پاراستنی بەرژەوەندییەکان بە دانوستان

11:12 - 2024-04-25
هیوا محەمەد
326 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


حکومەتی تورکیا چەندین جار هێرشی درۆن و فڕۆکەی کردۆتە سەر ناوچە جیاجیاکانی سەر بەم پارێزگایە بە بیانووی بوونی کەسانی سەر بە پەکەکە، ئەگەرچی لەسەر زاری بەرپرسانی ئەم دەڤەرە ئەوە روونکراوەتەوە کە هیچ بارەگایەکی سەر بەو حزبە لێرە نییە کە لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشی ئێرەدا بێت، بەڵکو ئەو بارەگایانە دەکەونە سنووری ژێر دەسەڵاتی پ.د،ک وە.

باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا، زامنی زیاتری بەدیهاتنی ئەو رێکەوتنانەیە کە لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا ئیمزا کران

تاکی کورد هاوسۆزییان هەیە لەگەڵ یەکتر، ئێستاش هەزاران کەس وێنەی گیڤارا هەڵدەواسن و خۆشیاندەوێت بێ ئەوەی دیتبێتیان یان دوور و نزیک پەیوەندییەکی هاوبەشیان لەگەڵیدا هەبێت، ئەم هاوسۆزییە لەناو کوردەکاندا وادەکات تێکەڵیی دروستببێت و هەڵگری ئایدیا جیاوازەکان ببنە هاورێ و دۆستی یەکتر، بۆیە پەیوەندییەکی توندی کوردانە لە نێوان تاکی بەشەکانی کوردستاندا هەیە و رەنگە لە زۆریاندا تێکەڵ بە هاوسۆزیی سیاسی ببێت، بەڵام نابێت بەشێکی کوردستان ببێتە سەرچاوەی مەترسی دروستکردن بۆ سەر هیچ بەشێکی تر، چونکە ئێمە وەک نەتەوە یەک نەتەوەین، بەڵام دابەشبووی چوار وڵاتین و ئەوانیش بە رەسمی ناسێنراون لەسەر ئاستی جیهان، بەم پێیەش دەستوەردان لە هەر بەشێک، بەزاندنی سەروەریی ئەو وڵاتەیە و دەرەنجام دەبێتە دروستکردنی کێشە.
کێشەی تورکیا لەگەڵ هەرێمە، لەبەرئەوەی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە شەڕدایە و یەکتر بە دوژمن ناودەبەن، ئەوا بوونیان لە هەرێم دەبێتە گرفت و کێشەی گەورەی نێوان ئێمە و تورکیا. 
هەرچی عیراقە هەروەک دەیبینین لاریی نییە لەوەی تورکیا راوەدونانی پەکەکە بکات، ئەوان بەپێی ئەو رێکەوتنانەش کە کردوویانە لە روانگەی پاراستنی سەروەریی یەکتر رێگە دەدەن بەیەک کە سنووری یەکتر ببەزێنن.
هەرچی کوردی هەرێمیشە بەپێی دەستووری فیدراڵی مولزەمە پابەندی پاراستنی سەروەریی درواسێکانی بێت، کەواتا کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا بەسەری هەرێمدا دەشکێتەوە، بەشێکی ئەمەش بەر دەڤەری سلێمانی دەکەوێت، چونکە هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە پەیوەندییەکی قووڵ و دێرینی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە زۆر رووەوە هاوکاریی یەک دەکەن، لانیکەم هاوهەڵوێستن سەبارەت بە پەکەکە.
دەبوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە حکومەتی تورکیا بڵێت کە سلێمانی بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و ناهەقییە بە تۆمەتی بوونی پەکەکە ئابڵووقە بخاتە سەری، ئەی بوونی ئەو دەیان بنکە و خاڵە سەربازییانەی پەکەکە لە دەڤەری بادینان لەژێر دەسەڵاتی پ.د.ک دا نییە؟ ئەگەر سەرۆکی حکومەت بەراستی جیاوازیی ناکات لە نێوان شارەکانی هەرێم، بۆچی داوایان لە تورکیا نەکرد کە ئابڵووقەی سەر سلێمانی هەڵبگرێت و چیدی تاوانباری نەکات بە شتێک کە بوونی نییە؟ 
چەند جار تیمی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق هاتوونەتە ئەم دەڤەرە و رایانگەیاندووە کە هیچ بارەگایەکی پەکەکە لێرە نییە، ئەوەش کە هەبێت دوورە دەستە و نە تێکەڵ بەخەڵکی هەرێمە و نە لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشی ئەم دەڤەرەدایە.
لە بەرژەوەندیی هەردوولامانە پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە و هەردوولا سوود لە یەکتر ببینین، دەڤەری سلێمانیش بەشێکە لە عیراقی فیدراڵی و جیا نییە، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا، زامنی زیاتری بەدیهاتنی ئەو رێکەوتنانەیە کە لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا واژۆ کران لە ماوەی دوا سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا.

وتارەکانی نوسەر