کەلتوری بەکارهێنانی فەرهەنگ (وشە، چەپکەوشە، پەندی پێشنیان)

10:19 - 2024-05-02
مەحمود شێرزاد
104 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


فەتاح کاویان دانەری فەرهەنگی (حەوتەوانە)یە، فەرهەنگی حەوتەوانە کوردیی، ئینگلیزیی، فارسییە، پێیوابوو بە حەوت شێوە کەڵکی لێوەوردەگیرێ، بەڵام بە (نۆ) شێوە کەڵکی لێوەردەگیرێ، ئەم فەرهەنگە دوو بەرگە، بەرگی یەکەمی جەنابی مام جەلال بۆی چاپ کرد، بەڵام زۆر بەداخەوە نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی بەڕێزیان هەر کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر سیاسەت و ئابووریی نەبوو، بەڵکو کاریگەریی خراپی لەسەر بوارە هونەریی و کەلتوریەکانیش دانا، بۆ نموونە بەرگی دووەمی فەرهەنگی (حەوتەوانە) تا ئێستا چاپ نەبووە، لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم پێشنیاز دەکەم یارێکی وەفاداری مام جەلال و خەمخۆرێکی کەلتوریی کوردەواریی بە یەک بوخچە هەر دوو بەرگی فەرهەنگی (حەوتەوانە) چاپ و بڵاو بکاتەوە و کارەکەی فەتاح کاویان و جەنابی مام جەلال تەواو بکا.
هەرکەس بین، پسپۆڕیی و ئەو بوارەی تێیدا چالاکین هەر شتێک بێ، زمانمان یەکێکە لە کەرەستە هەرە سەرەکییەکان کە رۆژانە بەکاریی دێنین و کارەکانمانی پێڕادەپەڕێنین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تێبینی ئەوە دەکرێ کەم کەس لە بیری زمان و بەهێزترکردنی زمانیدایە.

 

 

 مەبەستی فەتاح کاویان ئەوەیە نووسەر و مامۆستا و رۆژنامەنووس و...هتد دەبێ  (پڕ) و (ورد) و (رەوانبێژ) بێ

فەتاحی کاویان دەیگوت: (نووسەران و مامۆستایان و رۆژنامەنووسان و...هتد هەمیشە دەبێ سێ کار بە یەکەوە بکەن، یەکەم: بخوێننەوە، لەبەر ئەوەی بە خوێندنەوە لەڕووی دنیابینییەوە قووڵتر و بەرینتر دەبن و لەڕووی زانیاریی جۆراوجۆریشەوە تەژیی دەبن. دووەم: دەبێ بنووسن، لەبەرئەوەی نووسین وایان لێدەکا ورد بن، چونکە بۆ نووسین بیر دەکەیتەوە و دەبیتە وەستای وشە و داڕشتنی رستە و گەیاندنی مانا و مەبەست بە وردترین شێوە. سێیەم: دەبێ کەسەکە لەم بوارەدا کە دەخوێنێتەوە و دەنووسێت کۆڕ بگێڕێ و قسە بکا، ئەمەش چەند قازانجێکی هەیە، واتە هەم زانیارییەکانی لەبیرناچێتەوە، هەم دەیانگەیەنێتە خەڵکانی دیکە و ئەوانیش هاندەدا بۆ خوێندنەوە، بەڵام لەوەش گرنگتر خۆی دەبێتە کەسێکی رەوانبێژ). مەبەستی فەتاح کاویان ئەوەیە نووسەر و مامۆستا و رۆژنامەنووس و...هتد دەبێ  (پڕ) و (ورد) و (رەوانبێژ) بێ.
بەکارهێنانی فەرهەنگی وشە و چەپکەوشە و پەندەکان، هەم لە بواری گشتییدا و هەم لە بواری پسپۆڕییەکاندا شتێکی سەرەکییە، کاتێ ئێمە دەقێک دەخوێنینەوە و وشەیەک نازانین نابێ بەسەریدا بازبدەین، بەڵکو دەبێ لە فەرهەنگەکاندا بۆی بگەڕێین و ماناکەی فێر بین و لەوەبەدواش لە قسەکردن و نووسیندا بەکاریی بێنین. ئەوەی تێبینی دەکرێ ئەوەیە کەلتوریی بەکارهێنانی وشە و چەپکەوشە و پەند لەناو بەشێکی زۆر لە خوێنەران و نووسەر و رۆژنامەنووس و مامۆستایاندا زۆر کەمە، بابەت و بەرهەمەکانیان پێیانەوە دیارە، هەم لەڕووی زانیارییەکانەوە و هەم لەڕووی وشە و چەپکەوشە و پەندەوە لاوازن، لە لایەکیتریشەوە بۆ نموونە لە کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندندا بە سەدان جارم بینیوە لێپرسراوی بەشێک یان لاپەڕەیەک کە وشەیەک یان چەپکەوشەیەکی نەزانیوە و پێشتر نەیبینیوە بە جێگەی ئەوەی لە فەرهەنگەکاندا بۆی بگەڕێ، سڕیوێتێوە و گوتوویەتی ئەم نووسەرە ئەم وشەیەی لە کوێوە هێناوە، زمانی کوردیی وشەی وای هەر تێدا نییە.
بە خۆشحاڵییەوە ئێستا بە زمانی کوردیی فەرهەنگی زۆرباشمان لەبواریی جیاجیادا هەیە، بەڵام زۆر کەم بەکاردەهێنرێن، هەوڵدەین لێرەوە هەرجارەی لەژێر سەردێڕی (کەلتوری بەکارهێنانی فەرهەنگ)دا ناساندن بۆ فەرهەنگێک بکەین. 

 

وتارەکانی نوسەر