زانکۆ عەرەبی و ئیسلامییەکان بۆ غەزە چییان پێیە؟

11:01 - 2024-05-07
هیوا محەمەد
254 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد



خوێندکارانی زانکۆکانی عەرەبی کە لە پاڵ جەنگەکەوەن و ئەوەی لە غەزە باروتیان بەسەردا دەبارێندرێت هاوزمان و هاودینیشیانن، کەچی لێی بێدەنگن


خوێندکارانی چەند زانکۆیەکی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا، چەند رۆژێکە بەردەوامن لە مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی و پشتگیری بۆ غەزە لەوەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانییەوە پێی دەکرێت، ئەوان لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە هەست بەوە دەکەن کە ئەوەی وڵاتەکەیان لە هاوپشتیی ئیسرائیل دەیکات، جێگەی قبووڵ نییە، بەڵام خوێندکارانی زانکۆکانی عەرەبی کە لە پاڵ جەنگەکەوەن و ئەوەی لە غەزە باروتیان بەسەردا دەبارێندرێت هاوزمان و هاودینیشیانن، کەچی لێی بێدەنگن و بە کێشەی خۆیانی نازانن، ئەمە جگە لە زۆرینەی حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەبی، بە جۆرێک دەبینین تەنها میسر و قەتەر دیارن لەناو هەوڵەکاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و راگرتنی جەنگ.
ئەوە گریمان رێکخراوی حەماس هەڵەی کرد کە دەستپێشخەریی ئەو جەنگەی کرد، ئیتر بەردەوام بوونی ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تا ئێستا کە حەوت مانگ دەبێت، چ واتایەک دەبەخشێت؟ ئەوەی حەماس کردی و ئەو رێژەی زیانگەیاندنە بە ئیسرائیل لەچاو ئەوەی ئیسرائیل بە غەزەی کردووە یەک بە سەدە. 
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەمە دەکرێت ئیسرائیل لە خودای ویستبێت، تا بیانووەیەکیان بێتە دەست و ئەم فروانخوازییە بکەن و وا لە فەلەستینییەکان بکەن لەلایەک چالاکییەکانیان سنووردار بکەن، لەلایەکیشەوە بیر لە سەربەخۆیی و داواکردنی گەڕانەوەی زەوییە زەوتکراوەکانیان نەکەنەوە، واتا دووریان دەخەنەوە لە مەسەلە سەرەکییەکە.
ئەوەی دەگوزەرێت، ئێستا کردەکان لە دژی خەڵکی بێتاوان و مەدەنین، کوژرانی 35 هەزار کەس هەموویان چەکداری حەماس نین، روخان و وێران بوونی سەدان خانوو و باڵەخانەی گەورە، هەموویان بنکە و بارەگای حەماس نین، یونسێف دەڵێت : نزیکەی 1،700،000 کەس، لەناو غەزەدا ئاوارە بوون و بێ سادەترین پێداویستی و جێگەی حەوانەوەن، 13 هەزار منداڵ کوژراوە، 600 هەزار منداڵ لەناو ئەوانەدان کە لە رەفەح ئابڵووقە دراون.
 ئەمانە هەموویان خێزان و ئەندامانی حەماس نین.
رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرەکانیان لەوێن، هیومان رایتس دەزانێت چی دەگوزەرێت لە غەزە، دەشزانن یاساکانی جەنگ پێشێلکراوە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و تێکدان و روخاندنی نەخۆشخانە و وێستگەی کارەبا و پەیوەندیکردن، دەزانن کە بە فڕۆکە خواردن و هاوکارییە دەرمانییەکانیان بۆ فڕیدەردرێتە خوارەوە. 
یونسکۆ دەزانێت خوێندنگەکان داخراون، منداڵان بێبەشن لە خوێندن، هەموو رێخراوەکانی سەر بە UN دەزانن کە ئەوەی بەسەر غەزەدا دەکرێت، دوورە لەو یاسا و بەندانەی کە لای ئەوان بەناوی پاراستنی مافی مرۆڤەوە هەیە و دەیسەپێنن لە جیهاندا، بەڵام لێی بێدەنگن. 
بۆ هەموو ئەمانە خەڵکی غەزە پێویستی بە هاوپشتی خەڵکی خۆیەتی لە نەتەوەی عەرەب و ئەوانەی هەڵگری ئایینی ئیسلامن لەگەڵیشیدا مرۆڤن، کە هەر سێ سیفەتەکە لە خەڵکی غەزەشدا هەیە، هاوپشتیی ئەوان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی، وادەکات حەماس دووربخاتەوە لە خاوەندارێتیکردنی غەزە و کێشەی فەلەستین.
فەلەستین وڵاتێکی عەرەبییە و ئەوەی تێیدا دەژی زۆرینەی عەرەب و ئیسلامن، ئەرکی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبییە وێڕای زانکۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا،  هاوپشتییان بکەن، داوای راگرتنی جەنگ و چوونە ناو دانوستان بکەن.
ئەمریکاش سومعەی خۆی لەکەدار دەکات بەوەی پشتگیریی لەو جەنگە و کوشتنی بە کۆمەڵ دەکات، دەبێت هەڵوێستی جدی هەبێت بۆ راگرتنی ئەو جەنگە بێمانایە کە لە سوودی زلهێزەکان و زیانی خەڵکی غەزە و هەموو فەلەستینییەکانە. ئیسرائیلییەکانیش هەموویان خۆشحاڵ نین بە درێژەدانی ئەم جەنگە، دەنگی ناڕەزاییان زۆر تێدایە و دەیانەوێت بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئەوانیش وەک فەلەستینییەکان دەیانەوێت سەقامگیریی و ئەمن و ئەمان لە وڵاتەکەیاندا هەبێت و زۆریشیان پێیان باشە کێشەیان لەگەڵ فەلەستین بە دانوستان و رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.

وتارەکانی نوسەر