بەم جۆرە چی بەیان دەکەن؟

10:39 - 2024-05-02
عومەر قادر وسو
147 خوێندراوەتەوە

عومەر قادر وسو

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵیداوە دیموکراسی لە کوردستان بچەسپێنێ و هەموان مافی دەنگدانیان هەبێت بە یەکسانی، پەیڕەوی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاکی  کردووە.
خەباتی کردووە لەسەر بناغەی مرۆڤ دۆستی ئاشتییانە بۆ گەیشتن بەدواڕۆژێکی پرشنگدار. بڕوای تەواوی بە پێکەوەژیانی نەتەوەکان و فرە حزبی هەبووە. 
لەدوای راپەڕینەوە هەوڵی پێکهێنانی پەرلەمان دا، لەوکاتەوە بیری لای فرت و فێڵ و تەزویری دەنگ نەبووە و بڕوای بە هەڵکشان و داکشانی دەنگەکانی هەبووە لە هەر خولێکی هەڵبژاردندا.
کێشەی دروست نەکردووە و رێگە راستەکەی هەڵبژاردووە و سەربەخۆیی سیاسی خۆی پاراستووە. و
بەپێچەوانەوە دەبینین نموونەی دەسەڵاتی حوکمڕانی و سیاسی پ.دک، بەردەوام ئەو حزبە وەک خۆسەپێنەر دەرکەتووە، هەوڵ و هەنگاوەکانی تەنها بۆ بەرژەوەندیی حزبی بووە.

 

ی.ن.ک رێگە نادات پ.د.ک، یان هیچ لایەنێکی دیکە لە بەها و سەروەریی پەرلەمان و حکومەت کەمبکاتەوە و قەوارەی هەرێم بخاتە بەردەم کێشە و لەناوچوون

یەکێتی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو حاڵەتەی داوە و تاڕاددەیەک توانیویەتی تەرازووی هێز هاوسەنگ رابگرێت.
بەرگری کردووە لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی لەناوبردنی لەلایەن بەعسییە فاشییەکانەوە.
 ئێستاش ی.ن.ک نایەوێت، پ.د.ک یان هیچ لایەنێکی تر لە بەها و سەروەریی پەرلەمان و حکومەت کەمبکاتەوە و قەوارەی هەرێم بخاتە بەردەم کێشەی گەورە و لەناوچوون.
ئەگەر هەرکەس بگەڕێتەوە بۆ مێژووی رابردوو دەزانێت کە ی.ن.ک چەندە دوور بووە لە هەوڵی بەلاڕیدا بردنی پڕۆسەی سیاسیی کوردستان.
دروستکردنی کێشە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو، جارێکی تر زیان بە قەوارەکەمان دەگەیەنێ و دەمانخاتەوە ناو تۆڕی مامەڵەکانی وڵاتە زلهێزەکان. 
 ئێستا هەڵوێستی پ.د.ک لەسەر هەڵبژاردن، کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر دۆخەکە و سەرکەتوویی حکومڕانی لەهەرێم، تەنانەت بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا.
پێویستە ئەوان لەوە حاڵی بن کە ناتوانن بیری نەتەوایەتی بە ی.ن.ک بفرۆشنەوە، رابردووی ی.ن.ک سەلمێنەری ئەو راستییەیە. 
لە لایەکی ترەوە، دەنگەکانی پێکهاتەیەکیش هەتا سەر دادی پ.د.ک نادا و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی و یاسایی خۆی. 
ئاشکرایە هەڵبژاردن پێویستی بە رێبازێکی ئاشتی یاسایی و دیموکراسییە لەپێناوی دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و سیستمی بەڕێوەبردنی نوێ، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەڵوێستی نیشتمانییانە هەیە و نیشتمانپەروەریی تەنها بە دروشم دەرناکەوێ و سەرناکەوێ . 
دەبێ هێزوتواناکانمان یەکخەین، دەستی دڵسۆزی بۆ یەکتری درێژکەین تاکو هەرێمەکەمان بەهێز و پارێزراو بێت، بیخەینەوە سەرشاڕێی بابەتی گەشەکردن و بەرەو رزگاریی نیشتمانی هەنگاو بنێین و پەرلەمان و حکومەتێکی شایستە بەدیبێنین، بتوانین ریشەی دەوڵەتی کوردی دابکوتین لەداهاتوودا.

وتارەکانی نوسەر