بۆ گەشتە شاخەوانییەکان

گرنگی وەرگرتنی زانیاری لەسەر زانستی زەوی و سەرچاوە ئاوییەکان

11:19 - 2024-05-06
شەهریار تۆفیق سان
362 خوێندراوەتەوە

رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەم دواییەی گروپێکی شاخەوانی شاری سلێمانی وەبیری هێناینەوە دەبێت هەڵسوکەوتمان لەگەڵ سروشت بەپێی ئاستی زانیاری قووڵ لەسەر هەموو پێکهاتە ئۆرگانیی و نائۆرگانییەکانی بێت، بەڵام ئەوەی کە پێویستە بزانرێت فەرامۆشکردنی هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ سروشت بێ زانیاری  دەرئەنجامی خراپی دەبێت و هەردەم پێشبینی مەترسیی بکرێت ئەگەر رێژەکەشی کەم بێت، بەتایبەت لەڕووی زانستی زەوییەوە کوردستان هەستیاریی هەیە بەوەی لە دووریی چەند مەترێک پێکهاتە جیۆلۆجییەکان دەگۆڕێن نەک ناوچە بۆ ناوچە، هەروەها کوردستان چانسی ئەوەی  هەیە  باخچەیەکی سروشتییە کە زۆربەی زەمەنە جیۆلۆجییەکانی تێدایە بە درێژای ملیۆنان ساڵ، زۆر وڵات هەیە تەنها زەمەنێک و چەند پێکهاتەیەکی دیاریکراوی زەوی  تێدا دەردەکەوێت.

 

ئەو بارانەی لە سلێمانی دەبارێت، بەتایبەت بەشی سەرەوەی، بەهۆی ئەو پێکهاتە جیۆلۆجییە کاربۆنییەی هەیەتی، کە درز و کەلەبەری زۆری تێدایە، دیارنامێنێت و دەبێتە ئاوی ژێر زەوی

 

بارانەکە دەبێتە ئاوی ژێر زەوی
ئەم جیاوازییە رەنگدانەوەی زۆری بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکان و تۆپۆگرافی ناوچەکە بەشێوەیەکی سەرەکی دەبێت، ئەگەر تێبینی بکرێت ئەو بڕە بارانەی لە سنووری شاری سلێمانی دەبارێت  بەتایبەت بەشی سەرەوە واتا باکوور و باکووری خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەهۆی ئەو پێکهاتە جیۆلۆجییە کاربۆنییەی هەیەتی کە درز و کەلەبەری زۆر زۆری تێدایە دیارنامێنێت و زۆربەی زۆری دەبێتە ئاوی ژێر زەوی و بە سەرچاوەکانی سەرچنار و کانی و کارێزەکان دەردەچێتەوە بۆ سەر زەوی، بەڵام هەمان بڕی باران لە ناوچەی گەرمیان ببارێت بە هۆی پێکهاتە جیاوازەکانەوە بەراورد بە سلێمانی دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی لە شیوو و کەندڕە قووڵەکانی ناوچەکە، چونکە ئاو بە ئاسانی ناگاتە ژێر زەوی بەهۆی  ئەو سروشتە  جیۆلۆجیە شێوە کۆنکرێتیەی کە هەیەتی لە بەردی گڵین claystone یان لمین Sandstone دروست بووە کە ئاسان نییە بە تێپەڕبوونی ئاو بە ئاڕاستەی ستوونی بۆ ژێرەوە بەهۆی سیفەتی فیزیایی  بەردەکان بۆ تێپەڕبوونی ئاو بەناویاندا، هەروەها  ئەو دۆڵە تەسکانەی بە هۆی  توانەوەی  بەردە کاربۆنییەکان لەوانە Limestone و دۆڵۆمایت Dolomite بەتایبەت ئاوی  ئاوەسپی ناوچەی سەنگاو بەهۆی توانەوەی بەردی جیپسەم Gypsum  یان بڵێین گەچین رەنگی ئاوەکە سپی دەکات و بەوەش سروشتێکی ئاڵۆز بۆ رووکاری دەرەوە و ناوەوەی زەوی ناوچەکە دروست دەکات.
مەرجی گەشتی زانستی
مەرجی گەشتی زانستی یان شاخەوانی تێگەیشتنی زانستییە بۆ ناوچەکان و بەهەند وەرگرتنێتی، پێشبینی مەترسیی و پڕکردنەوەی  فۆڕمی مەترسی بۆ سەلامەتی گرنگە بۆ هەر تیم و گروپێک کە گەشتی شاخەوانی بکەن، ئاستی پەیوەندی و راوێژ لە نێوانیاندا بەهێز  بێت.

*جیۆلۆجیست لە بەڕێوەبەرایەتی ئاودێریی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر