ئابووریی بەرخۆر .. کۆمەڵگەی بەرخۆر

10:56 - 2024-04-25
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
91 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

ئێمە ئەوە ساڵانێکی زۆرە گرفتارین بەدەست ئەم ئابووریی بەرخۆرەوە. کە بە عەرەبییەکەی «إقتصاد ریعی»ی پێدەڵێن، کە لەم وڵاتەدا، بە عیراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، تاقە سەرچاوەی داهات تەنها هەر نەوتە و بە ڕادەیەکە کە لە پێوەرێکی رەها نزیک دەبێتەوە. نەوت بفرۆشە و بیدە بە مووچە و خواردن بۆ دانیشتووانەکەی. کە نەوت نرخی بەرز بوو ئیتر تۆ خەمت نییە و پارەکەی بەشی هەموو شتێک دەکات. کە نرخیشی دابەزی کۆستت دەکەوێت و هیچت پێ بەڕێوە ناچێت. ساڵانێکی زۆرە و لەسەردەمی رژێمی پێشووشەوە ئەمە حاڵی عیراقە و رژێمی بەعس تا لەتوانایدا بوو کورد و غەیرە کوردی پێکوشت و کوردستانی پێکردە وێرانە و خۆشگوزەرانییەکی چاوبەستەکیش بۆ عیراق فەراهەم کردبوو، تا ئەنجام بە جەنگی ئێران و داگیرکردنی کوێت و تێداچوونی خۆی شکایەوە. هەر ئەم ئابووریی بەرخۆرە لە سەردەمی رژێمی نوێ و کێشمانکێشی حزبە دەسەڵاتدارەکانی شیعەدا و ئەو شێوازەی کە عیراقی پێ بەڕێوەدەبەن و ململانێیان لەگەڵ کورددا و دۆخی ئیدارەدانی کورد خۆی بۆ وڵاتەکەی دزێوترین و بێوێنەترین ئابووریی لێبەرهەمهاتووە، کەوا کەس خۆزگەی پێناخوازێت. 

نەوت نرخی بەرز بوو ئیتر تۆ خەمت نییە و پارەکەی بەشی هەموو شتێک دەکات، کە نرخیشی دابەزی کۆستت دەکەوێت و هیچت پێ بەڕێوە ناچێت.

وڵاتێک هیچ وزە و توانایەکی تێدا نەخرابێتە گەڕ لە چالاکیی وێرانکەری چینێکی مفتخۆری کەرتی خانووبەرەوە (بە تایبەتی بۆ هەرێم) بە ناوی وەبەرهێنانەوە و مەگەر هەر خوا بزانێت دەستی کێ و کێی لە پشتەوەیە. هەرێمێک کە سەرلەبەری بکەیتە بازاڕ و هاوردەکردنی خراپترین و بێکوالیتیترین کاڵای خراپ و وڵاتانی دەوروبەر و ساغکردنەوەی بەسەر خەڵکیدا بێئەوەی دەرفەتێکی ئەوتۆ بڕەخسێنیت بۆ بەرهەمی نیشتمانیت و وا لە خەڵکی وڵاتەکەت بکەیت تەنها دەست بگرێتەوە  بۆ مووچە بێئەوەی جالاکییەکی ئابووریی ئەوتۆ ئەنجام بدات و هەمیشە چاولەدەست بێت و لە غەیری قسەی پفهەڵدراو شکۆی هاتبێتە خوارەوە بۆ ئاستێکی ترسناک و بێگومان ئەمە بەرهەمی ئابووریی بەرخۆر دەبێت و لە شکۆ شکاندن و زەلیلکردن بەولاوە شتێکی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەم بەناو خۆشگوزەرانییە ڕووکەشە لە یەکەم نووچداندا هەرەس دێنێت و دێیتەوە سەر ساجی عەلی و خەڵکی کوردستان لەم چەند ساڵەی رابردوودا گەلێ وێستگەی ئەم ئەزموونەی بینی و بەداخەوە سەرکەوتووانە لێی نەهاتە دەرەوە.

وتارەکانی نوسەر