کرانەوەی دەرگای دۆزەخ

10:50 - 2024-04-15
دڵشاد تاڵەبانی
78 خوێندراوەتەوە

بۆ گەلی کورد مانگەکانی ئازار و نیسان  تایبەتمەندییان هەیە. ئەو دوو مانگە كۆمەڵێك خۆش و ناخۆش، بیرەوەریی و كارەساتیشیان بۆ كورد تێدایە، وەک كیمیابارانی هەڵەبجە، سێوسێنان و شوێنی تر، رێكەوتننامەی جەزائیر و بۆمبارانی قەڵادزێ و هەڵەبجە هەرەسی شۆڕشی ئەیلول  و ئەنفالەکانی یەکەم و دووەم. 
دیارە تاوانی بێوێنەی سەدەی بیستەم لە ئەنفالی 1988دا بەرجەستە بووە. 
لووتكەی ئەنفال و زۆرترین قوربانی كە كۆكرانەوە لە ئەنفالی سێیەمدا، لە رۆژی 14ی نیسانی 1988دا بوو، لە زۆربەدا خەڵكەكە لە دۆڵی ملەسوورەی نزیك كوڵەجۆی حەمەجان و زەردەكانی نزیك بە كەلار كۆكرانەوە، پاشان برابوونە لیواكە و لەوێوە بۆ قەڵای حەوشكوڕوی قۆرەتوو، پاش ئەوە بێسەروشوێن كران لەگەڵ ئەوانەی لە شێخ تەویل و دەوری باوەنوور كۆكرابوونەوە. هەر لەو رۆژەدا و پیشتر و پاشتریش دەیان هەزار كەسی تر لە قادر كەرەم، چەمچەماڵ و  خورماتوو كۆكرانەوە، پاشان بە كۆمەڵ دەبرانە تۆبزاوە و لەوێشەوە زۆربەیان بۆ توونی مەرگ لە بیابانەكانی باشوور  خۆرئاوای عیراق زیندەبەچاڵ کران، كە تا رووخانی رژێمی بەعس ئەو تراژیدیایە بە نهینی مایەوە و كەس دەربارەی چارەنووسیان هیچی نەدەزانی.

 

کاتی ئەوەیە سەنتەرێكی زانستی بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەنفال دابمەزرێت هاوشێوەی ئەو دەیان سەنتەرەی كار لەسەر هۆڵۆكۆست دەكەن

 

لە 1994دا بە دەستپێشخەریی مەڵبەندی دووی کەرکوکی ی.ن.ک کە بارەگای لە دەربەندیخان بوو بە هاوكاریی حزبی شیوعی، گەورەترین و بەرفراوانترین ساڵیادی ئەنفالمان لە (صمود – ناحیەی رزگاری)ی سەربە قەزای كەلار سازکرد، پاشان لە شوێنەكانی تر، ریپێوانی ژنانی ئەنفال و بەرزکردنەوەی یاداشت بۆ نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها رێپێوانی 182 منداڵ بە چراوە لەسەر شەقامی سالم بە هاوكاریی هونەرمەندان. هەرچەندە ئەوكاتە ئیمكانیاتی زۆر بەردەست نەبوو، وەك ئێستاش كەرەسەی میدیایی پێشكەوتوو نەبوو. 
بڕیاری سازکردنی رێوڕەسمەکان لە رۆژی 14|4 دا درا، بەهۆی ئەوەی لەو رۆژەدا لە ساڵی 1988، زۆرترین ژمارەی ئەنفالکراو كۆكرابوونەوە و رەوانەی قەڵای قۆرەتوو كرابوون. 
لە پاش رووخانی رژێم و دەستكەوتنی سەدان هەزار بەڵگەی تر و وتەی شایەتحاڵەكان و بەشێك لەوانەی ئاگادارییان هەبوو و دۆزینەوەی سەدان گۆڕی بەكۆمەڵ، ئەوکات وردە وردە قەبارەی راستەقینەی تاوانەكە دەركەوت.
کاتی ئەوەیە لانیكەم سەنتەریكی زانستی بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەنفال دابمەزرێت وەک ئەوەی ئێستاش دەیان سەنتەری لێكۆڵینەوە كار لەسەر هۆڵۆكۆست دەكەن و پێویستە حكومەتی بەغداش بە رەسمی دان بە تاوانەكەدا بنێت وەك جینۆساید و لێكەوتە یاسایی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی بگرێتەئەستۆ.

وتارەکانی نوسەر