ئەوەی مێژووی میللەتەكەی نەزانێت، بە نەزانیی دەمێنێتەوە

11:39 - 2024-05-07
ئارام عه‌لی عه‌زیز
253 خوێندراوەتەوە

ئارام عەلی عەزیز

مێژوو ئەو زانستەیە كە زۆرترین پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، مێژووش لە جوگرافیا جیا ناكرێتەوە و ئەو ململانێیەی ئەمڕۆ لەگەڵ دوژمنانی كورد و كوردستان هەمانە، ململانێیەكە لە مێژوودا و لە سەر مێژو و جوگرافیایە. ئەوەی مێژووی خۆشی نەزانێت نازانێت چۆن بەرگری لە جوگرافیاكەی بكات، چونكە مێژوو وەكو  زاكیرەیە بۆ میللەت.

لەسەر دوو پایە بنیات نراوە
 مێژوی مرۆڤایەتی لەسەر دوو پایەی ئینسان و شوێن بنیات نراوە. لەبەر ئەوە ناتوانین تێگەیشتنێكی واقعیانەی وردو قووڵمان بۆ مێژوو هەبێت، تەنها لە رێگەی تێگەیشتنی پەیوەندی نێوان ئینسان و شوێنەوە نەبێت،  خاك بۆ ئینسان، یان سەرزەمین بۆ میللەت، وەكو رەحمە بۆ منداڵ، وەكو دەفر و جامە بۆ خۆراك و خواردنەوە، لەو روانگەیەوە جێ، یان شوێن، ئەو دەفرەیە یان ئەو جامەیە، كە ئەو شتەی  تێدایە، كەواتە جێ، یان شوێن، یان خاك و سەرزەمین، گەوهەری شتەكەن.
قووڵایی جوگرافیی و مێژوویی
قووڵایی جوگرافیی هۆكاری شوێن (مكان) و قووڵایی مێژووییش هۆكاری كات (زمان) لە خۆدەگرێت. قووڵایی مێژوویی شۆڕبوونەوەمان بۆ ناو رۆحی رووداوەكان بۆ فەراهەم دەكات، قووڵایی جوگرافیش رۆچوونمان بۆ ناو ئەو بوارە مادییە بۆ دەستەبەر دەكات، كە ئەو رۆحەی تیادا دەستەبەر بووە . بەمەیش بابەتەكە ئاقارێكی فەلسەفیانە وەردەگرێت، كە هیگڵ بە لێكۆڵینەوەی فەلسەفیانەی مێژوو ناوی دەبات، كە لەسەر بنەمای فكرە، چونكە مێژوەكە مێژووی ئینسانەو، گەوهەر و ناوەڕۆكی ئینسانیش فكرە.

بەڵگە مێژوییەكان
 كورد بە پێی بەڵگە مێژووییەكان میللەتیكی چیا نشینە. كورد و كێو دوانەن و وەكو باسیلی نیكیتین، دەڵێ: (كورد و كێو یەكێكیان لەوی دیكە دانابڕدرێت) لەبەر ئەوە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتی میللەتێكی وەكو كورد، كە لە ناو مێژوودا بزركراوە، پێویستمان بە لێكۆڵینەوەیە دەربارەی جوگرافیا و جێ و شوێنی نیشەجێبوونەكەی، كە ئەویش چیاو كێوەكانە، كە وەكو منداڵدانە بۆ كورد. مێژووش لەسەر بنەمای ئاركیۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجی و فیلۆلۆجی دەنوسرێتەوە.
تەنها چیاكان دۆستی كوردن
لە راستیدا دەمێكە دەگووترێت، تەنها چیاكان دۆستی كوردن. چونكە هەموو دنیا دوژمنمان بووە، بەڵام لەبەر خۆنەناسینمان، نەمانزانیوە، بۆ؟ هەموان پێكەوە گەلە كۆمەیان لێكردووین، بەڵام نەمانزانیوە بۆ؟ بە تایبەتی لە  سەدەی بیستەمدا، كە سەرتاپای سەدەی درۆیە، ئەوەی بەسەر كورددا هێنراوە بە پرۆسەیەكی سیستماتیكانەی لە خۆبێگانەكردن و خۆونكردن، لە مێژوودا بەسەر كەسدا نەهێنراوەو  ئامانجیان سڕینەوە و لەناوبردنمان بووە، بە قەتل و عامی سوور و سپی، بەڵام خودا و چیاكان كوردیان پاراستوە. ئەمڕۆیش قەتل و عام بە جۆرێكی دیكە بەردەوامە.

لە چوارچێوەی سیاسەتی كۆڵۆنیالیستیدا
دەزگا ئەكادیمیەكانی خۆرئاوا لە  سەدەی بیستەمدا لە چوارچێوەی سیاسەتی كۆڵۆنیالیستیدا مێژووی كوردیان نوسیوەتەوە بە جۆرێك، كە پشتگیری لە دابەشكردنی كوردستان و سنوورە داتاشراوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكات، بە مەبەستی خزمەتكردنی ناسنامە و مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی كە لە لایەن كۆڵۆنیالیستەكانەوە لە سەد ساڵی رابردوودا لە ناوچەكەدا دامەزرێنران. تەسلیمبوونی زۆربەی نوخبەی خوێندەوار و رۆشنبیرانی كورد بەم دەستدرێژییە دژ بە مێژو و شكستهێنانیان لە دیراسەكردن و پاراستن و بەرگریكردن لە مێژووی دروستی نەتەوەكەیان، وای لێكردوون كە لە ناوەوە درێژكراوەی دەرەوە بن، مێژووی ساختە لە بواری رۆشنبیریی و میدیایی و دامەزراوە پەروەردەییەكان، نەوە لە دوای نەوە بگوازنەوە.

كوردستان لانكەی شارستانیەت
   بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە گەردوون فەوزای تیانیەو، هەموو شتێك تیایدا یاسا و رێسای نەگۆڕی خۆی هەیە، ئێمەی كورد پێویستمان بە گەڕان و شۆڕبوونەوە هەیە بۆ ناو مێژووی كۆنمان بۆ تێگەیشتنی ئێستامان و بنیاتنانی داهاتومان. بۆ پێشگرتنی قەتل و عام و ئاشتبوونەوەو ناسینەوەی خودی كوردیی و خودی ئینسانیمان ، پێویستمان بە خۆناسین و خواناسین و كێوناسیی و كوردناسیی و كوردستان ناسیی هەیە، پێویستمان بە تیۆری بووژانەوەی شارستانیی و زانستی ئایدۆلۆجیا هەیە تا خۆمان چەكدار بكەینەوە بەو بنەماو پرەنسیپانەی، كە لە كێوەكانی مەنزڵگای خوداوەندەكانەوە، لە دایكی نیشتیمانەوە وەرمانگرتووە، كە بە هۆیەوە سەردەمانێك كوردستان لانكەی شارستانیەت بووە، بۆ ئەوەی دوای خامۆشبوونێكی زۆر، بەئاگا بێینەوەو دووبارە مێژووێكی پرشنگدار لە هەزارەی سێیەمدا بنوسینەوە و شارستانیەتی خۆر بنیات بنێینەوە.

وتارەکانی نوسەر