گەندەڵی و تاوانی ئەنفال

10:51 - 2024-04-15
هیوا محەمەد
221 خوێندراوەتەوە

ئەگەر تەنها ساتێک، سەیری دیمەنەکانی ئەنفال بکەن، یان گوێڕادێرن بۆ ئەو دەردەدڵەی پاشماوەکانی ئەنفال دەیکەن، ئەوا بۆتان دەردەکەوێت کە چ کارەساتێکی دڵتەزێنی دژە مرۆڤایەتی، لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەسەر میللەتی کورددا هاتووە.
ئەنفال مردنی ئازیزێک نییە بە تێپەڕبوونی کات لەبیرمان بچێتەوە، دەبێت بڵێین ئایا لەو دەیان هەزار کەسە کە زۆربەیان زیندە بەچاڵ کراون، نەدەکرا دەیان و سەدان بلیمەتیان لێهەڵکەوتایە و خزمەتی مرۆڤایەتیان بە گشتی بکردایە لەسەر گۆی زەوی؟
ئایا کوشتنی  بەکۆمەڵی ئەم هەموو خەڵکە، نابێت ویژدانی هەرچی کەسە بە ئاییندار و هەر بیروباوەڕێکی ترەوە، بجووڵێنێت و هەموو ئەوانە رەتبکاتەوە کە لەو سەردەمەدا دەستیان لەگەڵ ئەو رژێمەدا هەبووە؟ 
ئایا سەدام و نۆکەرەکانی نەدەبوا گۆڕ ون بن و بسووتێنرانایە تا هەموو مرۆڤایەتی بزانن کە سزای ئەو تاوانبارانە هێشتا بە لە سێدارەدانیان هاوسەنگ نییە لەگەڵ تاوانەکانیان؟
ئەرێ شەرم و بێ مانایی نییە کەسێک بچێتە لای گۆڕی سەدام و فاتیحەیەکی بۆ بخوێنێت؟ پێتان وایە ئەو پەیڕەوی ئایینی کردووە؟ کێ رەوایی پێبەخشی کە ئەو خەڵکە بکوژێت و ژیانیان لێ بستێنێتەوە؟
بەداخەوە زۆرێک لەوانەی کە لەسەردەمی ئەو رژێمەدا چ وەک نۆکەر بوون یان شایەتحاڵی ترسنۆک، ئێستا رەوایی دەدەن بەوەی کە سەدام بۆیە ئەنفال و کیمیابارانی کوردی کردووە، چونکە لەودەمەدا کە جەنگی عیراق - ئێران بووە، کورد وەک شۆڕش هاوکاریی ئێرانی کردووە یان لەلایەن ئێرانەوە هاوکاریی کراوە، ئەم بۆچوونە تاوانە و رەوایی دانە بە رەفتارە نامرۆڤانەکانی سەدام و رژێم و حزبەکەی، چونکە ئێمە لەو دەمەدا دەبوا ئێران باشترین دۆستمان بێت و ئێمەش باشترین هاوکاریان بین، بەو پێیەی ئەوان لەگەڵ دوژمنە دڕنەدەکەی ئێمەدا دەجەنگان، کوردیش دەڵێت دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.

 

ئێستای خۆمان بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە، باشترە لەوەی کە جەستە و کەرامەتی نەتەوەیەک لەژێر پێی شۆڤێنیستە بەعسییەکاندا بوو

 

ئێمە سوودی زۆرمان لەو پەیوەندییە بینیووە، شۆڕش لە رێگەی ئەمەوە توانی دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنێت.
تاوانەکانی رژێمی بەعس و هەڵەکانی ئێستای حکومڕانیی خۆماڵی لەدوای راپەڕینی 1991 ەوە پێکەوە پێوانە ناکرێن، ئێستای خۆمان بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە، باشترە لەوەی کە جەستە و کەرامەتی نەتەوەیەک لەژێر پێی شۆڤێنیستە بەعسییەکاندا بوو.
پێویستە ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵ بووە لەو سەردەمی ئەنفال و کیمیابارانەدا کە بەعسییەکان کردوویانە بەرامبەر ئەم میللەتە، لە نەوەکانی ئێستای نەشارنەوە و بە ویژدانەوە وەک خۆی بیگێڕنەوە، تاوانە بڵێن ئەمانەی ئێستا لەوانەی بەعس خراپترن، هیچ کات ئەمە بەراورد ناکرێت بەوکات.
ئێمە ئەگەر کێشە و قەیرانی دارایی بەهۆی هەڵە و گەندەڵی و خراپیی ئەدای حکومەتی هەرێمەوە رووبەڕوومان بووبێتەوە، بەڵام شەرەف و کەرامەت و رۆحمان پارێزراوە و ژیانمان لێ زەوتنەکراوە، کە ئەمەش لەپێش هەر بوارێکی دیکەی پەیوەست بە ژیانەوەیە.
هەرچی حکومەتی هەرێمیشە پێویستە هەوڵی جدی، لە چوارچێوەی دادپەروەری و دوور لە گەندەڵی بدات بۆ خزمەتکردنی ئەم میللەتە کە خاوەنی ئەو هەموو قوربانییەیە و زۆر خۆڕاگربووە، ئەمڕۆ شایانی ئەوەیە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت و باری ژیانیان لە هەموو روویەکەوە باشتر بکرێت و لە قەیران و دڵەڕاوکێی مووچە و نەبوونی کار و زۆر کێشەی تر رزگار بکرێن، گەلێک قوربانی دابێت، دەبێت ستایش بکرێت.

ئێستای خۆمان بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە، باشترە لەوەی کە جەستە و کەرامەتی نەتەوەیەک لەژێر پێی شۆڤێنیستە بەعسییەکاندا بوو

وتارەکانی نوسەر