وتاری رادەربڕین

جەنگی غەزە و لێکەوتەکانی

09:52 - 2024-04-17
فەرید ئەسەسەرد
117 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە تا ئێستا هیچ شتێک ئاماژە بۆ ئەوە ناکات کە جەنگی غەزە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام لایەنە سیاسییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان، چوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بەرەوامبوونی لەمە زیاتر، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی جیهان. بەتایبەتی پاش فراوانبوونی بازنەی شەڕ و هەڕەشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە وەک وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کونسوڵگەریی ئێران لە دیمەشق.
ئێران وەک زلهێزێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
تەواوی قەیرانەکە بە هەموو پەلوپۆکانییەوە، سەلماندی کە ئێران، نەک هیچ دەوڵەتێکی تر، بەو پەلهاویشتنەی بۆ عیراق و لوبنان و یەمەن و سوریا و ناوچەی فەلەستینییەکان، شایستەیی ئەوەی پەیدا کردووە کە زلهێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت و حسابی زیاتری بۆ بکرێت، بە تایبەتیش لە سۆنگەی درێژبوونەوەی بۆ سەر دەریای سوور و هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل.
پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و ئێران شتێکی نوێ نییە، ئەمە 10 ساڵ زیاترە، بەڵام راستەوخۆ نەبووە و لەسەر ئاستێکی نزم بووە. 
ئەوەی لێرەدا نوێیە، ئەوەیە کە پێکدادانەکانی لەمەوپێش لە رێگەی حزبوڵڵاوە بووە، ئێستا بۆتە راستەوخۆ.
ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای پشوودرێژیی ستراتیژی دامەزراوە و ئەوەندەی بتوانێ هەوڵ دەدات خۆی لە پێکدادانی راستەوخۆ لابدات.
هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و ئەگەری هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زۆری نەماوە بە جەنگ هەژمار بکرێت، بەڵام گەیشتنی مەسەلەکە بە پێکدادانی راستەوخۆ، خۆی لە خۆیدا جێی سەرنجە، چونکە هیچ لایەکیان نایانەوێت سنووری رێساکانی پێکدادان ببەزێنێت و بگلێتە ناو ململانێیەکی وێرانکەری دژوارەوە. هەر بەهۆی ئەوەشەوە، ململانێکە لە ناوەڕۆکدا رووخسارێکی سیاسیی وەرگرتووە و پێوەرەکەی ئەوە نییە کە کامیان لە هێرشەکاندا زیانی ماددیی زۆرتر لەلایەکەی تر دەدات؟
گۆڕانکاری لە تێڕوانینی عەرەبدا
تێڕوانینی شەقامی عەرەبی بۆ ئێران کە تا پێش هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل تێڕوانینێکی نەرێنی بوو، مەرج نییە لەمەودواش هەر بەم جۆرە بمێنێتەوە و پێشبینی دەکرێ لێرە بەدواوە شەقامی عەرەبی هاوسۆزتر بێ لەگەڵ ئێراندا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بە قازانجی ئێران دەبێ.
فراوانبوونی بازنەی جەنگ سەلماندی کە مانەوەی کێشەی فەلەستین بەبێ چارەسەر، مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، بۆیە دەشێت پاش وەستانی جەنگی غەزە، گەڕێکی تری هەوڵی دیپلۆماسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەستپێبکات بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتنە هەڵپەسێردراوەکانی ئۆسلۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا بە سەرپەرشتیی ئەمریکا یان نەتەوە یەکگرتووەکان.
جەنگی غەزە پووچەڵیی جیهانی عەرەبی سەلماندەوە کە نەیتوانیوە هیچ رۆڵێکی دیار لە قەیرانەکەدا ببینێ و بە شوورەییەوە خۆی لێکێشاوەتەوە.
سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ ئیسرائیل
سەرەڕای ئەوەی فەلەستینییەکان لەم جەنگەدا زیانی زۆریان لێکەوتووە، بەڵام ئەوەی لەوان زیاتر زیانی لێکەوتووە، خودی ئیسرائیلە کە ناوبانگی لەسەر ئاستی جیهان لەکەدار بووە و بە بکەری جینۆساید و تاوانی جەنگ تاوانبار دەکرێت.
ئەو ئیسرائیلەی ئەمڕۆ هەیە، ئیسرائیلی سەردەمی سەرکردە گەورەکانی وەک بن گۆریۆن، ئیگال ئالون، گۆڵدا مایەر، ئیزاک رابین، شێمۆن پێرێس نییە، ئەوەی ئێستای سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل  بەتوانا و دانا نین، لەوانە بنیامین نەتەنیاهۆیە، هەڵەشە و ناشایستەیە، بۆیە ئیسرائیل پاش جەنگی غەزە پێویستی بە سەرکردایەتییەکی نوێ و دانا و کارا دەبێ کە بتوانێ بە شێوەیەکی لێوەشاوە هەڵسوکەوت بکات و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە و هەڵەکانی حکومەتی پێشوو چاک بکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر