم لەوانەی رێزم لێنرا.
ئاماژەی بەوەشدا کە لەڕۆژانی تری فێستیڤاڵەکەدا گرووپە بەشدارەکان چالاکییەکانیان پێشکەشکرد. ئێوارەی رۆژی سێیەمیش کۆڕێکم بۆ سازکرا دەربارەی هەندێ بابەتی هەنووکەیی کە تایبەتە بەموزیکی کوردی. لەدوا بڕگەی ئەو ئێوارەیەشدا گرووپی پاییز چالاکییەکانی خۆی پێشکەشکرد کە چەندین بەرهەمی جوان و هەمەڕەنگ بەڕەنگەکانی ناوچەکانی کوردستانی لەخۆگرتبوو، سەرپەرشتیاری گرووپەکە هونەرمەند (نەژاد بەرزنجی) و سەرپەرشتی هونەریی هونەرمەند (بڵند قەرەداغی) و گۆرانیبێژانی بەشداربووی گرووپەکەش بریتیبوون لە (نەژاد بەرزنج ،لوقمان سەلیم، شوان قەرەداغی). ئەو بەرهەمانەشی ئەم گرووپە پێشکەشیانکرد نموونەیەکی زۆر جوان بوون کە جێگەی سەرنجێکی جوان بوون لەلایەن بینەران و بیسەرانەوە .

نزیکردنەوەی کەلتوورە جیاوازەکان
ئامانجی ئەم فیستیڤالەش نزیکردنەوەی کەلتوورە جیاوازەکان و سوودوەرگرتن لەیەکتری لەپێناو پێشخستنی جوڵانەوەی هونەریە لەنیو نەتەوەکانی ئێراندا.
ئەمە جگەلەوەی لەپەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا سەردانی هەندێ شوێنمانکرد، وەک ئۆرکێسترای فول هارمۆنیکی سنە کە هەندێ کاری هونەریی جوانیان پێشکەشکردین. هەروەها هەندێ جێگەی کەلتووری. هەروەها لەشاری مەریوان چەندین شوێن پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین لەوانە: (ماڵی کورد) کە بنکەیەکی کەلتووری جوانەو وەک مۆزەخانەیەک وایە، هەروەها سەردانی فێرگەی بواری نەقاشی و هونەریی مان کرد کە مژدە مەردۆخی و کاک هێمن-ی هاوسەری سەرپەرشتی دەکەن.

ئەزموونی تری بۆ زیادکردن
وتیشی: سەفەرەکەمان شتێکی باشبوو، کۆمەڵێک ئەزموونی تری بۆ ئێمەو بۆ ئەوانیش زیادکرد. بەو هیوایەی ئەمجۆرە فێستیڤاڵانەش لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەویش بێگوێدانە حزبایەتی و ناوچەگەرێتی کە بۆتە دیاردە لەبەڕێوەچوونی کاری هونەریدالەم هەرێمەدا.

مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی باسی فێستیڤاڵی کلتوری و هونەری نەتەوەکانی ئێران بۆ سۆشیال میدیای کوردستانی نوێ دەکات کە لەشاری سنە بەرێوەچووە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تۆم کروز لە سەرکێشییەکانی بەردەوامە

رەخنەگرانی بواری سینەما پێیانوایە فیلمی (Mission: Impossible – Fallout) کە ...