لە روانگەی یاساوە

مادەی هۆشبەر، تیرۆری سەردەم

10:16 - 2024-03-07
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
145 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە هەڕەشە بەردەوام و مەترسیدارەکانی ئەم سەردەمە بریتییە لە مادە هۆشبەرەکان، ئەوەش بەهۆی ئەو شوێنەوارە مەترسیدارانەی لە ئەنجامی بەکارهێنانیان دروستدەبێت، یان بازرگانی یان ئالودەبوون، چونکە لە سەرجەم دۆخەکاندا، تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە و تەندروستی و ئاسایشی ئابووری و دروستبوونی ئابووریی ناڕەوا و تاوانی رێکخراوی لێدەکەوێتەوە.
مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر تەنها ناوچە و هەرێمێک ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر کۆمەڵگە و ناوچەی جیهانی گرتۆتەوە، بەڵام بەڕێژەی جیاواز، بەجۆرێک کە روبەڕوبوونەوەی بۆتە خەمێکی گەورەی جیهان. لەو چوارچێوەیەشدا چەندین رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی و قانوون دەرچوێنراون، دیارترینیان:
1 - رێکەوتننامەی مادە هۆشبەرەکان ساڵی 1961 لەگەڵ پڕۆتۆکۆڵی هەموارکراوی 1972.
2-رێکەوتننامەی کارتێکەرە عەقڵییەکان 1971.
3-رێکەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان 1988.
4-چەندین رێکەوتننامە و قانوونی تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان سەرجەمیان  جەختدەکەنەوە لەسەر مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا لەپێناوی روبەڕوبوونەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بازرگانان و رادەستکردنیان بە سیستمی دادوەری. 
هەرێمی کوردستانیش وەک هەر ناوچەیەکی تری جیهان لە قۆناغی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی  بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکاندایە، بەتایبەتی کە هاوسنوورین لەگەڵ وڵاتانێکدا کە زۆرترین بەرهەمهینان و بەکاربەر و بازرگان و ئالودەبووی تێدایە و گەنجان و نەوجەوانانیش لە پێشەوەی بەکارهێنەراندان.
دیارە نەبوونی هۆشیاریی سەبارەت بە زیان و ئەنجامی مەترسیداری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە بەتایبەتی لای گەنجان و نەوجەوانان، یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو مادانە.
هەروەها جێبەجێنەکردنی قانوونی تایبەت بە مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان وەک خۆشی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، ئەوە جگە لە خراپیی دۆخی دارایی و ئابووری و بێکاری و هەڵە تێگەیشتنی بەکارهێنەران و بەئاسانی خەڵەتاندنیان و خۆشباوەڕییان بە بازرگانان و بەکارهێنەرانی تر کە گوایە بەکارهێنان و ئالودەبوون چێژبەخشە و ئارامی تەواو بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەروەک بێئاگاییان لەو زیانە مەترسیدارانەی لەڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئاکاری و ئابوورییەوە دروست دەبن.
رێگاکانی چارەسەریش بریتییە لە: 
-بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە رێگریی لە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەنجامێکی باشتر، دەکرێت بە بەشداریی رێکخرا و راگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی بکرێت.
-جێبەجێکردنی قانوونی (بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستانی عیراق ژمارە 1ی ساڵی 2020) وەک خۆی  لە سەرجەم وردەکارییەکاندا، چونکە قانوونەکە رێگەیەکی کاریگەر دەبێت، لەبەرئەوەی قانوونی ئاماژەپێکراو تاڕادەیەک  سەردەمیانە و رێگەچارەی بۆ کەسی ئالودەبوو داناوە و ئەوەش بەکردنەوەی سەنتەری پێویست لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە بۆ  چارەسەرکردن و شیاندنەوەی ئالودەبوان. هەر لە قانوونەکەدا ئاماژە بە سزادانی شایستە و ترسێنەر و تەمبێکەر  دراوە لە زیندانیکردن تا لەسێدارەدان دەڕوات و ئەمە سەرەڕای پێبژاردن (غرامة) بە بڕە پارەی زۆر.
لەکۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە مادە هۆشبەرەکان زەنگی مەترسییان لێداوە لە جیهاندا لەپاڵ مەترسییەکانی (ئەتۆم، ژینگە، هەژاری و رووداوی هاتوچۆ)دا ناوی دەهێنرێت و وێرانبوونی خێزان و کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کوردستانیش بێبەش نییە لەو مەترسییانە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە بە هاوکاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، وتەکان بکرێن بە کردار و خەمی چارەسەر لە پێشەوەی هەنگاوەکاندا بێت.
ئەم گۆشەیە درێژەی دەبێت، لە داهاتوودا باس لە  سەرجەم وردەکارییەکانی مادەی هۆشبەر لە قانووندا دەکەم.
کۆمەڵگەیەکی ئارام بەرهەم  بهێنێت.

وتارەکانی نوسەر