جەنگی بێهودەی بەرژەوەندییەكان

11:14 - 2024-04-25
پ.د.خالید ئەلعزی*
111 خوێندراوەتەوە

پ.د.خالید ئەلعزی*
* نووسەر و شرۆڤەکاری لوبنانی

تایبەت بە کوردستانی نوێ

و: كوردەوان محەمەد سەعید 

 

دەركەوت كە روبەڕوبوونەوەكەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەن ئەمریكاوە كۆنترۆڵ كراوە و تەنانەت سروشت و جۆری روبەڕوبوونەوەكە و چۆنێتی كار و كاردانەوەكانیش دەستنیشان كراوە، ئامانجی ئەمریكاش ئەوەیە هەردوو لا بە ئاوی ئابڕووی خۆیانەوە دەربچن.
لە سەرەتای هەڵایسانی رووداوەكانی غەزەوە لە حەوتی تشرینی یەكەمدا، ئەمریكا زۆر بە پەرۆش بوو كە پزیسكی شەڕ پەل نەهاوێت بۆ وڵاتانی دەوروبەر و پڕیشكی ئاگرەكەی نەگاتە ناوچەكانی دەوروبەر و سەرەنجام ببێتە هۆی تێوەگلانی ئەمریكا.
ئەمریكا هەڵوێستێكی جێگیری هەیە ئەو هەڵوێستەش پشت بە هەڵكشانی كۆنترۆڵكراوی دۆخەكە دەبەستێت، بە جۆرێك خزمەت بە هەموو لایەنەكانی ململانێكە بكات، چونكە ئێستا هەردوو لایەنی ململانێكە پێویستییەكی روون و ئاشكران بۆ واشنتۆن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ناوچەی هەژموونی ئەمریكایە.

هەردووكیان هەوڵیاندا دۆسێی خۆیان پێشكەشی مایسترۆی ئەمریكا بكەن بۆ گەیشتن بە هەژموون و دەستكەوتی زیاتر لە ناوچەكەدا

كێشەكە لەوەدایە ئیسرائیل توانی ئێران پەلكێش بكات بۆ روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ، كە پێشتر ئێران شەڕی بە بریكارەكانی دەكرد، ئەو بریكارانەی ئێران دەستی بە باڵیانەوە گرتووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و بەرزكردنەوەی ئاستی مەرجەكانی لە دانوستاندا، بەڵام روبەڕوبوونەوە موشەكییەكەی ئەم دواییە، ئێرانی خستە گۆشەیەكەوە كە هیچ رێگەچارەیەكی نەمێنێت، ئەو دەیویست مەسەلەی لێدانی ئیسرائیل بەكاربهێنێت بۆ گەیشتن بە هەندێك دەستكەوت لەگەڵ ئەمریكادا، بەڵام كە وانەکەوتەوە و هیچ خاڵێكی بەدەستنەهێنا، بە ناچاری پەنای بۆ لایەنی میدیایی برد بۆ ئەوەی لە رووی میدیاییەوە سوودی لێ وەربگرێت و دۆسێی خۆی رێك بخاتەوە لای ئەمریكا، ئەویش لە رێگەی ئاشكراكردنی سروشتی هێرشە موشەكییەكە و كاتەكە و شوێنەكەیەوە. لای ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە بوو، هەردووكیان هەوڵیاندا دۆسێی خۆیان پێشكەشی مایسترۆی ئەمریكا بكەن بۆ گەیشتن بە هەژموون و دەستكەوتی زیاتر لە ناوچەكەدا.
هێرشەكە بۆ ئێران خۆش نەكەوتەوە، چونكە نەیتوانی ئیسرائیل بسڕێتەوە، وەك خۆی پێشتر بانگەشەی بۆ دەكرد، بەوەش نەیتوانی هیچ دەستكەوتێكی پێ بەدەست بهێنێت، یان هیچ ترسێك لای نەیارەكانی دروست بكات. 
هەرچەندە ئێران لە رووی میدیاییەوە كردییە هەڵای گەورەی بۆ کرد، بەڵام ئیسرائیل توانی هێرشە موشەكییەكانی ئێران لاواز بكات، تاران لەبیری چوو، وەڵامەكەی ئیسفەهان بەهێزتر بوو، بەڵام خۆی لێدزییەوە، بۆ ئەوەی هێرش و هێرشی بەرامبەر و وەڵامدانەوە درێژە نەكێشێت.
لێرەوە دەردەكەوێت گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی بە رزگاركردنی فەلەستینەوە نییە، بەڵكو فەلەستین تەنیا وێنەیەكی رووكەشە و ناوەرۆکی بابەتەكە، بەرژەوەندییەكانی خۆیانە و رازیكردنی ئەمریكایە.


وتارەکانی نوسەر