خوێندکاران ئاراستەکان دەگۆڕن

10:37 - 2024-05-02
هیوا محەمەد
320 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

چەندین جار خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکا توانیویانە مل بە حکومەت کەچ بکەن و ئەوەی ویستویانە بیهێننەدی، ئەگەرچی لە زۆریاندا تووشی گرفت و گرتن و ئازاردان بوونەتەوە، بەڵام ئەم شێوازی چالاکییە لە مانگرتن و دەستبەسەرداگرتنی حەوشەی زانکۆ و راگرتنی خوێندنیان هەمیشە بەکارهێناوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک کە پەیوەست بووە بە راستکردنەوەی مادەی دەستوور یان ئەدای حکومەتەکەیان.
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا، زۆرێک لە زانکۆکان بێئەوەی رێکخراو بن، هاوپشتی و هاودەنگیی یەکیان دەکرد بۆ بەدیهاتنی داخوزاییەکانیان کە ئەوکات زۆربەیان لە دژی رەگەزپەرستی بوو کە بەرامبەر رەش پێستە ئەمریکییەکانی بە بنەچە ئەفریقیان دەکرد. 
بەپێی ئەو ناڕەزاییانەی کە لە مێژوودا تۆمارکراون، ئەو چالاکییانە توانیویانە سیاسەتی حکومەت و یاساکانی دەوڵەت بگۆڕن وەک ئەوەی مرۆڤایەتی ویستویەتی بۆ نەهێشتنی رەگەزپەرستی.

 

خوێندکاران پێیانوایە هەڵوێستی ئەمریکا لەگەڵ دەستووری وڵاتەکەیان، یەک ناگرێتەوە کە جەخت لەسەر پاراستنی مافی مرۆڤ دەکاتەوە لە جیهاندا

نموونەیەکی تری خەباتی ئاشتییانەی پڕ لە گوشاری خوێندکارانی زانکۆکان لە ئەمریکا، لە دژی جەنگی ئەمریکا بووە بۆ سەر ڤێتنام، لەمەشیاندا توانیویانە کاریگەریی لەسەر رەوشی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دابنێن و دواجار بڕیاری کشانەوە و راگرتنی جەنگ بدەن.
لە ساڵی 1979 لە ئێران یەکەمین خۆپیشاندان لە زانکۆکانەوە دەستیپێکرد لە دژی شای ئەو وڵاتە، لەوانە تەبریز و تاران بوو کە کاریگەریی گەورەی هەبوو لە جوڵاندنی خەڵک و بە گشتیکردنی خۆپیشاندانەکان و لە ماوەیەکی کەمدا توانییان رژێمەکە سەرنگون بکەن و بیگۆڕن.
لەسەرەتای هەشتانی سەدەی رابردوودا، خۆپیشاندانی خوێندکاران هەموو شارەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانی گرتەوە و دواتر کشا بۆ خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی موسڵ و بایکۆتی خوێندنیان کرد لە دژی پڕۆسەی کردنی خوێندن بە زمانی عەرەبی و توانرا بەشێێکی زۆر لە داخوازییەکان بسەپێندرێ و رژێمی بەعس لێی پاشگەز بێتەوە.
لە راپەڕینی ساڵی 1991 دا گەنجان کە خۆیان لە خوێندکاراندا دەبینییەوە هاوکاری بەهێزی پێشمەرگە بوون و پشکی شێریان بەرکەوتووە لەسەرخستنی راپەڕین.
ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو مێژووە دیسانەوە لە زانکۆکانی ئەمریکا دەنگی ناڕەزایی و مانگرتن بەرز بۆتەوە و داوای راگرتنی جەنگی سەر غەزە و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا لە زانکۆی کۆلۆمبیا دەستیپێکردووە و چاودێران پێیان وایە بە دەیان زانکۆی ئەمریکا دەگرێتەوە، چونکە هاودەنگیی شەقامی ئەمریکی هەیە لەسەر راگرتنی ئەو جەنگە و پێیانوایە هەڵوێستی ئەمریکا لەگەڵ دەستووری ئەو وڵاتە یەک ناگرێتەوە کە جەخت لەسەر پاراستنی مافی مرۆڤ دەکاتەوە لەهەر جێیەکی ئەم جیهانە، خوێندکاران پێیانوایە وڵاتەکەیان بە پێی دەستوور پێناسەی خۆی لە جیهاندا ناکات و ئەو کوشتنی بە کۆمەڵەی ئیسرائیل دەیکات لە غەزە بێ هاوکاریی ئەمریکا سەرناگرێت و ئەگەری دۆڕاندنی هەیە.
ئەگەر ئەمە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵکشێت و زۆرێکی تر لە زانکۆکان بگرێتەوە، ئەوا ئەگەری گۆڕینی رەوتی جەنگەکە و هەڕەشەی ئیسرائیل بەوەی هێرش دەکاتە سەر رەفەح بگۆڕدرێت بە ئاراستەیەکی تر، بەمەش دەردەکەوێت کە خوێندکارانی زانکۆکان، بەو پێیەی لەبوارە باڵاکانی خوێندندان، تێدەگەن لەوەی وڵاتەکەیان بەرەو چ ئاراستەیەکیان دەبات و رێکتەی ستۆپ لەکاتی هەڵەکاندا بەرز دەکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر