کەرکوکیانە

کەرکوک و گەندەڵی

10:00 - 2024-04-30
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
105 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج


زانیاری تەواوم هەیە کە نەک ئێستا بگرە چەند ساڵێکە لە لەیلان و شوانیش، لەفەرمانگەکانی باری رەگەزنامە و شارستانی بەپارە نەبێت ئیشەکەت ناڕوات، بەپارە ئیشەکەت پێش دەخرێت، بەپارە زووتر کارو بارەکەت جێبەجێ دەکرێت، من جاری دیکەش ئەمەم نووسیوەو خستومەتە بەرچاوی پارلەمانتار و هەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەو ئەنجومەنەی هێشتا دەستی دەرەکی و ناوخۆیی ناهێڵن دەستبەکاربن و پارێزگارێکی شایستە بۆ شارەکە دابنەن، لەگەڵ ئەوەش هیچ نەکراوە، ئەو دزی و پارەخواردنەی لەو دووشوێنە هەیە لەهیچ کوێ نییە، ئەگەر بتەوێ چوار کارتی نیشتمانی  دەربکەیت، هەر بۆ چونە پێشەوە، پێویستە دوو سەد هەزار دینار بدەیت، نایدەیت چییە ئیشی تاقە رۆژێ لەوشوێنانە دووسێ ساڵی گەرەک، من تائێستا دە دوازدە جارچوومەتە لەیلان، هێشتا بسمیلا، دەی هاوار بۆ خەڵکی تر بنکەکان جمەیان دێت، کەس بەکەس نییە، هەزاران کەس لەم ناوچانە کارتی نیشتمانی نییە، لەکاتێکدا لەچەمچەماڵ و شوێنگەلی دیکە  دەرکردنەکەی ئیشی چەند سەعاتێکە.
کەرکوک لەناو گەندەڵییەکی بەربادایە، کەس نییە چاودێری چوار فەرمانگە بکات داخوا چی دەگوزەرێت، ئەوی سەیرە ئەو دوو فەرمانگەیەی سەرەوە هەردووکی بەرپرسەکانی عەرەبن، ئەوەی لەیلان کوردی هەر تیانەماوە، کەسیش ناپرسێت ئەمە دادگەریە یان نادادی، من ئەو دووشوێنەم وەک نموونە وەرگرتووە دەنا شوێنگەلی دیکەش هەروەسان،  لەناو فەرمانگەکاندا تەقەی مامەڵەو بەپارە کار بەڕێکردنە، ئەو بەربادیە ئەم شارەی شەکەت و ماندووکردووە، لەم رۆژانە بەرپرسی بنکەیەکی پۆلیس باسی ئەوەی دەکرد چۆن مەڕی بەدیاری بۆ هێنراوە، مەڕ بۆ شکات.
پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، تەنها پارێزگاری بەشە عەرەبیەکەیە، بەگەواهی بەڕێوەبەرێکی پۆلیسی ئەو شارە، حەویجە زۆر بێکێشەو بێ سەرهێشەترە لەکەرکوک ئیشەکان دەڕۆن، گەندەڵی کەمترە، ئاژاوەو جەنجاڵی نییە، تەنانەت کێشەی کۆمەڵایەتیش زۆر کەمتر بووەتەوە، باشە بۆ دەبێ لەحەویجە ئیشوکار باشتر بڕوات تا لە شوان، ئەمە پێویستی بەلێپرسینەوەو بەدواداچونە، لەمەدا لایەنە کوردییەکانیش پێویستە هەڵوێستیان هەبێت، بەتایبەت یەکێتی کە براوەی یەکەمە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا.
ئیشنەکردن بۆ کورد یان لانی کەم دواخستنی ئیشی کورد و سەرهێشە بۆ درووستکردن، جۆرێکە لەسیاسەتی شەڕی دەروونی و بێزارکردن و ناچارکردنی خەڵک بۆ ئەوەی پشت بکاتە شارەکەی، ئەمە سیاسەتێکی تازەیە، بەئاشکرا پیادەدەکرێت، ئەوە جگەلەوەی لەبەرانبەردا ئیشی ئەوانی تر باشتر دەڕوات، ماڵتە من لەمامەڵەی زۆر سادەدا ئەوەم بینیوە، من بینیومە کوردێک نیو سەعات بووە لەفەرمانگەیە دانیشتووە بۆ واژویەکی بەڕێوەبەر بابایەکی عەگال بەسەر هاتووەو بەڕێزی زۆرەوە لەمەودای چەند خولەکێکدا بەڕێوەبەری بینیوەو قاوەیەکیشی نۆشکردووەو واژوەکەشی بۆ کراوە، ئیتر کەرکوکە، شتی دیکە زۆرە بۆ وتن، بەڵام ئەمەم وەک جیاکاری نەتەوەیی نیشاندا.
لەکەرکوک جیاکاری و نادادی و بێزارکردن هەیە، ئەمە هەمووان دەیزانن، بەڵام کەس خۆی لێ بەخاوەن ناکات، کوردەکەش وەک ئەوە وایە بێکەس و پشت و پەنابێت لەشارەکەدا، ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە، خۆ نووسین جێی گێڕانەوەی هەموو شتێک نییە.

وتارەکانی نوسەر