دیاردە دزێوەکان

ئاخر زەمانە یان عەلاماتەکەی؟

09:55 - 2024-04-16
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
79 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

- 1 -

«نازانم ئەو خەڵکە بۆ وای بەسەرهاتووە؟ بابە خۆ جەژنەکەش کەس بە لای کەسدا ناچێت، ئەمە ئەگەر عەلامەتی ئاخرزەمان نەبێت ئەی چییە؟!»
ئەمە قسەی حاجییەکی خزممان بوو کە ئەم جەژنە ئەرکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەجێهێنا و سەردانی کردین و دنیایەک داخی بۆ جاران هەڵڕشت کە دنیا بەم رەنگەی ئێستا خراپ نەبوو، خزم و دراوسێ لەگەڵ یەکتر پاک بوون و ڕۆحیان بەسەر یەکترەوە بوو. منیش فەرمایشتەکەیم پەسەند کرد و بە موو لاریم لەوە نەبوو کە ئەم رۆژەی تێیداین ئاخرزەمان خۆیەتی نەک هەر عەلامەتەکەی و پاشان نەزیلەیەکی رەحمەتی مامۆستا عەلادین سەجادیم بۆ گێڕایەوە کەوا لە یەکێک لە بەرگەکانی «رشتەی مرواری»دا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێ جارێکیان ئاخوندێک رێی دەکەوێتە گوندێکی ئەم کوردەوارییە بۆ ئەوەی سەدەقەیە پیتاکێکی پێبکرێت و لە بەرامبەردا ئەمیش دوعای خێریان بۆ بکات و وەعز و ئامۆژگارییان بداتێ، جووتیارێکی سادە و ساکاری گوند رووی دەمی تێدەکا و تەمومژێکی لە سوورەت و چیرۆکەکەی حەزرەتی یوسف بیستبوو، بەڵام بەتەواوی نەدەچووە سەری و دەڵێ «ئەرێ مامۆستا ئەوە کام ئەولیا بوو لەو چاڵی سەنعانە سەگەل خواردیان؟» ئەویش لە وەڵامدا دەڵی بەخوا برا نازانم چیت بۆ راست بکەمەوە، ئەوە ئەولیا نەبوو ئەنبیا بوو، چاڵ نەبوو بیر بوو، سەنعان نەبوو کەنعان بوو، سەگەل نەبوو گورگ بوو. حاجیی میوانم زۆر کەیفی بەم قسانە هات و وتم بەخوا لە کوێوە بیگریت هەر کورت دەهێنێت و دەردەکانمان هێند زۆرن کە نازانین چۆن و بە چی دەرمانیان بکەین و لە هەر لایەکەوە تەماشایان بکەین هەر وێرانەیە. حاجی بۆی راستکردمەوە و وتی: باشە ئەی چۆن نەڵێم ئاخرزەمانە، تۆ بڕوانە ئەم خەڵکە نە شەرم ماوە نە حەیا و تەقێ و نە گەورە و بچووکی، هەر بابایە دەخوڕێ و دەڵێ من منم تۆ کێی؟ ئاخر بۆیە لەمێژە گوتوویانە «کورد کورتە!». منیش کە لاریم لە قسەکانی نەبوو هیچم بۆ نەمایەوە و گوتم «حاجی تۆ فەیسبووکت هەیە؟!» ئەوجا هەردووکمان دامان لە قاقای پێکەنین و هەر یەکەمان بە ئەقڵ و ماریفەتی خۆی بیرمان لە ئاخرزەمانەکەی کورد دەکردەوە.

وتارەکانی نوسەر