دیاردە دزێوەکان

ئۆتۆمبێل هەراسانی کردوین

09:33 - 2024-05-05
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
62 خوێندراوەتەوە

- 6 -


بە رووکەش خراپ نییە ئەگەر خەڵکەکە خۆشگوزەران بێت و هەر ماڵە یان هەر کەسە ئۆتۆمبێلی خۆی هەبێت و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر کاری مەیسەر بکات. بەڵام لێرە مەسەلەکە وا نەکەوتەوە، مەبەستم عیراق و هەرێمی کوردستانیشە جاران لە رووی بەراوردەوە «عیراقەکەی تری» پێدەگوترا. لە پاش گۆڕینی رژێمی بەعس و دابارینی پارەی نەوت بەسەر وڵاتدا و هەڵمژینی هەناسەیەکی ئازادیی پاش ئەو هەموو ستەم و تاوانەی بەعس کردی، بەشێکی زۆری داهات و سامانی نەوت چووە خزمەتی سیاسییە حوکمڕانە گەندەڵ و بێ مۆراڵەکانەوە و بەشە کەمەکەشی کە هێشتا هەر رێژەیەکی زۆربوو لەچاو بەشخوراوی و قاتوقڕیی جاراندا، بەشێوەی مووچە و چالاکیی جۆراوجۆر و بێسەروبەریی بازاڕدا چووە گیرفانی توێژێکی بەرچاوی خەڵکەوە. ئەوجا لە ئەنجامی نەبوونی پلان و سیاسەتێکی روونی ئابوورییەوە، ئەم داهاتە تاکلایەنە وردە وردە رویکردە ئەوەی داهاتوویەکی پڕ لە تراژیدیا بەسەر   وڵات و خەڵکەکەیدا بهێنێت، چونکە لە ئەنجامی دەستکەوتنی پارەی مفتەوە هیچ ژێرخانێکی پێشتر داتەپیوی پێ بنیات نەنرایەوە و بگرە ئەوەش کە هەبوو زیاتر وێرانکرا. لێرە وایلێهات کەس کاری نەدەکرد و بە روکەشیش باش دەژیا و خۆشگوزەران بوو. کەس هیچ بەرهەمێکی نەبوو و یەکپارچە وڵات کرا بە مۆڵ و بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی خراپترین کاڵای چینی و وڵاتانی دەوروبەر. بەشێک لە دەسەڵاتداران خۆیان و بریکارەکانیان بوون بە سەرتەڵی هەموو جۆرە بازرگانییەکی ئاست نزم و کوالێتی خراپ، هەر لە کەرتی خانووبەرەوە بیگرە تا دەگاتە ئۆتۆمبێل و مەی و ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و لەشفرۆشییەوە..هتد. ئەمانەی سەرەوە هەر یەکەیان دەیان باس و کتێبی لەسەر بنووسیت هەر دوایی نایەت. 
 بۆیە بە کورتی دێمە سەر باسی ئۆتۆمبێل، بێگومان بۆ ئەمەشیان هیچ پلانێک نەبوو و ئەمەش وەک کەرتەکانی تری چالاکی ئابووریی بەرخۆر درایە دەست بازرگانان و هاوبەشەکانیان لە دەسەڵاتدا و بەلێشاو ئەم وڵاتەیان پڕکردووە لە خراپترین جۆری ئۆتۆمبێل و تائێستاش بەردەوام کاروانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەڕێوەیە بێ رەچاوکردنی پەرەپێدان و چاککردنی رێگەوبان، کە هەر هیچ نەبێت ئێمە لەم هەرێمەماندا دەیبینین لە چ بارێکی خراپدایە و کەسیش باکی پێ نییە. هەموو لە شەقامەکانی شارەکانمان و رێگەوبانی دەرەوەدا گیرمان خواردووە بەدەست قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل و پەیوەست نەبوونی خەڵکێکی زۆر یاسا و رێساکانی شۆفێرییەوە و گاز و دووکەڵی ئەگزۆزیشیان ژینگەی وێرانکردووە و بووە بە مایەی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی ترسناک. لە هەمووشی کارەستبارتر لێشاوی لەناوچوونی خەڵکە بەهۆی رووداوی پێکدادانی ئەم ئۆتۆمبێلە مقەبا ئاسایانەوە، کە هەفتە و بگرە رۆژ نییە کۆمەڵە خەڵکێکمان لێ نەکاتە قوربانی و ئامارەکانی هاتوچۆ بەردەوام ژمارەی مردن و برینداربوونی ترسناک دەخەنەڕوو. ئاخر وڵاتێک بەهیچ کلۆجێ گواستنەوەی گشتیی تێدا نەمێنێت چ ناوێکی لێدەنرێت و پاساو چییە بۆ ئیدارەدانی بەم جۆرە. تۆ ئێستا لە وڵاتێکدایت رۆژانە بەرەوڕووی مەرگ دەبیتەوە کەوا کاتی خۆی گواستنەوەی گشتی لە ئاستێکی پەسەند و مامناوەنددا بووە و خەڵک تاڕادەیەک ئەم چەشنە دەردەی نەبووە کە ئێستا بووە بە خۆرەی دڵ و دەروونمان. لە هەمووشی دزێوتر، بۆ نموونە، کابرای شۆفێری بارهەڵگر ماڵی کاول کردویت و ژمارەیەک کەسی ئازیزی لێ کوشتویت و ئەوجا بێشەرمانە چەند «پیاوماقوڵێک» دەنێرێتە ماڵت و ناچارت دەکەن لێی خۆشبیت بە پاساوی قەزاوقەدەر، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی ئەم کۆمەڵگە داروبار رێکەمان دەست بە سینگەوە بگرن و بڵێن ئەشهەدوبیللا کابرای خاوەن مردوو پیاو بوو و نەیهێشت تاقە رۆژێکیش شۆفێرەکە زیندانی بکرێت.

وتارەکانی نوسەر