سێ نەوە لەگەڵ مام جەلال پێشمەرگە بوون

10:09 - 2024-04-17
رەهبەر سەید برایم
442 خوێندراوەتەوە

قوڵترین برین كە سارێژ نابێ لەناو دڵ، رۆینی خۆشەویستانە كە دەچنە ژێر گڵ، مردن كۆتایی رەها نییە، شاكاری جوان لە مێژوودا بێ بەها نییە، ژیان و مەرگ پەیڕەوی سروشتە، خۆشەویستی شتێكە، بەڵام رێزگرتن هەموو شتە، ژیان بە گریان دەست پێدەكات كۆتایی دێت هەر بە گریان، وامەزانن خۆشی و چێژی تێدا نیە ژیان، گریان نەبوایە رێزی پێكەنین نەدەما، ژیان هەر ژان بوایە مرۆڤ زوو دادەڕما و دادەچەما، ژیان كورت و ئەمانەتە وەخت خێرایە، بەڵام دیاریكردنی ئامانج نیوەی رێگایە، ئازار و پەژارە، لەكن مرۆڤی وەفادارە، كێ كێ لە دەست دەدات، رۆژگار دەری دەخات! ئەوەی دەمێنێتەوە، خۆی دەدۆزێتەوە، هەرگیز ئەوانە بیر ناكرێن كە لەگەڵیان گریاوی، لە دەردەسەری و قوڕبەسەری و كوێرەوەری لەگەڵیان ژیاوی، بۆیە پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاو هاشمی مام عەلی، زۆر لە هاوسەرنگەران یادگاریان هەیە لەگەڵی!!
پێشەنگی پێشمەرگایەتی
بەرەبابی مام رەشیدی ساڵحی لە شاری كۆیە، پێشەنگی پێشمەرگایەتی و جەلالیەت بوون، دیاربوون بەو هۆیە، هاشمی مام عەلی لەو بەرەبابە بوو بۆیە گۆشكراو بوو بە كوردایەتی، راهاتبوو بە مەردایەتی، لەشیری دایكی خۆی تێربوو، بۆیە بەرچاوتێر و جوامێربوو، نازپەروەر و تاقانە بوو هاشمی مام عەلی، لە خێزانێكی خۆشگوزەران بوون، دەژیان بە تێر و تەسەلی، خۆی لە شار كاسبكار و دوكاندار بوو، باوكی خاوەن موڵك و زەوی و زار بوو، بەشێك لە تیشی پاوەنان و گردی قەمبەر گاوانی، هی خۆیان بوو بۆیان مابۆوە بە میرات لە ئەژداد و باوانی، باوكی لە كۆیە گەڕەكێكی بەناوە، ناسراوە بە گەرەكی عەلیاوە، شاراوە نییە خاوەن كورەی گەچ و ریزە دوكان و كارێز بوون، بەڵام لەگەڵ زەنگینی كوردپەروەر و وڵاتپارێز بوون، خەڵك رقیان لە دەوڵەمەندە، بەڵام رێزی لێ دەگرن، هەژاریان خۆش دەوێت كەچی پێی رادەبوێرن و تانەی تێدەگرن، ژیان كاركردن و كات بەسەربردن و ئەزموون و وانەیە!!
لەکن مام جەلال دەگیرسێتەوە
بەو زەمینە سازییە بەو پەروەردە كوردانە لە ناخ، هاشمی مام عەلی ساڵی 1981 چەكی شەڕەف هەڵدەگرێ و روو دەكاتە شاخ، یەكسەر لەكن مام جەلال دەگیرسێتەوە، تا دوا هەناسە هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە، گەر بیروباوەڕ و خەبات و مام جەلال و كوردایەتی نەبا، لەو بارە لەبارە رەنگە خۆی لە قەرەی قورسی پێشمەرگایەتی نەدابا، ژیانی هی خۆی بوو، بەڵام بۆ كورد و (ی.ن.ك) ژیا، بە ماڵ و منداڵەوە كەوتە ناو داروبەرد و چیا، لە شار لە رێكخستن و برادەری گیانی شەهید شەفیق زاهیر بوو، چالاكی و رووداوەكانی ئەو سەردەمەی وەك خۆی لەبیر بوو، گفتوگۆ و یادگارییەكانی وا لە بیردەما، گرتە بە گرتە دەیگێڕایەوە وەك شریتی سینەما، هزری گەش و روون بوو، بۆ رووداوەكانی رابردوو، بە درێژایی ژیانی خەبات و پێشمەرگایەتیی هاشمی مام عەلی، تۆز و تۆزقاڵێ لەسەر رێبازی مام جەلال لای نەدا و هەر نەزەلی، جێی متمانە و بڕواپێكراو بوو، لە ئاگردانی خێزانی جۆشداربوو، لە رۆژگاری سەخت و ئاڵۆز، ئەو هەر بە هەڵوێست و جگەر سۆز، لە ململانێ و دەستەگەری ئەو سەردەمانەدا، قەت پشتی مام جەلالی بەرنەدەدا، پەیوەندییەكی گیانی و باوەڕیان هەبوو، رابردوویەكی پڕ شانازی و سەروەریان هەبوو، مام جەلال لەگەڵ سێ نەوە (كوڕ و باوك و باپیر)ی پێشمەرگایەتیی كردبوو، لە شۆڕشی ئەیلوول و جەلالییەت و شۆڕشی نوێ رۆژگارێكیان بەسەربردبوو، مام جەلال بەنیاز بوو لەگەڵ كوڕی رێبینی جوانەمەرگ نەوەی مام عەلی پێشمەرگایەتی بكات، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و نەهاتە دی ئەو خەون و خۆزگە و ئاواتە، باوك و مام خەزوورەكەی مام خالیدی مام رەشیدی بەشداربوون لەو چالاكیەی بەسەرپەرشتی مام جەلال پارەی توتن و خەزێنەی كۆیەیان هێناوە، بەو چەردە پارە شۆڕشی ئەیلوول پێ ژیاوە و پێ هەڵساوە، هەر لەو شەڕ و چالاكییەدا ئەو پەندە قەوماوە، بەڕێوبەری دارایی (خەزنەدار) گوتویەتی (بۆ لێم دەدەن درەنگ هاتووم كەمم هێناوە!).

 

بە درێژایی ژیانی خەبات و پێشمەرگایەتیی هاشمی مام عەلی، تۆز و تۆزقاڵێ لەسەر رێبازی مام جەلال لای نەدا و هەر نەزەلی، جێی متمانە و بڕواپێكراو بوو

 

بە هێمنی نهێنییەكانی دەپاراست
هەر ئەو مام خەزوورەی یەك تاكە كوڕی هەبوو لە داری دونیا، ئەویش لە داستانی مامەندە شەهیدكرا لە بەرگری و بەرزی چیا، شەهید محەمەد خالید، لە قارەمانیەتی مێژوو شاهید، خۆیی و ئامۆزای تاقانەبوون، پێشمەرگەی ئەو شاخانە بوون، منداڵەكانی لیوا هاشم نە مامیان هەیە نە خاڵ، لە كوردەواریدا كوڕ پشتە و شوانی ماڵ، حەزرەتی نالی دەفەرمووێ بە دێری زێر و بەو رشتە شیعرە:
فەرقی کوڕ و کچ رۆشن، وەک فەرقی مەهـ و میهرە
ئەم فەرقی شەو رۆژە وەک فەرقە لە کوڕ تا کچ
کوڕ وەک گوڵی گوڵزارە، ئەمما سەمەری خارە
وەک هەنگی چزوودارە، هەنگوینی موسەففا کچ

گەرچی لیوا هاشم برای نەبوو بەڵام بێكەس نەبوو، خۆی زۆر كەسی دەناسی هەر بەس نەبوو، هاوڕێیەكی راستگۆ لە جێی هەزاران خزم و ناسیاوە، بێ بەرگیە عیللەت كە هەتیو مەیلی هەتاوە، قوڕ و لیتە یاقووت و زێر دەشارێتەوە، بەڵام گەوهەرەكەی تێك ناچێ وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەو شاگرد و خوێندكاری قوتابخانەی مام جەلال بوو، لە توژەڵەو خڕی نێوزەنگەوە تا دەباشان خانەخوێ و خاوەن ماڵ بوو، پاراستنی نهێنی مانەوە بەبێ دەنگی، مرۆڤ جوانتر رووناكتری دەكا رەنگی، بە ئارامی و خۆڕاگری گەلای دار دەبێ بە ئاوریشم، ئەو بە هێمنی نهێنییەكانی دەپاراست گەر بتتواندبوایە لەناو مس و قوڕقوشم، رەوشتی مرۆڤ لە زێر و زیو بەنرختر و چاكترە، هاوڕێی ناڕاست لە دژمنێكی بە ئاشكرا مەترسیدارتر و ناپاكترە، باخێك كە ئاوی نەدەیت، گلەیی بۆ لە وشك بوونی دەكەیت، ئەو كاری خۆی دەكرد بەبێ منەتی بە پاكی بەبێ باكی، بە رەنگی خاكی، بەدەنگی چاكی، پڕ لە جوانی و رووناكی، شارەزا و مشوورخۆر بوو لە كاروباری كارگێڕی، بابەتەكانی هەرس دەكرد بە گیانی شۆڕشگێری، لە ئەرك و كار سەركۆنەش كرابا و رقی هەڵندەگرت، بە دڵنەرمی و لێبوردەیی و چاكەكاری رەفتاری دەكرد، لە پیاوەتی و یارمەتی و هاوكاری سەرڕێژ بوو، بەراستگۆیی دەدوا و زۆر هەقبێژ بوو، بەڵێنی بدابوایە دەست و برد، نەیدەخەواند زوو جێبەجێی دەكرد، هاوسۆز بوو دەیویست كوێرەوەری، بكاتە خەنی بوون و بەختەوەری، رەگی قووڵ بوو بە سایە و سێبەر و بەر، بەرگەی هەموو سەختیەكی دەگرت لە رادەبەردەر، ناخی ماندووبوو، چاویان لە دوو بوو، قسە لەڕووبوو، بەڵام ئەو بەخۆرە هەتاو راهاتبوو، سوتاوی گەل و وڵات بوو، بەهەق هاشمی مام عەلی، ویژدانی دادوەربوو دژی گەندەڵی، هەرچەند لێپرسراوانی ئەو زەمانە بوونەتە سەلكی كافری، هەرچی هەڵدەستی بەردوپەلاری تێدەگری، نكۆڵی ناكرێ  گەندەڵی هەیە لە هەرێمی كوردستان، بەس خۆ ناكرێ هەمووی بستووتێندرێت تەڕ و وشكی دارستان، بەلێپرسینەوە و سەلماندن و یاسا و سزا و بەڵگە دەبێ لە دادگابێ، بەتانە و بوختان و پڕوپاگەندە و بە گۆتەوگۆترە نابێ، پاش تاریكی خۆر هەڵدێت، لە دوای زستان بەهار دێت، هەموو شتێك بە تامە بە تەندروستی باش و چاك، رەنگە لە بارێكدا ببێتە ژەهر بە چێژترین خۆراك، ئەو كەسەی تەندروستییەكی باشی هەیە، سامانێكی گەورە و بڕە پارەیەكی كاشی هەیە، گەر ئەو خۆی پاراستبا لە جگەرە و گڕی تەڕ*، زۆر چاكتربوو لە تەغارەك دەوا و دەرمان و چارەسەر، بەڵام جگەرەی زۆر دەكێشا و هەرامە شەربەتانی* دەخواردەوە، گەرچی بەردەوام لە دەوام قەت خۆی لە ئەرك و كار خۆی نەدەشاردەوە، بەڵام جەرگی سووتابوو، ئامۆزای شەهیدكرابوو، خەمەكانی ناخی رۆحی دەپووكاندەوە، گلەیشی نەدەكرد خۆی نەدەتووراندەوە، لە چاو باوك و دایكی تەمەنی كورت بوو، چیرۆكەكە نیوەنەبوو هەر ئەوەندە بوو بەس پەرت بوو، مردن هەر هەیە، بەڵام گرینگ بە جێ بهێڵی شوێنەوار، ئەوەی دەمێنێتەوە یادگاری و ناوەو كاری جوان و شاكار، هاوسەنگەر گیان كە تۆ رۆیشتی ئێمەش زۆر نامێنینەوە، هێندەی پێ ناچێ یەكتر دەگرینەوە.

*گڕی تەڕ و هەرامەشەربەتان: مەبەست خواردنەوەی كحولیە

 

هاشمی مام عەلی

وتارەکانی نوسەر